خاڵەکانی دەستی بەهار کلتوری کۆن دەردەخات

بەهار ساڵح لە تەمەنێکی کەمدا خاڵی کوتیوە و دەڵێت: ژنانی گەنج پێیان نامۆیە و وەک شتێکی کۆن پرسیارم لێدەکەن و سەرگوزەشتەی خاڵکوتینیان بۆ دەگێڕمەوە.

بەهار ساڵح لە تەمەنێکی کەمدا خاڵی کوتیوە و دەڵێت: ژنانی گەنج پێیان نامۆیە و وەک شتێکی کۆن پرسیارم لێدەکەن و سەرگوزەشتەی خاڵکوتینیان بۆ دەگێڕمەوە.

 

ئاسودە محەمەد

شارەزوور- خاڵ کوتین یەکێکە لە نەریتە کۆنەکان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو ژناندا باو بووە و گرنگی زۆری پێدراوە وەک جوانکاریەکی ئەو سەردەمە و بووەتە مۆرکێک کە ژنانی کوردیش کوتیویانە، لە ئێستاشدا وەک شتێکی جوانی کوردەواری ماوەتەوە.

 

بەهار ساڵح ژنێکی تەمەن ٥٣ ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، لە تەمەنی گەنجیدا وەک زۆربەی ژنان و بۆ جوانی خاڵی کوتیوە و تا ئێستا بە دەستەکانیەوە ماوەتەوە، دەڵێت: خاڵ کوتین لەلامان زۆر جوان بوو، هەمووان خاڵیان دەکووتی بە شێوەی مانگ و ئەستێرە و چەندانی دیکە، یاخود بازنیان لەسەر گەردن و ڕوومەت و قاچ دەکرد".

 

بەهار ساڵح دەڵێت هەرکەسێک کچی هەبووایە شیری دایکەکەی لەگەڵ ڕەشی چرا تێکەڵ دەکرێت و بە دەرزی لەسەر پێست دەکوترا، کوتینەکە تێکەڵ بە خوێن دەبوو بۆ ڕۆژی دواتر جوانییەکەی دەردەکەوت، دەشڵێت: لەو کاتەدا پێمان جوان بوو، بەڵام ئێستا خەڵک هەیە لایدەبات".

 

خاڵ بە چەند شێوازێکی زۆر دەکوترێت وەک مانگ و ئەستێرە، بازنە و خاڵ و چەندین نووسین و ناوی کەسێکی دیاریکراو، خاڵەکان بە ڕەشی چرا یاخود شیر و ئاگر دەکوترێت، تێکەڵ بە خوێن دەبێت و لابردنی قورسە و مانەوەی هەمیشەییە، هەندێک کاتیش بە لێزەر لادەبرێت.

 

خاڵ کە ڕەمزی جوانی بووە لە کۆندا و لە ئێستادا بەرەونەمان دەچێت بەڵام وەک بەشێکی کلتوری کۆنی کوردان سەیر دەکرێت.

 

ت.پ