هونەرمەندێکی لیبی هونەرە نەریتییەکان مۆدێرن دەکات
ئەمنە زەیتری, هونەرمەندی لیبی هونەرە کۆنەکان مۆدێرن دەکات بە نیگارکێشان لەسەر دار و گڵ و شتە سیرامیکییەکان و چەسپاندنیان دەڵێت: هونەر ناسنامەی کۆمەڵگەیە، دەبێت پەیوەندییەک لە نێوان هونەری نوێ و کۆندا هەبێت.
مونا تۆقە
لیبیا- هونەر بۆتە جێگای دەربڕین بۆ زۆرێک لە کێشەکانی مرۆڤ بەتایبەتی کێشەکانی ژنان و بەردەوامیش دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوریانەی کە دەبنە ڕێگر لە گەشەکردنی ژنانی گەنج و ڕێگرن لە بەدیهێنانی خەونەکانیان؛ ژنانی وەک ئەمنە زەیتری هەن کە بوونەتە نموونە و ئیلهامبەخش بۆ ژنان لەم هەلومەرجەدا.
ئەمنە زەیتری بووەتە هێمای هونەری ژنان لە باشووری لیبیا، هەرچەندە کۆمەڵگە بیرۆکەی فێربوونی هونەری ژنانی ڕەتکردەوە، بەڵام ژنە گەنجەکانی لە بواری هونەرە جوانەکاندا پەروەردە کرد، لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا، ئەمنە ئەلزەیتری ڕوانگەی کۆمەڵگای گۆڕی، بەهۆی ئەوەوە هونەر بوو بە سەرچاوەی بژێوی ژنان و بەشێک لە پیشەی هونەرییان.
'ڕێکخراوی ئەدیبانی فەزان بۆ فێرکردنی هونەر دامەزرا'
ئەمنە زەیتری، مامۆستا و پەروەردەکاری هونەرە جوانەکانە و لە هەموو بوارەکانیدا بەشدارە باسی لە خۆشەویستی خۆی بۆ هونەر کرد و وتی: من هەر لە مامۆستا بوونمەوە خەریکی خوێندن و خۆشەویستی هونەر بووم، بڕیارمدا ئەم خۆشەویستییە بگوازمەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، ڕێکخراوی ئەدیبانی فەزانم وەک سەکۆیەک دامەزراند بۆ پشتگیریکردنی بەهرەمەندەکان، من بە دوای ڕێگایەکدا دەگەڕام بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمانەوە ناسنامەی خۆم دەرببڕم، سەرنجم لەسەر میراتی ژنانی باشووری هەرێم بوو، وەکو تەکنیکەکانی بونیادنان و چنین، حەزم دەکرد بەرهەمە هونەریەکان دەربڕینی کولتوور و هونەری ئێمە بن.
'هونەر شوێنی دەربڕینە'
ئەمنە زەیتری سەرنجی بۆ ئەو ئاستەنگانە ڕاکێشا کە لە ژیانی هونەریدا لە ڕێگەیدا وەستابوون و وتی: لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا بیرۆکەی بەشداریکردنی ژنانی گەنج لە پێشانگە هونەری و وۆرک شۆپەکاندا ڕەتکرایەوە، بۆیە سەردانیان دەکرد بۆ ماڵەوە و پشتگیریان کرد، بە تێپەڕبوونی کات، خێزانەکان گرنگی هونەریان بینی و تێگەیشتن کە دەتوانن لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن. لە ڕاستیدا زۆر ژن و هونەرمەند هەن کە ئێستا لە ڕێگەی هونەرەوە پشتگیری خێزانەکانیان دەکەن و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنن، هونەر تەنها کنجکاوی نییە بەڵکو شوێنی دەربڕینی ژنان و ژنانی گەنجە، زۆرێک لە ژنان ئامادەیی خۆیان لە کاری دەستی و نیگارکێشیدا نیشانداوە، لە ساڵی ٢٠١٧دا وۆرک شۆپێک بە بەشداری ٥٠ ژنی گەنج بەڕێوەچوو.
'ویستم پەیوەندییەک لە نێوان هونەری مۆدێرن و نەریتیدا دروست بکەم'
ئەمنە زەیتری زانیاری لەسەر کارەکانی دا و وتی: هەوڵدەدەم میرات لەگەڵ هونەری نوێ تێکەڵ بکەم، ئەمە لەڕێگەی بەکارهێنانی کاستێک بۆ ڕەنگی ئاگر و بیابان لە بەرهەمەکانمدا دەردەبڕم، پاڵپشتی ژنانم کرد بۆ تێکەڵکردنی هونەرە نەریتییەکان و مۆدێرنەکان تەکنیکەکان لە تابلۆکانیاندا، یەکێک لەوانە هونەرمەند سارا ئێل حەدارە کە لە تابلۆکەیدا خێزانێکی بە ڕەنگی زەیتون کێشاوە هەروەها جوانی فەزان لە وردەکارییەکانیدا نیشان دەدات، دەبێت ناسنامەی خۆت دەرببڕیت و هونەر ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ ئەم کارە، پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە بەردەوام بن لە دەربڕینی بوونی خۆیان و با هونەر پەنجەرەیەک بێت بۆ دەربڕینی خۆیان لە جیهاندا.
دەیەوێت هونەر ببێتە پردێک بۆ پەرەپێدانی کولتWوری تێگەیشتن
هەروەها ئەمنە زەیتری خۆی بۆ چالاکییەکانی دیکە ئامادە دەکات، دەیەوێت وۆرک شۆپی دیکە لە شارەکانی باشووری لیبیا ئەنجام بدات، هیوادارە هونەری جوان وەک پردێک بێت بۆ پەرەپێدانی کولتوری تێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان میرات و داهاتوودا.