خۆری لەیزین بەرەو ئاوابوون دەچێت کەچی خەمخۆرێکیان نییە

تاکە گروپی سەمای بالێ پاش ئەزموونێکی ١١ ساڵەی بەهۆی پاڵپشتی نەکردنەوە خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت، ئەمەش ناوی "پاتیەختی ڕۆشنبیری و هونەری" سلێمانی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- لەیزین پاش ١١ساڵ و پێگەیاندنی چەندین خوێندکار و ناساندی سەمای بالێ، ئێستا بەهۆی هاوکاری نەکردنییەوە خۆری گروپەکە بەرەو ئاوابوون دەچێت.

 

"لەیزین" بە شێوەزاری بادینی واتە سەما، لە ئێستادا خاوەنی نزیکەی ٤٥ قوتابییە، لەلایەن ڕووبار ئەحمەد، ئەکتەر و شانۆکار، سەرپەرشتی دەکرێت، منداڵەکان تەمەنیان لەنێوان سێ بۆ ١٣ ساڵیدایە، پێشتر قوتابی لە ئاستەکانی دیکەدا هەبووە، بەڵام ئێستا تەنها ئەم گروپەی ماوە، هەفتانە چەند ڕۆژێک مەشق دەکەن.

 

ئەگەرچی ئەم گروپە بووەتە ئومێدی بەدیهاتنی خەونی ئەو منداڵانەی خولیای سەمای بالێن، بەڵام وەک ڕووبار ئەحمەد باسی دەکات هیچ هاوکارییەک ناکرێن، تەنانەت پاش لە زیاتر لە ٣٠ ساڵ خزمەت و کارکردن وەک مامۆستایەک لەو بوارەدا هێشتا خودی سەمای بالێ لەلای کۆمەڵگای کوردی پەسەند نەکراوە.

 

بەهۆی قسەی کۆمەڵگاوە قوتابخانەی سەماکەی داخستووە

گروپەکە تا ئێستا ١١ جار داخراوە و کراوەتەوە، پاڵپشتی نەکردن و هاوکاری نەکردن بووەتە کۆسپێکی دیکە بۆ ڕووبار، چونکە پێشتر قوتابخانەیەکی سەمای کردووەتەوە بەهۆی قسەی کۆمەڵگاوە بە زۆر پێی داخراوە.

 

ڕووبار ئەحمەد، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی زۆر زیانی لێداون، دوای ئەو نازناوە بۆ دواوە دەچنەوە و وێرانی کردوون، هێشتا کۆنترین هونەری جیهانی کە سەمای بالێیە پەسەند نەکراوە.

ئێستا ئیتر ڕوبار ماندووبووە، جارێکی دیکە بەهۆی پاڵپشتی نەکردنەوە خەریکی تەمەنی گروپەکە کۆتایی دێت، کەمتر لە مانگێکی ماوە، وەک دەڵێت "دەیانەوێت دایبخەن، کەس هاوکاریم ناکات".

ئانۆ ئالان، تەمەن ١١ ساڵە، ماوەی دوو ساڵە لە گروپی لەیزینە، ئەو سەمای بالێ بە هونەرێکی جوان و جیاواز دەبینێت، نایەوێت گروپەکە دابخرێت، "داوا دەکەم کەسانێک بێن و هاوکاریمان بکەن، حەز ناکەم ئێرە داخرێت".

کەتان پشکۆ تەمەن ١٠ ساڵ، ماوەی نزیکی ساڵێکە دێت بۆ گروپی لەیزین و سەمای بالێ دەخوێنێت، ئەو زۆر حەزی لە سەماکەیە و دەخوازێت کاتێک چالاکییەک دەکەن خەڵکێکی زۆر بێن بۆ سەیریان، دەڵێت "زۆر حەزم لێرەیە، هیوام بووە بەشێک بم لە سەمای بالێ، حەز ئەکەم لەگەڵ هاوڕێکانمان سەما بکەین، خەڵک سەیرمان بکەن، ئێمە هیلاک دەبین و هێزی خۆمان بەکاردەهێنین". 

هەموو منداڵەکان دەیانەوێت بەردەوام بن، بەڵام لە نەبوونی پاڵپشتی داراییدا، ئیتر گروپەکە بەرەو ڕۆژانی کۆتایی دەچێت، ئەگەریش هاوکاری نەکرێن، خۆری تاکە گروپی سەمای پایتەختی ڕۆشنبیری و هونەری ئاوا دەبێت.

 

ت.پ