حەوتەمین فێستیڤاڵی هەنگوین لە شاری سلێمانی بەردەوامە
فێستیڤاڵی هەنگوین بە ناونیشانی "هەنگ بۆ ژینگە، هەنگوین ژیان" دەستیپێکردووە و ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ژنانی خاوەنکاریش بەشداری فێستیڤاڵی هەنگوینیان کردووە.
سلێمانی
لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، حەوتەمین فێستیڤاڵی ساڵانەی هەنگوین بە ناونیشانی "هەنگ بۆ ژینگە، هەنگوین بۆ ژیان" لە ٢٣ ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و تا ٢٦تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، ڕۆژانە ١١ کاتژمێر کراوەیە بەڕووی سەردانیکەراندا.
فێستیڤاڵەکە ساڵانەیە و لەلایەن کۆمەڵەی هەنگەوانانەوە بەڕێوەدەبرێت، لەمساڵدا ٣٤ هەنگەوان بەشداریان کردووە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان، هەروەها بە گشتی لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا تەنها ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠ تەن هەنگوین بەرهەمهاتووە.
بە هۆی باشی و زۆری بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵەوە نرخی هەنگوینەکان هەرزانترە لەچاو ساڵانی ڕابردوودا، کە نرخەکەی لە ٤٠ هەزار دەستپێدەکات تا ٨٠ هەزار، هەنگوینی ناوچە شاخاویەکان باشترین جۆری هەنگوینە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکراوە.
خەڵکی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان سەردانی فێستیڤاڵی هەنگوین دەکەن بە مەبەستی کڕینی بەرهەمی هەنگەوانەکان، ژنانیش بە بەرهەمەکانی خۆیان لە فێستیڤاڵەکەدا پێشەنگ و بەشدارن بۆ ساغ دەکردنەوەی بەرهەمەکانیان.