دیاری عومەر: دراماکانمان کاریگەری درامای وڵاتانی تورکیا و دراوسێی لەسەرە

کاریگەری درامای وڵاتانی دراوسێ و کەمی سیناریۆنووس لە باشووری کوردستان، بەرهەمی هونەری کەم کردووەتەوە، هونەرمەندێکیش دەڵێت: هونەرمەندە بە ئەزمونەکان پشتگوێ خراون.

شیرین ساڵح

سلێمانی- هونەر بەشێکی گرنگی هەر وڵاتێکە و هۆکارێکی بەرەوپێشچوونی کولتووری کۆمەڵگەیە، گەلی کوردیش خاوەنی هونەر و کولتووری تایبەت بە خۆیەتی و هەمیشە هەوڵی داوە کارە هونەرییەکانی سنوری کۆمەڵگە نەبەزێنێت و ڕەنگدانەوەی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی بێت، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری دراما تورکییەکان و نەبوونی ئابووری پێویست بۆپێشخستنی بواری سینەما و فیلم و درامای کوردی، بوارەکە لە پاشەکشە دایە، هونەرمەندە بەتواناکانیش کەمتر کاری هونەریان پی دەدرێت.

دراما و فیلمە کوردییەکان، بوونەتە بەشێک لە درامای وڵاتانی ئێران و تورکیا و مۆرکی کوردییان پێوە دیار نییە، بۆیە هەمیشەش دەبنە جێی ڕەخنەی بینەر، بەوەی بەرهەمەکە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە نییە و باس لە کێشە و ژیانی خەڵک ناکات، ئەگەر باس لە ڕۆڵی ژنان بکەین لە بەرهەمەکاندا، دەبینین کەمترین ڕۆڵی پێشەنگایەتی بە ژنان دەدرێت، مۆدێلێکی نوێی دراماش پێشکەوتووە کە هەمیشە ژنان بە سەرچاوەی چاولێکەری و ئاژاوە وێنا دەکەن و ڕەنگی ژنان بە دەمدرێژ و شەڕانگێز دەردەخەن، کە کاریگەری دەکاتە سەر تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان.

 

"ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ کاری باش جێگەی خۆیان ناگرن"

دیاری عومەر، هونەرمەند، ئاماژەی بەوەکرد، دەکرێت بڵێین هەوڵدراوە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی کاری باش و فیلم و دراما و شانۆ دروست بکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە تا چەند ئەم هەوڵانە شوێنی خۆی دەگرێت و تا چەند بەر بینەر دەکەوێت، هەم وەکو چیرۆکەکە و هەم وەکو نواندنی هونەرمەندەکە، هەروەها گرنگ ئەوەیە تا چەند ئەو ڕۆڵانەی دەدرێت بەهونەرمەند لە ناو کۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە، هەوڵدان هەیە، بەڵام هەوڵەکان کاڵ و کرچ دەردەچن، لەوانەیە بگەرێتەوە بۆ ڕۆڵی هونەرمەندەکان یان ئەو سیناریۆیەی بۆیان دانراوە، ڕەخنەش لەسەر ئەو کارانە هەبووە کە کراون.

 

"دەبێت هونەرمەند بزانێت چۆن ئەو ڕۆڵە بگێرێت کە پێی دەدرێت"

دیاری عومەر ڕوونی کردەوە، هونەر خۆی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیە و هونەرمەند دێت ئەم ڕۆڵە جوانتر دەکات و پیشانی بینەری دەدات، لە کۆمەڵگەشدا خەڵکی باش و خراپ هەیە و ڕۆژانە بەرمان دەکەون، کاتێک ئەم کەسانە دەهێنینە ناو کاری هونەرییەو دەبێت بزانین کە چی ڕۆڵێکیان پێ دەدەین، لەوانەیە هەندێک لە ڕۆڵەکان باش نەبن، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هونەرمەند چۆن بەرجەستەی دەکات، زۆر جار ئەو ڕۆڵەی بە هونەرمەند دەدرێت، بەو شێوەیەش خراپ نییە، بەڵام هونەرمەندەکە بە هەڵە دەیگەیەنێت.

لەبارەی بەشداری ژنان لەناو فیلم و دراماکاندا کە لەلایەن سیناریۆنووس و ستافی فیلمەوە ئامادە دەکرێن، وتی: بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایدا بەشێک لە ژنان دەیانەوێت بە خراپی ڕۆڵ بگێڕن و بەو شێوەیە بڕۆنە ناو کۆمەڵگەوە بۆ ئەوەی بەناوبانگ بن، ئەوە ئازایەتی نییە جلێکی نەگونجاو لەبەر بکەن و ڕۆڵ بگێرن، گرنگ ئەوەیە چۆن نواندن بکەن و پەیامەکەیان بە خەڵک بگەیەنن، ئەگەر چی پێویست بکات ڕۆڵی خراپیش ببینن، مەرج نیە هونەرمەندەکە لێی پاشگەز ببێتەوە، بەڵکو دەتوانێت بەشێوەیەکی جوانتر پیشانی بینەری بدات.

 

"هەرچەندە لە ڕابردوودا تەکنیک لاواز بووە بەڵام فیلمی باش دروستکراوە"

دیاری عومەر ئەوەشی خستەڕوو، دراماکان لەچاو ساڵانی ڕابردوودا لە ڕووی تەکنیکەوە پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و پەیمانگا و شوێنی باش هەیە بۆ ڕاهێنان کردن بە هونەرمەندان، وە جێگەی خۆشحاڵیە ئێستا ژنان ڕۆڵی سەرەکیان پێ دەدرێت لە دراماکاندا، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە چی ڕۆڵێکیان پێ دەدرێت و ژنانیش بزانن کە چۆن ڕۆڵەکە دەبینن، پێشتر هەرچەندە دراماکان لە ڕووی تەکنیکەوە باش نەبووە، بەڵام درامای باش دروستکراون، لە ئێستاشدا ئەو هەموو پێشکەوتنە هەیە، بەڵام هونەرمەندە باشەکان پشتگوێ خراون، چونکە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە و وای لێهاتووە کەسێک کە خواردن دروست دەکات لە هونەرمەندێک بەناوبانگترە.

 

"دەبێت کاری هونەری جوان بۆ بینەران پێشکەش بکەین"

دیاری عومەر جەختی کردەوە، زۆر جار کەسانی ئاسایی و بێ ئەزمون دەهێننە ناو کاری هونەرییەوە و لە جێگەی هونەرمەندان کاریان پێ دەدرێت و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هونەری کوردی، ئێمە لە کوردستاندا کێشەی سیناریۆمان هەیە و کەسی بە ئەزمونمان نییە سیناریۆی باش بنووسێت، کاریگەری درمای وڵاتانی ترمان لەسەرە وەکو درامای تورکی و عەرەبی و فارسی، ئەو کەسانی لێرە سیناریۆ دادەنێن بێ ئەوەی خۆیان ئاگایان لێ بێت کەوتونەتە ژێر کاریگەری دراما تورکییەکانەوە، بۆیە ئێمە پێویستمان بە خۆ تازە کردنەوەیە، هەم هونەرمەندان و هەم ئەو کەسانەی سیناریۆ دروست دەکەن، بۆ ئەوەی درامایەکی کوردی خۆماڵی پێشکەش بە کۆمەڵگەکەمان بکەین.

 دەشڵێت: هونەر بە هەموو بەشەکانیەوە و هونەرمەندان ئیش بۆ بینەر دەکەین، ئەگەر بینەر پێشوازیمان لێ نەکات، دەبێت دەرگای هۆڵە هونەرییەکانمان دابخەین و کار نەکەین، ئێمەی هونەرمەندان پێویستمان بەوەیە بینەر بێت و لە هۆڵێکی هونەریدا سەیری نواندنەکانمان بکەن، بۆ ئەوەی وزەمان پێ بدەن یان لە ماڵەکانی خۆیانەوە لە جیاتی درامایەکی تورکی سەیری درامایەکی کوردی بکەن، بۆیە ئێمەش دەبێت بۆ ئەو بینەرە هونەرێکی جوان پێشکەش بکەین.