خۆبوون، گوزارشتێک لە بوون و ئازاری ژن

لە پێشەنگایەکی هونەریدا بوون، ئازار، ژیانی ژن لە کۆمەڵگەدا نمایشکرا، یەکێک لە شێوەکارەکان، کە کارەکەی بەناوی پەشیمان نیم بوو وتی: پەیامی من پەشیمان نەبوونمە لە ژن بوون و ژیانم.

لە پێشەنگایەکی هونەریدا بوون، ئازار، ژیانی ژن لە کۆمەڵگەدا نمایشکرا، یەکێک لە شێوەکارەکان، کە کارەکەی بەناوی پەشیمان نیم بوو وتی: پەیامی من پەشیمان نەبوونمە لە ژن بوون و ژیانم.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەلەری کەریم چاوشین لە شاری سلێمانی، پێشەنگایەکی هونەری بە ناوی خۆبوون بۆ گوزارشت لە بوون و ئازارەکانی ژنان لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا ٧ کاری هونەری لەلایەن هونەرمەندان سارا، زەهرا، ڕۆژگار، ساکار، ژولیا، هاژە و نیگا نمایشکران، کە هەریەکەیان واتای گەڕان بەدوای خودی ژن، خەتەنە کردن، گوشاری کۆمەڵگە، ڕێگرییەکانی خێزان و پەیوەندی ژن بە بوون و ژیانی دەدا.

 

"هونەرمەند و کۆمەڵگە لە یەکتر دابڕێنراون"

خەندە حەمید، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخەری پێشەنگاکە، دەربارەی گرنگی پێشەنگای هاوشێوەی خۆبوون وتی: کۆنسێپتی خۆبوون گرنگ بوو چونکە باس لەوەدەکات ژن و کۆمەڵگە چۆن خۆدی راستەقینەی خۆی بێت، سەرمایەداری هونەرمەند و کۆمەڵگەی لە یەکتر دابڕیوە، ئێمە لە ڕێگەی گەلەرییەکەوە کە خۆی ماڵە و خاوەنی مێژوویەکە بە کارە هونەرییەکانمان هونەر دەگەڕێنینەوە بۆ کۆمەڵگا.

 

خەندە باس لەوەدەکات کە کارە هونەرییەکان نزیکە لە خۆبوونەوە چونکە باس لە بەرکەوتنی خۆیان وەک ژنێک لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکات، "دەمانەوێت هونەرێکی جێگرەوە نیشان بدەین، ئەوەی هەیە هەمیشە ژن وەک قوربانی نیشان دەدات، ئێمە ویستومانە لەو قاڵبە دەربچین و لەژێر چەتری خۆبووندا پەیام بدەین".

 

ساکار فاروق، ئەکێکە لەو هونەرمەندانەی بە کاری "بوون" بەشداری کردووە، کارە هونەرییەکەی پێکدێت لە وێڵاشێکی زیندووی دایک و کۆرپەیەک کە ژیانی دوو کەس پێکەوە دەبەستێتەوە و واتای بوون دەدات، ساکار دەربارەی خۆبوون دەڵێت بیرمان کردەوە کە ئەو گفتوگۆیانەی دەیکەین بیکەین بە کارێک تا ببینرێت.

 

ئەو هونەرمەندە بۆچوونی هاوڵاتیان دەکات بە دوو بەشەوە، دەڵێت: هەندێک لەو کەسانە بەشێکی زۆر زیندوو دەبینن، ژیانی تێدا دەبینن و واتای بوون دەدات و چیرۆکێکی ژیانە، ئەمە زیاتر ژنان تێیدەگەن و پیاوان بە شێوازێکی دیکە لێی دەڕوانن" لە کۆتایدا ساکار ئاماژەی بەوەدا کە بە کارە هونەرییەکەی ویستویەتی "ئەو شتەی کە نابینرێت، ببینرێت".

 

زەهرا دۆغان، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، بە دوو کاری هونەری بەشداری پێشەنگای خۆبوون بووە، بە ناوەکانی "زەمەنی لەکەدار" و من زەهرام پەشیمان نیم" کە هەردوو کارەکەشی لە زینداندا لە باکوری کوردستان دروستکردووە، زەهرا باس لە سوڕی مانگانەی ژنان دەکات، کە هەمیشە وەک عەیبەیەک بۆ ژن بەکارهاتووە تا بێدەنگ بکرێت و لەناو چوارچێوەیەکی تەنگدا بهێڵدرێتەوە.

 

زەهرا دەڵێت: کاتێک کارە هونەرییەکانم دەکرد، لە زینداندا پێداویستیان نەدەدا پێم، هەمیشە دایکم و خوشکەکەم بە شاراوەیی کەلوپەلیان بۆ دەهێنام، بۆیە منیش بەشێک لە کارەکانم بە قژی خۆم یاخود بە خوێنی سوڕی مانگانەکەم کردووە".

 

یەکێک لە کارەکانی زەهرا، کە بە قژی خۆی کردوویەتی، لێی نوسراوە "من زەهرام، پەشیمان نیم"، تێیدا ئامانجییەتی کە تەواوی هەبوون و ژنێتی خۆی قبوڵ بکات و پەشیمان نەبێت، وتیشی: ئەوە تەنها بۆچوونی سیاسیم نییە، وەک ژنێک خۆمم قبوڵە، سیستم و دەسەڵات هەمیشە وادەکەن وەک ژنێک پەشیمان بین، کاتێک شەوان درەنگ بچینە ماڵ و دەستدرێژی بکرێتە سەرمان ئێمە تاوانبارین نەک پیاوەکە، هەر شتێک ببێت ئێمە تاوانبار دەکرێین و پێویستە پەشیمان بین، بەو جۆرە ئێمە بێدەنگ دەکەن، بۆیە لە زیندانیش هەم وەک ژن و وەک بۆچوونی سیاسیش پەشیمانت دەکەنەوە".

 

ئەو هونەرمەندە بەکارهێنانی خوێنی سوڕی مانگانە و پەشیمان نەبوونی لە ژنێتی و بۆچوونەکانی دەڵێت: ویستم بەو خوێنەی وەک نەعلەت دەبینرێت، وەک زەهرا و ژنێک بڵێم کە پەشیمان نیم لە هەبوونم.

 

پێشەنگای هونەری خۆبوون، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ی مانگ،  لە گەلەری کەریم چاوشین لە شاری سلێمانی کرایەوە و بڕیارە تاوەکو ١٨ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

 

ت.پ