گەشتەکەی ڕۆژدا دەندارا لە بەڕازیلەوە بۆ ڕۆژئاوا

ڕۆژدا دەندارا، شانۆکارو سەماکەری بالێ لە بەڕازیلەوە کۆچی کرد بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی لەناو شۆڕشی ژناندا خۆی بناسێت و زانستە هونەرییەکانی لەگەڵیان هاوبەش بکات، سەمایەکی جیاواز دەکات کە خزمەتی بواری هونەری دەکات.

 

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئیلهامی خۆی لە بیروبۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەرگرتووە، نەک تەنها کاریگەری لەسەر خەڵکی ئەو هەرێمە هەبوو، بەڵکو سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک کاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤێکی ئازاد لە هەموو بەشەکانی جیهاندا هەبوو، سەدان چەپی بیانی چوونە پاڵ بەتالیۆنی ئازادی نێودەوڵەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" لە ڕۆژئاوای کوردستان- باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕۆڵی گرنگیان لە دژایەتیکردنی داعش و داواکردنی پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بینی، بێگومان هەر لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا ئەمڕۆش چەندین دژە سەرمایەداری نێودەوڵەتی لە نەتەوە جیاوازەکانەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوا کردووە و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کار دەکەن، ڕۆژدا دەندارا، شانۆکارو سەماکەری بالێ خەڵکی سانپاولۆ لە بەرازیلەوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوت و بەهۆی خۆشەویستییەوە بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستی بە گەشتی گەڕان کرد، ڕۆژدا تێڕوانینی خۆی لە گەشتەکەی و خۆشەویستی بۆ خزمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە پێشەنگایەتی ژنان سەرکەوت، بڵاوکردەوە.

 

توێژینەوە لەسەر شۆڕش و خەباتی ژنان لەڕۆژئاوای کوردستان

ڕۆژدا دەندارا باسی لە هونەر و ناسینی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو شتانەی کرد کە سەرنجی ئەویان ڕاکێشاوە و دەستی بە قسەکانی کرد و وتی: "من سەماکەری بالێم و هاوکات سەمای دەربڕین و شانۆ دەکەم، کارەکەم لە نێوان ڕۆژئاوا و بەڕازیلدایە، لە ساڵی ٢٠١٧دا من توێژینەوەم لە ژنانی ڕووسی دەکرد کە لە جەنگی جیهانی دووەمدا شەڕیان دەکرد،  هاوڕێیەکم لەسەر پەرۆشی من بۆ ناسینی ژنانی ڕووسی پرسی و وتی: بۆچی توێژینەوە لەسەر ژنانی کورد ناکەیت؟ لەو کاتەدا، من هیچم دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوا نەدەزانی، لە گۆڤارێکدا سەبارەت بە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا و شەڕی هێزەکانی یەپەژە لە دژی داعش خوێندمەوە، ئەوەی زۆرترین سەرنجی ڕاکێشام دیموکراسی و فیدڕاڵیزم بوو لە ڕۆژئاوا، لەسەر ئەم بنەمایە دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە کوردستان بەگشتی و تێکۆشان لە ڕۆژئاوای کوردستان".

 

بڕیاری هاتنە ڕۆژئاواو لە نزیکەوە ناسین

ڕۆژدا دەندارا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بۆ ئەوەی سیستمی نەتەوەیی دیموکراتیک و تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بناسرێت، بڕیاری داوە بێتە ڕۆژئاوا و لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "لەسەر بنەمای ناسینی دیموکراسی، سیستمی خۆبەڕێوەبەریی، فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و خۆناسین و خۆپەروەردەکردن و خۆ ڕێکخستن لێکۆڵینەوەکەم فراوان کرد،  بەهۆی خۆشەویستی زۆرم بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، من و هاوڕێ شانۆکارەکەم ماوەی دوو ساڵ لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئەوە کردووە و پێکەوە لەسەر ئەم بابەتە سیناریۆی شانۆیەکمان نووسیوە و دروستمان کردووە، ئەنجامی ئەو شانۆیە و ڕەخنەی ئێستاشی باش بوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کۆڤید-19ەوە پێویست بوو بۆ ماوەیەک بوەستێنرێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانمان هێشتا بەردەوام بوو و من هێزم لە ژنانی ڕۆژئاوا وەردەگرت لەسەر ئەم بنەمایە بڕیارم دا بچمە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی لە شۆڕشی ژنان نزیکتر بمەوە و زیاتر لە خۆم تێبگەم".

 

 

"دروستکردنی سەما و شانۆیەکی جیاواز خزمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات"

ڕۆژدا دەندارا، تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی هاتنی بۆ ڕۆژئاوا و دروستکردنی سەما و شانۆییەک کە خزمەتی شۆڕش دەکات و لە بەردەوامیدا وتی: "ساڵێک لەمەوبەر هاتووم بۆ ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریدا کار بکەم من کار لەسەر شانۆ و سەمای فۆلکلۆری دەکەم بۆ دروستکردنی شانۆ بە زمانێکی جیاواز کە هەوڵ دەدەم لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان هاوبەشی بکەم و بیناسێنم، لە ڕاستیدا، من دەمەوێ سەمای فۆلکلۆری تێکەڵ بکەم لەگەڵ هاوچەرخ (مۆدێرن) ئێمە کاردەکەین بۆ دروستکردنی فۆلکلۆری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە ژیانمدا چەند کلتورێکی جیاوازم ناسیوە و لە سەمادا هەوڵ دەدەم تێکەڵەیەک لە نێوان ئەوان و کوردستان دروست بکەم، بێگومان ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ نزیکبوونەوە لەکولتووری وڵاتان".

 

"ئازادکردنی کولتوور لە دەسەڵات"

ڕۆژدا دەندارا ئاماژەی بەوەکرد کە کولتووری بەرازیلی لەلایەن دەسەڵات و سیستمی سەرمایەداری چەندین هێرشی کراوەتە سەر کە پێویستە ئازاد بکرێت، هەروەها بۆ خۆناساندن و خۆپێشخستن لەناو شۆڕشی ڕۆژاڤادا قسەیکردو وتی:  "کاتێک هاتمە ڕۆژئاوا، تێڕوانینم قوڵتر بوو، زۆر لە نزیکەوە دەمزانی و هەوڵم دا بۆ ئەوەی خۆم بناسم، پێویستە زیاتر فێربم، ئامانجم ئەوەیە کە کەسایەتییەکەم بناسم و پەرەی پێ بدەم و پاشان بگەڕێمەوە بۆ نیشتمانم، دەمەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا لەگەڵ خەڵکی ئەبیا یالا هاوبەش بکەم و بیناسینم، کولتووری بەڕازیلی ئێمە کاریگەری لەسەر جیهان هەبووە و زۆر هێرشی لەسەر کراوە لەسروشتی خۆی دوورخراوەتەوە، بۆیە دەمەوێت ئەو شتانە لەگەڵ خۆم بەرمە وڵاتەکەم کە لە کولتوورەوە فێربووم لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی شێوازی نوێی کارکردن پێکەوە، بۆ ئەوەی ببێت بە ڕێگایەک بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور، سیستەمی سەرمایەداری و فەرمانڕەوایی هەمیشە دەیەوێت خراپە و تاڵانی بکات، بەتایبەتی لەسەر کولتوورەکان".

 

ئەو کار و پڕۆژانەی ڕۆژدا دەندارا کە لە ڕۆژئاوا جێی خۆی گرتووە

ڕۆژدا دەندارا، کە بەشداری کار و پڕۆژەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، وتیشی: "چەند تایبەتمەندی و شێوازی شانۆگەرییەکی نزیک لەشانۆی بەرازیل هەیە بەتایبەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی شانۆی جێگرەوە بەیەکەوە و زۆر لەیەک نزیک بوومەوە، بێگومان خواستمان لەدروستکردنی شانۆیەکی دوور لەسیستمەکانە، لەهەمان کاتدا جیاوازی هەیە لەنێوان کولتوورەکەماندا کە دەمەوێت هەموومان بیناسین، بێگومان کولتووری کوردی دەوڵەمەندە و لەسەر ئەم بنەمایە پڕۆژەی سەرکەوتوو دروست دەبێت، من سەمام فێری ئەو ژنە گەنجانە کرد کە لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریدا جێگەی خۆیان دەگرنەوە، هەروەها من لە یانەی "داستانی پەکەکە" دا بەشداریم کرد، کە سەمای دەربڕینم دروست کرد، لەوانەیە هەندێک زەحمەتی هەبووبێت چونکە ئەو شێوازەی کە سەمام لەگەڵ دەکردن نوێ بوو، جیاواز بوو، بۆیە من پێویستم بە پەروەردەکردنی ژنانی گەنج بوو، هەروەها لەشانۆی ئەڤدال زەینک بەشداریم کرد لەگەڵ ژمارەیەک پڕۆژەی تری یانە موزیکییەکان و سەمای هاوچەرخ و سەمای میللی و هتد".

 

"ئەزموونێکی دەوڵەمەندە کە هەموو کەسێک پێویستە بیزانێت"

ڕۆژدا دەندارا ئاماژەی بەوەدا کە ئەزموونی لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر دەوڵەمەندە و پێویستە هەموو کەسێک ئەم شۆڕشە بزانێت و باسی لەوە کرد کە چەندین پڕۆژەی جیاوازی هەیە بۆ داهاتوو و لە کۆتاییشدا وتی: "هەموو ڕۆژێک خۆشحاڵم کە لە ڕۆژئاوای کوردستانم و لە نزیکەوە ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، تێکۆشانێکی گەورەیان بەرپاکردووە، ئەوان بە زەحمەت کار دەکەن بۆ بنبڕکردنی وشیاری ڕەگەزگەرایی و پیاوسالاری و ئەمەش تەنیا بیردۆزێکی پراکتیکی نییە کە لە سەر زەوی دەبینرێت، ئومێدی من ئەوەیە کە نەک تەنیا خەڵکی بەڕازیل ئەم خەباتە بناسنەوە، پێویستە هەمووان شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بناسن، لە ڕۆژئاوای کوردستان هەستم بە خۆشەویستی ڕاستەقینە و ڕێبازە بەهادارەکان کرد و خەباتی ژنان ڕێچکەیەکی پڕ مانا و بەنرخی لە ناخمدا دروستکرد، بەتایبەتی پێشکەوتنی زانستی ژنۆلۆژی ژنان".