گەنجان لە ڕێی تابلۆکانیانەوە توانا و ئیرادەی ژنان دەردەخەن

لە میانەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێشەنگایەکی تایبەت بە ژنان و سروشت بۆ کۆمەڵێک گەنج کرایەوەم کە تیایدا توانای ژنان و ئازارەکانی ژنی کوردی دەخەنەڕوو.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆشکی سپی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی هانا کورد پێشەنگایەکی تایبەتی بۆ کۆمەڵێک گەنج ڕێکخست، تیایدا بە تابلۆکانیان گوزارشتیان لە دۆخی ژنان و سروشت و ئەو توندوتیژیانە دەکرد کە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردی ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لە پێشەنگاکە ژنانی گەنج زیاتر بەشدارییان کردووە و میوانان بە وشەیەک یاخود دێڕێک تێڕوانینی خۆیان دەربارەی ژنان لەسەر پارچە کاغەزێک دەنووسی و وەک تابلۆیەک هەڵیاندەواسی.

 

"تابلۆکانم باس لە سروشتی کوردستان و ژنانی کورد دەکەن"

١٢ شێوەکار بە نزیکەی ٧٠ تابلۆ بەشداریان لە پێشەنگاکەدا کردووە، خەڵات حسێن، شێوەکار، دەربارەی بەشداریکردنی لە پێشەنگاکەدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دەربەندیخانەوە بە پێنج تابلۆ بەشداری کردووە، تابلۆکانی زیاتر کوردەوارین کە باس لە سروشتی کوردستان و دەشت و لادێکان دەکەن، هەندێک تابلۆی دیکەی باس لە ژنان و توانا و ئازارەکانی ژنان دەکات.

 

باسی لەوەکرد هەر مرۆڤێک لە ڕێگەیەکەوە باس لە ناخی خۆی دەکات، بەڵام ئەوان وەک شێوەکارێکی ژن توانیویانە لە ڕێی تابلۆکانیانەوە باس لە ناخی خۆیان وەک ژنێک هەروەها دۆخی ژنانی کورد بکەن، چونکە ئەوان ژنن و باشتر لە دۆخی ژن دەگەن، لە کۆتایدا وتی: گرنگە پێشەنگای لەم جۆرە بۆ گەنجان بکرێتەوە لەپێناو دەرخستنی توانای گەنجان و زیاتر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دژی توندوتیژییەکانی کۆمەڵگە.

 

"لە ڕێگەی نەخشاندنی تابلۆکان ئازارەکانی ژنان دەردەخەین"

ئەمەل حەمەساڵح، وەک بەشداربوویەک لە پێشەنگاکەدا تایبەت بە ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەکرد بە ٨ تابلۆ بەشداری لە پێشەنگاکەدا کردووە، تابلۆکانی باس لە سروشت و ژنان دەکەن، لە باسی یەکێک لە تابلۆکانیدا وتی: تابلۆکەم ژنێکی بەتەمەنی کوردە کە تەواوی ژیانی لە لادێدا بەسەربردووە و هەموو ئەرکەکانی ژیانی هەڵگرتووە، ڕەنج دەدات لە بەرامبەردا هەموو کارەکانی بە سەرکەوتووی ئەنجام دەدات.

 

ڕوونیکردەوە لە ڕێی تابلۆکان و نەخشاندنی وێنەکان ئازار و توانای ژن دەردەخەن، بە جۆرێک کاریگەری لەسەر ڕۆحی مرۆڤ دروستدەکات، تا هەست بە ئازارەکانی ژنان بکەن، لە کۆتایدا پێی باشە پێشەنگای لەم شێوەیە بکرێتەوە و چالاکیەکان زیاتر بکرێن لە پێناو ڕێگەگرتن لە توندوتیژییەکانی ژنان.