خواست لەسەر کەلوپەلی کەلەپوری زیادی کردووە

ژنان زیاتر ڕوویان لە بەکارهێنانی کەلوپەلی کەلەپوری کردووەتەوە بۆ ڕازاندنەوەی خۆیان و خانووەکانیان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەورامان- ماوەی چەند ساڵێکە ژنان ڕوویان لە بەکارهێنانی کەلوپەل و بابەتی کەلەپوری و کلاسیک کردووە بۆ ڕازاندنەوی خۆیان و دیزاینکردنی ناو ماڵەکانیان، هەورامانیش یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکان و زۆرترین بابەتی کەلەپوری تێدا نمایش دەکرێت بۆ گەشتیاران.

  

میهراکۆ ئەنوەر گەشتیارێکە و ڕووی لە دوکانە کەلەپورییەکانی هەورامان کردووە بۆ بەدەستهێنانی کەلوپەلی کەلەپوری، وتی: ئەو بابەتانەی کە ئێستا هاتوونەتە ناو بازاڕ پێشتر نەبوون یاخود دەستکردن بوون، بەڵام ئیستا کەلوپەلی دێرین هاتووەتە بازاڕ و کاری دەستی خۆمانن، میهراکۆ کە ژنێکی گەنجە و خواستی لەسەر جلوبەرگی کۆنی کوردی هەیە ئاماژەی بەوەدا کە سەر و پێچکەی دایکی بەکار دەهێنێت و حەزی لە پارچەی کوردی کۆن هەیە.

 

ئەو گەشتیارە وتیشی: ئەو دیزاینانەی کە هەیە و بەکاری دەهێنین سود لە دیزاینە کۆنەکان دەبینین بۆ ڕازاندنەوە، چونکە ئێستا بەهۆی تەکنەلۆژیاوە خەڵک هیچی لەبەردەست نییە و سود لە دیزاینی کۆن دەبینین.

 

لە کۆندا هەر ئەو کەلوپەلانە بەکار هاتوون

نەجیبە کمال گەشتیارێکی دیکەیە و ڕووی لە دوکانە کەلەپورییەکان کردووە، باسی لەوەکرد بەرهەمە کۆنەکان شتێکی سەرنجڕاکێش و جوانن، تازە سەریان هەڵداوەتەوە، هەرچەندە زۆر بەکاریان ناهێنم بەڵام کاتێک دێینە هەورامان هەوڵەدەم شتێکی کەلەپوری لەگەڵ خۆم ببەمەوە بۆ یادگاری، ئاماژەی بەوەشدا نەوەی نوێ ئەو کەرەستە کەلەپورییانەیان بەکارنەهێناوە، بەڵام لە کۆندا زۆر بەکارهاتووە و کەرەستەی ڕۆژانەیان بووە.

 

حەزم بە مۆدێرنه تا کلاسیک بەڵام تێکەڵ کردنیشیان جوانە

بوشرا عێزەت بە گەشتێک هاتووەتە هەورامان و بەناو دوکانە کەلەپورییەکاندا دەگەڕێت، بوشرا ئاماژەی بەوەدا زیاتر حەز بە بەرهەمە مۆدێرنەکان دەکات وەک لە کلاسیک، وتیشی: ئەم بابەتانە جوانن چەند ساڵێکە ئەم مۆدێلە کلاسیکانە گەڕاونەتەوە و ژنان زیاتر گرنگی پێدەدەن، بە جۆرێک مۆدێرن و کلاسیک تێکەڵ دەکرێت و شتێکی جوانی لێدەردەچێت.

 

بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک بناسرێت پێویستە زیاتر گرنگی بە کەلەپورەکەی بدرێت، ئێستاش هاوڵاتیان زیاتر هۆشیار بوونەتەوە و ڕوویان لە زیندووکردنەوەی بابەتی کلاسیکی کردووە، هەم لە جلوبەرگ هەم لە دیزاینی ناوماڵدا.

 

ت.پ