کارەکانی ماڵەوە دووبارەن بۆیە گرنگە کارێک بکەین بۆ ئاسودەیی دەرونمان

ژنێکی گەنجی دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی دەرمانسازیی، دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە و لە منداڵییەوە خولیای کاری چنینی ئەتەمینی هەیە، چەندین تابلۆی جوانی کێشاوە و ماڵەکەی بە کارە هونەرییەکانی خۆی ڕازاندووەتەوە.

ژنێکی گەنجی دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەشی دەرمانسازیی، دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە و لە منداڵییەوە خولیای کاری چنینی ئەتەمینی هەیە، چەندین تابلۆی جوانی کێشاوە و ماڵەکەی بە کارە هونەرییەکانی خۆی ڕازاندووەتەوە.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- ئارەزوو ئەرکان'ی تەمەن ٢٩ ساڵ، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە، دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانییە لە بەشی دەرمانسازی، بە هۆی دانەمەزراندنی دەرچووانی پەیمانگا و زانکۆکان لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ماڵەوەیە و کاری دەست ڕەنگینی دەکات.

 

ئارەزوو وەک خولیایەکی منداڵی دەستی بە کاری چنین کردووە، دوو ساڵ بەر لەئێستا بە چنینی کۆمەڵێک تابلۆ و بە کاری ئەتەمین دەستبەکار دەکات و هاوڕێ و خزم و کەسە نزیکەکانی کارەکانی باش و جوان هەڵدەسەنگێنن، بۆیە پاڵنەرێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئارەزووەکانی لە دەستڕەنگینیدا، جگەلەوەی ماڵەکەی بە ڕەنگینی دەست و پەنجەکانی دەنەخشێنێت بۆ کەسە نزیکەکانی و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە هەندێک لە کارەکانی  دەگەیەنێت بە خوازیارانی چنین و کاری ئەتەمین .

ئارەزوو دەڵێت : ژنان نابێت بهێڵن دەستیان بەتاڵبێت گرنگە کارێک ئەنجامبدەن، چونکە کارەکانی ماڵەوە بەردەوام دووبارەن بۆیە پێویستە هەوڵبدەین کارێک بکەین بۆ ئاسودەیی دەروونمان .

ئارەزوو لە کارەکانیدا هەوڵیداوە گۆڕانکاری لە ماڵەکەیدا بکات، ئەو شوێن و سوچانەی لە ماڵەکەیدایە و بە دڵی نەبوون یان پێی باش بووە کە بیانشارێتەوە بە تابلۆ و گوڵ و گژوگیای سروشتی ڕویانی پۆشیووە، ئەو دایکە و خاوەنی کچ و کوڕێکە، بۆیە  کارەکانی تەنها لە چوارچێوەی تابلۆ و گوڵەکاندا نەهێشتووەتەوە، بەڵکو تەواوی ژووری منداڵەکانی بە هونەری خۆی ڕازاندووەتەوە، پێشی وایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکی باش و یارمەتیدەرن بۆ خۆفێرکردن و خۆبەرەوپێشبردن، داواش لە دایکان دەکات کەرەستەی گرانبەها و وڵاتان نەکڕن بۆ ماڵ و منداڵەکانیان، بەڵکو هەوڵبدەن بە کەرەستە سادە و هەرزان بەهاکان کاری نوێ بەرهەمبهێنن و وردی و هونەری خۆیان بخەنەکار بۆ جوانکردنی ماڵەکانیان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان .

ت.پ