"هەموو شتێک بە دەستی ژنان واتادار دەبێت"

ژنانی ناوچەی ئەحرەزی کانتۆنی شەهبا کە تا ئێستا کلتوری خۆیان دەپارێزن وتیان: "ئێمە لە ڕابردوودا هەموو شتێکمان دەکرد بۆ ئەوەی هیچ کەسێک پێویستی نەبێت، وەک ژنانی کورد دەبێت هەمیشە خاوەنی کلتووری خۆیان بن و لە دوژمن بیپارێزن".

 

شیرین عەلی

شەهبا-  هەموو کۆمەڵگایەک بەکلتووری خۆی ناسراوەو ژنانی کورد تا ئەمڕۆش بە پەرۆشیەوە کلتووری خۆیان دەپارێزن ژنانی کورد چەندین شێوازی توندوتیژیان بەرکەوتوە، بەڵام کلتووری خۆیان بەجێنهێشتووە و لە قڕکردن پاراستوویانە، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی هەوڵ دەدەن کلتوری گەلی کورد داگیر بکەن و لەناوی ببەن، بەڵام لە سایەی ژنانی کورد ناتوانن ئامانجەکانیان بەدەست بهێنن کاتێک چەتەکان بە ناوی جۆراوجۆرەوە کانتۆنی شەهبایان داگیرکرد، تاڵانییەکی زۆر ڕوویدا، ژنان لە ناوچەی ئەحرەزی شەهبا کە بە فۆلکلۆر و دابونەریتی خۆیان ناسراون، کلتوری خۆیان لە چەتەکان پاراستووە هەرگیز لە ژێر کاریگەری سەرمایەداریدا نەبووە و تا ئەمڕۆش ژنان و گەنجانی ئەحرەز جلی فۆلکلۆری خۆیان لەبەر دەکەن و کلتوری خۆیان هەیە، سەبارەت بەو پرسە ژنانی ناوچەی ئەحرەزی کانتۆنی شەهبا لەبارەی کلتوری خۆیانەوە قسەیان بۆ کردین.

 

"کاتێک زەماوەند بەڕێوەدەچوو، میوانەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ماڵی زاوا مانەوە"

نازێ عیسای تەمەن ٥٠ ساڵ خەڵکی ناوچەی ئەحرەزی کانتۆنی شەهبا رایگەیاند، کە کلتوریان جیاوازە لە کلتورەکانی دەوروبەریان و وتی: "ژنان لە ناوچەی ئەحرەز لە ڕابردوودا هەموو شتێکیان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە پێویستیان بە کەس نییە کاتێک زەماوەند ساز دەکرا، میوانەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ ماڵی زاوا دەمانەوە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن، خۆشەویستی و یەکسانییەکی گەورە لە نێو کۆمەڵگای پێشوودا هەبوو تا ئەمڕۆش زمانی دایک و کلتووری خۆمان هەیە و لە دوژمن دەیپارێزین ئێمە لە کلتووری خۆماندا گەنجەکانمان لە ژنانی گەنجی عەرەب مارە دەکەین، بەڵام ڕێگە بە ژنە گەنجەکانمان نادەین لەگەڵ کوڕانی عەرەب ژیان پێکبهێنن،  بەڵام بەم دواییانە، ژنە گەنجەکانمان لەگەڵ گەنجانی عەفرین هاوسەرگیرییان کردووە، لە وەرزی زستاندا ژنان لە ماڵەکانیان بێکار نەبوون و کاتەکانیان بە کاری دەستییەوە تێپەڕاندووە".

 

"ئێمە هەمیشە خاوەنداری لە کلتورەکەمان دەکەین و لە دوژمن دەیپارێزین"

نازێ عیسا ئاماژەی بەوەکرد کە لە وەرزی هاویندا باخچەیان بۆ خۆیان دروست کردوەو لەو سەوزانەی کە خۆیان چاندویانە پێداویستی زستانی لێ ئامادە دەکەن، وتیشی: "کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کانتۆنی شەهبا، چەندین کەلوپەلی دێرینی ئێمە دزران و لە شوێنێکی تر فرۆشران، ئێمە وەک ژنانی کورد دەبێت هەمیشە خاوەنداری لە کلتوری خۆمان بکەین و لە دوژمن بیپارێزین هەموو شتێک بە دەستی ژنان واتادار و خۆشتر دەبێت".

 

"ئێمە لە ڕابردوودا هەموو شتێکی پەیوەست بە کلتوری کوردیمان دەزانی"

ئاسیا کۆسێ تەمەن ٥٧ ساڵ دایکی ١٠ منداڵ ڕایگەیاند پێش ئەوەی دایکی گیان لەدەست بدات هەموو منداڵانی ئەو ناوچەیە بە دەستی ئەو لەدایک بوون، کاتێک لە حەلەبەوە هاتم و چوومە ناوچەی ئەحرەز، هیچ زانیارییەکم لەبارەی کلتوری ئەوانەوە نەبوو و وردە وردە فێری هەموو شتێک بووم دایکی هاوژینەکەم جارێک وتی مەڕەکان دەبڕین، بەڵام لەو کاتەدا نەمدەزانی مانای چییە دواتر فێر بووم، هەروەها لە خوری دۆشەکمان دروست دەکرد چونکە لەو کاتەدا ئیسفنج نەبوو و ئێستا هەموو کەسێک ئیسفنج بەکاردێنێت، لەڕابردوودا هەموو شتێکی پەیوەست بەکلتوری کوردیمان دەزانی، هەروەها زەیتمان دروست دەکرد لە وەرزی زستاندا، هەموو شتێک لە ماڵەوە هەبوو لە دەرەوە پێویستمان بە هیچ نەبوو".