خوێندنی ناوەختی کەڵەشێر، پاراستنە لە هێرشی داگیرکار

مێژووی سەرنەبڕینی کەڵەشێر لە شارۆچکەی ماوەت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر شارۆچکە و لەو کاتەوە کەڵەشێر بووەتە سیمبولی زیرەکی و لێهاتووی و لەلایەن بە تەمەنەکانی ناوچەکەوە سەربڕین و خواردنیان لە خۆیان و نەوەکانیان قەدەغە کردووە.

مێژووی سەرنەبڕینی کەڵەشێر لە شارۆچکەی ماوەت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر شارۆچکە و لەو کاتەوە کەڵەشێر بووەتە سیمبولی زیرەکی و لێهاتووی و لەلایەن بە تەمەنەکانی ناوچەکەوە سەربڕین و خواردنیان لە خۆیان و نەوەکانیان قەدەغە کردووە.

 

بێریڤان کەمال

سلێمانی- شارۆچکەی ماوەت یەکێکە لە شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی لە باشوری کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٠دا، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارۆچکەیە ٨ هەزار و ٨٩١ کەس بووە، لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری شارباژێڕی سەختەوە بە دووری ٥٥کم لە باکووری ڕۆژھەلاتی شاری سلێمانیەوە، ھاوکات درێژ دەبێتەوە تا سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

لەگەڵ چوونە ناو شارۆچکەی ماوەت بە بینینی وێنەیەکی گەورەی کەڵەشێر لە ناوەندی شارۆچکەکە دەستپێدەکات، کە وەک سیمبولێک لێی دەڕوانرێت و هەست بە تایبەتمەندبوونی لەو شارۆچکەیەدا دەکرێت.

 

تا ساڵانێک پێش ئێستا لەو شارۆچکەیەدا کەڵەشێر سەرنەدەبڕدرا، چونکە وەک باڵندەیەکی زیرەک و پیرۆز سەیریان کردووە، خەڵكی بە تەمەنی شارۆچکەکە بۆ نەوەکانیان باسیان لە هۆکار و مێژووی پیرۆزبوونی کەڵەشێر لەو شارۆچکەیەدا کردووە و دەماودەم گێڕاویانەتەوە.

 

بە تەمەنەکانی شارۆچکەی ماوەت بەم شێوەیە ئەو مێژووەیان گێڕاوەتەوە بۆ نەوەکانیان

کوردستان بەدرێژای مێژوو ڕووبەڕووی هێرش و داگیرکاری بووەتەوە، شارۆچکەی ماوەت لە دامێنی شاخدا بوو، کاتێک لە سەردەمی مەغۆلەکاندا سوپایەکی گەورەیان دێنە ناوچەکە تا هێرش بکەن، خەڵکی گوندەکان دەچنە لایان تا نییەتیان بزانرێت، بەڵام سوپاکە پێیان دەڵێن کە ئەوان تەنها بە کاری تایبەتی خۆیان هاتوون.

 

پاش چەند رۆژێک لە درەنگانێکی شەودا کەڵەشێری ناو ماڵەکانی گوندەکان دەچنە سەربانەکان و دەست بە دەخوێندن دەکەن و دەفڕن بەرەو سەر شاخەکە، پاشان خەڵکی گوندەکان هەموویان دێنە دەرەوە تاوەکو بزانن ئەم کەڵەشێرانە بۆچی بەم کاتە دەخوێنن و دەفڕن.

 

بەشێک لە خەڵکەکە پێیان وایە کەڵەشێرەکان گورگ و رێویان بینیوە و ترساون، بەشێکی دیکەشیان پێیان وایە کە ئەوە حاڵەتێکی نامۆیە و هۆکارێکی هەیە بۆیە بە باشی دەزانن دوای کەڵەشێرەکان بکەون و بەرەو شاخەکە بڕۆن.

 

پاشان هەر ئەو شەوە درەنگانێک سووپاکە هێرش دەکاتە سەر گوندەکان و وێرانی دەکات، خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن لەوانەی لە گوندەکە ماونەتەوە و شوێن کەڵەشێرەکان نەکەوتوون، لادێکەش دەسوتێن و تاڵانێکی زۆر دەکەن، پاش ئەوەی سوپاکە دەگەڕێتەوە بۆ بەیانییەکەی کە رۆژ دەبێتەوە خەڵکی گوندەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی هێرش بکەن سەر سوپاکە و تێکی دەشکێنن، دیلێکی زۆریان لێ دەگرن و دەریان دەکەن.


پاش ئەو ڕووداوە گەورانی گوند دەڵێت،" ئەولادێ ئەولادم گۆشتی کەڵەشێری پێ حەرام بێت ئەگەر سەری ببڕێت"، واتە لەو کاتەوە سەربڕین و خواردنی گۆشتی کەڵەشێریان لەسەر خۆیان و نەوەکانی دوای خۆیان قەدەغە کردووە، چونکە وابیریان کردووەتەوە کەڵەشێرەکان بە خوێندنی ناوەخت ئاگاداری کردوونەتەوە لە هێرشی سوپای داگیرکەران بۆ ناو گوندەکە، کەڵەشێریان وەک سیمبولی زیرەکی و لێهاتووی لەناو شارۆچکەی ماوەتدا سەیرکردووە.

 

ت.پ