"هۆزان مزگین بووە دەنگی ژنانی کورد"

شەمسە محەمەد تاهیر، یەکێکە لەو دایکانەی بە دەنگ و سەدای هۆزان مزگینی هونەرمەندی تێکۆشەر کاریگەر بووە و دەڵێت: کاتێک گوێم لە دەنگی مزگین دەبێت دەحەوێمەوە.

 

دلۆجان بۆزی

کۆبانی- هۆزان مزگین بە دەنگەکەی چووەتە ماڵی هەموو کوردێکەوە، لە ١١ی ئایار/٥ی ١٩٩٢ لە تاتوانی ناوچەی بەدلیس بە چالاکییەکی گیانفیدای جێگەی خۆی لە دڵی هەموو کوردێکدا کردەوە و بە زیندووی مایەوە، لە ساڵیادی چالاکییە فیداییەکەیدا شەمسە محەمەد تاهیر کە وەک ژنێکی کورد هێزێکی گەورە لە دەنگی هۆزان وەردەگرێت، ئاماژە بەوە دەدات دەنگی هۆزان بۆی زۆر جیاواز و نایابە.

 

"درێژە بە خەباتی مزگین دەدەین"

شەمسە وەها باس لە هۆزان مزگین دەکات: سەرەتا شەهیدانی تەڤگەری ئازادی بە بیردەهێنمەوە و سەری ڕێزیان بۆ دادەنەوێنم، بەڕاستی کاتێک مرۆڤ گوێی لە دەنگی هۆزان مزگین دەبوو، هەم خەمگین دەبوو، هەم دڵخۆش دەبوو، لەناو هەموو گۆرانییەکانی هۆزاندا مێژوو، داستان و چیرۆک هەبوو، مرۆڤ حەیرانی دەنگی هۆزان دەبوو، من عاشقی دەنگی هۆزانم، هەتا ئێستا کە گۆرانییەکەی لە تەلەفیزۆندا لێدەدەرێت، من گوێی لێدەگرم، سەرەتا هونەرمەندی ژن زۆر کەم بوو، بەڵام لەدوای شەهید بوونی هۆزان مزگین زۆر گەنج دەستیان بە خەباتی چاند و هونەر کرد، هەندێک لەوانیش درێژە بە خەباتی هۆزان مزگین دەدەن، پێشکەوتنی بواری چاند و هونەری ئەمڕۆ لە تێکۆشانی هۆزان مزگین و هاوڕێکانییەتی، ئەمڕۆ بە هەزاران ژنی گەنج ڕێگەی شەهید مزگینیان گرتووە و خاوەنداری لە ڕەنجەکەیان دەکەن، کاتێک مرۆڤ گۆرانی و هەڵبەست دەڵێت، ئیتر لە بۆشیدا ناژی چونکە مرۆڤ هەستی خۆی دەهێنێتە زمان، لە سایەی دەنگی ئەو هونەرمەندانەوە ئێمە بە ئێش و ئازاری گەلی کورد ئاشنابووین.