هونەر پەیامێکی کۆمەڵگەییە و ژن تەواوکاری پەیامەکەیە

دراما عێراقییەکان لەمساڵدا ئاستیان لە هەڵکشاندایە و بەرەوپیش دەچن، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، هەروەها چەندین ئەکتەر و کەسایەتی نوێ هاتوونەتە ناو بوارەکەوە، بەرهەمهێنانی فیلم لە عێراقدا دەکەوێتەوە سەر توانا و لێهاتووی دەرهێنەر و بەدەستهێنانی ئاستی باش لە فێستیڤاڵەکاندا، لەکاتێکدا پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی سنوردارە و ئەمەش پێشکەوتنی بواری سینەما و دراما لە عێراقدا پاش دەخات.

بەغدا

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هونەرمەند و شانۆکار ئالاء نەجم باس لە دراما و سینەمای عێراقی دەکەین کە هونەرەکەی لە نیوان بەهرە و خوێندنی ئەکادیمیدا کۆکردووەتەوە، باس لە ئەزموون و ژیانی هونەری خۆی دەکات.

 

دەستپێکردن بە کاری هونەری لە کەیەوە بوو؟

لەو کاتەی خوێندکار بوون ژیانی هونەریم دەستیپێکرد، لە پەیمانگای هونەری بەدەو و دواتریش لە کۆلێژی هونەری بەدەو لە بەغدا و وەستان لەسەر تەختەی شانۆ و ڕووبەڕووی کامێرەکان، یەکەم کاری هونەریم لە سینەمادا لە فیلمی "کەرەنتینە" لە دەرهێنانی عودەی ڕەشید لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو، بۆ من ئەزمونێکی گرنگ بوو، بۆ ئەوەی کەسایەتی ژن لەناو سینەمادا نیشان بدەم، هەوڵێشم دا کە ئەو بەرهەمە هونەرییەم ببێتە هەنگاوێکی گەورەی هونەریم، بۆ تێگەیشتن لە هونەر، هونەرمەند کار دەکات، تاقیدەکاتەوە، پێشکەشدەکات و نوێگەری دەکات، بەڵام ناتوانێت بڵێت بە تەواوی لە هونەر تێگەشتووە.

 

ژن و سینەما، کامیان یەکتر گەورە دەکەن؟

ژن و سینەما تەواوکاری یەکترن، سینەما بێ ژنان چۆڵە، دەتوانیت سینەمایەکی بێ ژن خەیاڵ بکەیت؟ راستە هەندێک فیلم هەیە، بەڵام زۆر کەمن، ڕۆڵی ژن لەو فیلمانەدا نییە، واتای فیلمەکانیش وەک ئەوانە نییە کە ژنی تێدایە، هەندێک فیلم هەیە کە بینەر ناویشیان لەبیردا نەماوە، بەڵام ئازایی و لێهاتووی ژنانی فیلمەکانیان هەر لە بیردایە، ئەگەر فیلم یان سینەما پەیامێکی هونەری، بەردەوامی، داهێنەری، ئەندێشەیی و کۆمەڵگەیی بێت، بێگومان دەبێت ڕۆڵی ژنی تێدا بێت، لەبەر ئەوەی بە هەبوونی ڕۆڵی ژن تێیدا دەتوانێت پەیامەکەی تەواو بکات.

 

درامای عێراقی چۆن بوو؟ بەرەو کوێ هەنگاو هەڵدەهێنێت؟

درامای عێراقی لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ گەیشتە ئاستی لوتکە و لە ناو جیهانی عەرەبیدا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بەهۆی شەڕ و قەیرانی ئابوری و ئاوارەبوونی زۆرێک لە هونەرمەندە عێراقییەکانەوە بووە هۆکارێک بۆ پاشکەوتنی.

ئەمڕۆ درامایەکی نوێی عێراقی بەتایبەت درامای تەلەفیزیۆنی دەبینین، هیوادارین ئەو هەنگاوە بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێت.

 

بە بۆچوونی تۆ ڕەخنە توندەکانی گەل، مافیانە یان هێرشە کە دەکرێتە سەر بواری هونەر؟

گەل مافی خۆیەتی کە ڕەخنەی توند بکات، چونکە ئەوە لە ئەنجامی قوڵبوونەوە لە دۆخی درامای عێراقییەوە دروست دەبێت، بەڵام دەبێت ڕەخنەی دروستکەر بێت نەک هێرش کردن، ڕەخنە زۆر گرنگە، بەڵام بە داخەوە لە عێراقدا ڕەخنەی هونەری نەماوە بەتایبەت لەسەر دراما.

 

داخراوی کۆمەڵگە ناهێڵێت ژنان ڕۆڵیان وەک ئەکتەر هەبێت، ئێوە کاریگەری ئەم داخراوە چۆن دەبینن لەسەر درامای عێراقی؟

کۆمەڵگەی عێراقی لەم ساڵانەی دوایدا شەڕ و ئیسلامی سیاسی کاریگەری زۆری کردە سەر کلتوری کۆمەڵگە و ترسی خێزانەکان لەسەر ژنەکانیان دروستبوو، لەوکاتەوە خێزانەکان نایانەوێت کچەکانیان بەناوبانگ ببن، بۆیە بەشداربوونی ژنان لە هونەردا دواکەوتنی بەخۆیەوە بینی، لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠ خێزانە ڕۆشنبیرەکان تا ئاستێک ڕێگەیان بە کچەکانیان دەدا کە بەشداری کاری هونەری بکەن.

 

بازرگانیکردن بە ژنان لە درامادا گەیشتووەتە چ ئاستێک؟

بارزگانیکردن بە ژنان و جەستەیانەوە لە فیلم و دراماکاندا بۆ ئەوەی دیمەن و بینەری زیاتریان دەستبکەوێت ڕاستییەکە و هەیە، ئەم بیرە وایکرد کە خەباتی هونەری و فکری و کلتوری دوابکەوێت.

زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی هەن کە دەمەوێت لە درامایەکی عێراقیدا نمایشیان بکەم، بەتایبەت کێشەی ژنان و کۆمەڵگە، لەوانەش ئەو ژنانەی بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژین زۆر سەختییان بینی، کێشەی توندوتیژی خێزان، خۆکوشتن، کوشتنی ژنان و ئەو منداڵانەی بوونەتە قوربانیی کۆمەڵگە.

 

چالاکبووانی سینەمای عێراقی لەناو فێستیڤاڵە جیهانییەکان و وڵاتانی عەرەبی چۆن دەبینن؟

کاتێک فیلمێکی سینەمایی پێشکەوتوو و سەرکەوتوو بەپێی ستانداردی وڵاتانی عەرەبی و جیهان بێت، بێگومان لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی عەرەب و وڵاتانی ڕۆژئاواشدا ڕۆڵ دەبینێت،  فێستیڤاڵەکانی وڵاتانی عەرەبی تا ئێستاش گرنگی یان به سینەمای عێراقی دەدەن، فیلمی "بێدەنگی شوان" بووەتە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانی سینەمای عێراق کە لەلایەن دەرهێنەری عێراقی ڕائید مشەتەت'ەوە کاری دەرهێنانی بۆکراوە، تێیدا من لەگەڵ هونەرمەند مەحموود ئەبو عەباس ڕۆڵمان تێیدا گێڕاوە.

 

ئەم فیلمه بەشداری فێستیڤاڵەکانی وڵاتانی عەرەبی و نێوده وڵه تی کردووە لەوانە فیستیڤاڵی سینەمای وحران لە جەزائیر و فیستیڤاڵی سینەمای ئەبوزەبی.

 

ت.پ