"ماڵی ژنان شوێنێکە بۆ پەرەپێدانی هونەر و پەروەردە"

هوەیدا محەمەد، جێگری سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە دەڵێت: ژنان زیاتر زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو قەیران و شەڕەی کە ڕوودەدات، لەبەرئەوە پێویستیان بە دروستکردنی پەناگە هەیە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- لەژێر ناوی ئایین، هۆز، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، جەنگەکان، ئاژاوە و قەیرانەکان لە جیهاندا لەلایەن سیستمە سەرمایەدارییەکانەوە، ژنان دەکرێنە ئامانج، کێشەی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کێشەیەکی جیهانییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکخراوەکانی ژنان، بزووتنەوەکان و دامەزراوەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پلانیان داناوە بۆ پاراستنی ئەو ژنانە، لە ساڵی ٢٠١٥ دا، لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ٥ ماڵی پاراستنی کاتی و درێژخایەن بۆ ژنان دامەزراون.

 

سەبارەت بەم بابەتە هوەیدا محەمەد، جێگری سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جزیرە، قسەی بۆ کردین.

 

هوەیدا محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشەکاندا، چەندین قەیران و کێشە سەرهەڵدەدەن و وتی: هەر ڕووداوێک ڕووبدات ئەوەی سەرەتا زیانی بەردەکەوێت ژنە، چونکە بەشی گەورەی توندوتیژی و کێشە و قەیرانەکان لەلایەن ژنانەوە وەردەگیرێت، کوشتن لەژێر ناوی "شەرەف"ەوە بۆ هەراسانکردن، هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوو و فرە هاوسەرگیریدا، بۆیە پێویست بوو لە ساڵی ٢٠١٥دا ماڵی پاراستنی ژنان دروست بکەن، لەبەرئەوەی ئەم کێشانە، پێویستیان بە کاتێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی، لە هەمان کاتدا، ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە پێویستە لە شوێنێک بمێننەوە تا ئەو کاتەی کەیسەکەیان چارەسەر دەکرێت.

 

بەپێی کات و پرۆسەی چارەسەرکردنی کەیسەکان، دروستکردنی ماڵی کاتی و درێژخایەن

هوەیدا محەمەد، سیستم و دروستکردنی هەر ٥ ماڵەکەی بەبیرهێنایەوە و وتی: ماڵێک هەمیشەییە، دوو ماڵ کاتییە و دوو خاڵی ٢٤ کاتژمێری لە شوێنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دانراوە، ئەم ماڵانە بۆ پاراستنی ئەو ژنانە دروستکراوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتن دەبنەوە لەناو خێزانەکەدا،  سیستمی ماڵەکان لە سێ ئاستدایە و بەپێی کێشە و حاڵەتەکانی ژنان، مانەوەیان کورت و درێژخایەنە، هەر لایەنێک ئەرکی خۆی هەیە، ئێمە ئەرکەکانمان وەک ماڵی پاراستن جێبەجێ دەکەین، بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان هەن کە مامەڵە لەگەڵ کێشەکە و ڕێگاکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنیان، کاتێک کەیسەکەی چارەسەر دەکرێت، دەتوانین دووبارە ئەو ژنە بخەینە ناو خێزانەکەی، هەندێک لە کەیسەکان بۆ چەندین ساڵ بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی چارەسەر دەکرێن و تا ئەو کاتە ئەو ژنانە لەژێر پاراستن و ئاسایشی ئێمەدا دەمێننەوە.

 

"تەنها ماڵی پاراستن نییەو پەروەردە وەردەگرن"

هوەیدا محەمەد ڕایگەیاند کە ماڵەکانی پاراستن تەنها بۆ پاراستن نین و وتی: ئامانجی یەکەم پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی و کوشتن، ئەوی دیکەیان ئەوەیە کە دووبارە پەروەردە دەکرێن تا بتوانن شیکردنەوەی ئەو کێشانە بکەن کە تێیدا دەژین و زاڵبن بەسەر هەندێک ڕووداودا، ئامانج لە دروستکردنی ژنێکی تێگەیشتووە، لەناو ماڵەکەدا سیستمی پەروەردە جێگیر دەکرێت، هەموو کاتژمێرێک کار هەیە، دوای نانی بەیانی، وەرزش دەکەن و مامۆستایانی زمانی کوردی و عەرەبی بۆ ئەو ژنانە تەرخان دەکرێن کە نازانن بخوێننەوە و بنووسن، چالاکییەکانی پاڵپشتی دەروونی و کاتبەسەربردن هەن، کاتژمێرێک تەرخان دەکرێت بۆ خوێندنەوەی پەرتووک، هەروەها ڕاهێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی هونەری پیشەیی دابین دەکرێت، ئامانجی ئێمە پەروەردەی ئایدۆلۆژییە و پەرەپێدانی هونەری پیشەییە، نەک ئەوەی ماڵەکانی پاراستن زیندانێکی تربێت بۆ ژنان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ژنان لە ماڵەکانی پاراستندا بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە بە شێوازێکی نوێ.

 

دوای ڕادەستکردن، تاوانێکی کوشتن ڕوویدا

هوەیدا محەمەد لەبارەی کوشتنی ژنێک لە دربەسپی وتی: مانگێک لەمەوبەر، کەیسی ژنێک لە ناوچەی دربەسپی کانتۆنی حەسەکە گەیشتە ماڵی ژنان و ئێمە لە ماڵی پاراستنی کاتیدا داماننا بۆ پاراستنی. ئێمە تەنها بۆ پاراستن نین، بەڵکو لیژنەی ئاشتەوایی، ماڵی ژنان، کۆنگرەی ستارو ڕێکخراوی سارا پەیوەندی و پەیوەندییان دامەزراندووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، خێزان و هۆزەکە بە بیانووی چاودێری منداڵەکانی داوای کچەکەیان کردەوە، دوای وەرگرتنی بەڵێن کە دەستدرێژی نەکەنە سەر ژنەکەو بە ڕەزامەندی ژنەکە خۆی ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە، بەڵام بەداخەوە، دوای ئەوەی ژنەکە ڕادەست کرا، دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن ئەو پیاوەوە کوژرا کە پێشتر هاوسەرگیریی لەگەل کردبوو، ئەمە ڕووداوێکی گەورە بوو و ئێمە خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە کوشتنی ئەو ژنە.

 

پلان بۆ پێکهێنانی کۆمیتەی چاودێری

هوەیدا محەمەد لەبارەی ئەو ڕێوشوێنانەی دوای کوشتنی ژنەکە گیراونەتەبەر وتی : بۆ ئەوەی ڕووداوێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، ئێمە بڕیارێکی لەو شێوەیەمان داوە کە هیچ ژنێک نادەینەوە خێزان هەتا ئەو کاتەی دڵنیا ١٠٠% دڵنیا ەبین، ئەگەر ئێمە بزانین کە مەترسی ١% هەیە بۆ سەر ژیانی ژنان، ئەوا تا کۆتایی لای خۆمان دەیهێڵینەوەو نایدەین بە خێزانەکەی، لیژنەیەکی چاودێری لە ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەکانی ژنان پێکهێنرا بۆ چاودێریکردنی ئەو حاڵەتانە. کاتێک لیژنەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە مەترسی نییە، ئەوا ژنان ڕادەستی خێزانەکانیان دەکەین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەوڵدەدەین پلانی ستراتیژیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین توندوتیژی سەر ژنان کەم بکەینەوەو میکانیزمەکانی چارەسەر فراوانتر بکەین.