"کات کاتی پاراستنی ژن و کۆمەڵگایە"

بە نزیکبوونەوە لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک یەکەمین چالاکی خۆی لە باخی گشتی شاری سلێمانی ئەنجامدا و وێنەی ئەو ژنانەی نمایشکرد کە کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

بە نزیکبوونەوە لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک یەکەمین چالاکی خۆی لە باخی گشتی شاری سلێمانی ئەنجامدا و وێنەی ئەو ژنانەی نمایشکرد کە کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخی گشتی شاری سلێمانی، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک پێشەنگایەکی فۆتۆی بۆ بیرهێنانەوەی ئەو ژنانەی کوژراو یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، کردەوە، ئەم چالاکیەشیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانە.

 

لە پێشەنگاکەدا وێنەی ئەو ژنانە نمایشکرا کە لەژێر ناوی شەرەف لەمساڵدا کوژرابوون،

سۆما فەرهاد، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، بەیاننامەی ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: زهنیەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، توندوتیژییە بۆسەر تەواوی کۆمەڵگە چونکە ژن چینی هەرە گرنگ و کاریگەری ناو کۆمەڵگە و ژیانە، هەتا ئێستا پرسی ژنان دەستنیشان نەکراوە لەلایەن سیستمەوە بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدەن بە توندوتیژییەکان، هەمیشە دەوترێت توندوتیژی سروشتی پیاوانە و دەبێت ژنان نەرم و خۆراگر بێت و کوشتن و لێدان قبوڵ بکات چونکە ژن ناموسە.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا باس لەوەدەکات کە لەژێر ناوی ناموس و موڵکداریدا ژنان ستەمیان لێدەکرێت و دەکوژرێن، وەک کاڵا و موڵک تەماشا دەکرێن و نکوڵی لە هێزی ژن دەکرێت، "لە هەموو بارودۆخێکدا، لە جەنگ و داگیرکارییەکاندا ژن قوربانی سەرەکییە، تەواوی کۆمەڵکوژییەکان ژنان کرانە ئامانج، بۆیە پێویستە ئێمەی ژنان و ڕێکخراوەکان بە بەرپرسیارانەوە کار لەسەر دۆخی ژنان بکەین، هەموو ڕۆژێک تێکۆشان بکەین و ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببینەوە.

 

ژینۆ رەشید، ئەندامی ڕێکخراوی ڕژاک پارچە شیعرێکی لەسەر ئازارەکانی ژن و شەهلا گەرمیانی، نووسەر، چیرۆکی قوربانیدانی ژنێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

 

"ژنان لەژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن"

مامۆستا سەرگوڵ، خەڵکی شاری سلێمانییە، دەربارەی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف بۆ نوژنها دوا و وتی: ژنان بە ڕێژەیەکی زۆر لەژێر ناو شەرەف دەکوژرێن، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان و لایەنی پەیوەندیدار تەنها لە ڕۆژی ٢٤ی نۆڤەمبەر بە ڕووی توندوتیژی نەوەستنەوە، بەڵکو لە هەموو بارودۆخێک و ڕووداوێکدا هەوڵی جدی بدەن بۆ بە سزاگەیاندنی بکوژان، تا ببێتە هۆکارێک بۆ کەمبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان".

 

"تێکۆشان و یەکڕیزی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستە"

دایکی پەرچەم، چالاکوان و ئەندامی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە کێشە و پرسەکانی ژنان زۆرن و یەک لەیەک کارەساتبارترن، وتیشی: "هەرچەندە تێکۆشان بکەین، یەکڕیز و یەکدەنگ بین بەرامبەر پرسەکانی ژنان هێشتا کەمە، کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان زۆرە و جیاواز لە ساڵانی دیکە، ئەمساڵ کوشتن و خۆکوشتن زۆرن، دایک و منداڵ پێکەوە دەسووتێنرێن، ژن دەکوژرێت و ناچار بە خۆکوشتن دەکرێت، ئەمەش زیانە بۆ کۆمەڵگە، بۆیە یەکڕیزی و کۆدەنگی ئێمە گرنگە".

لە کۆتایی چالاکییەکەدا شانۆییەک تایبەت بە ئازارەکانی ژنان لەلایەن ئاوارە کەرکوکی، ئەکتەر و شانۆکار، پێشکەشکرا کە باس لە زیندەبەچاڵکردنی ژنێک دەکات لەلایەن باوکییە لە ماڵەکەی خۆیاندا و بێ ئەوەی کەس ئاگادار بێت، پەیامی شانۆییەکە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو کە لەلایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە دەکوژرێن.

 

ت.پ