"هیچ شتێک لە فەرشی چنراو لە دڵمدا ڕەنگاوڕەنگتر نییە"

ژنانی فەرشچن بە ناوی کاری ماڵەوە خراپ بەکاردەهێنرێت و یەکێک لە ژنە فەرشچنەکانیش دەڵێت: ئەوەندە ئازارم هەیە، تەنانەت هیوایەکم نییە کە ١٠ ساڵی تر بتوانم بژیم.

سویدا خۆراسانی

 

خۆراسان- یەکێک لە کارە دەستییە هەرە گرنگ و کولتوورییەکانی ئێران فەرشە، کە پێگەیەکی بەرزی هەیە لە بواری ئابووری، کۆمەڵگەیی و فەرهەنگیدا، زۆربەی فەرشچنەکان لە ئێراندا ژنن کە ڕێژەی زیاتر لە ٪٨٥ پێکدەهێنن، بەڵام بەهۆی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و نایەکسانییەوە دەچەوسێندرێنەوە و کارەکانیان مافی خۆی پێنادرێت و بە نەبینراوی دەمێنێتەوە.

 

ژنان لە سیستمی ڕەگەزگەرایی جیهانیدا، کە ئێرانیش بەشێکە لێی، هەمیشە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە، یەکێک لەوانەش نامۆکردنی ژنانە لە بواری کار و دامەزراندندا.

 

ژنان بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی فەرشچنی ئێرانی پێکدەهێنن، کە زۆرجار لە ماڵەوە بەبێ خاوەنکار بۆ کەمترین حەقدەست خەریکی کاری فەرشچنینن و لە بیمەی کۆمەڵایەتی بێبەشن، لە پارێزگای خۆراسان ٢٧ هەزار فەرشچن هەن، کە تەنیا ٨٪ واتە نزیکەی دوو هەزار کەس بیمەی فەرشچنین دەیانگرێتەوە و ژمارەیەکی زۆریش ژن هەن کە سەرەڕای کار و نەخۆشی بەهۆی کاری قورسەوە، هێشتا بیمە نایانگرێتەوە.

 

"لەو کاتەوەی خۆم ناسیوە، لەسەر فەرشەکان سەرقاڵی چنین بووم"

ح.ن. ٥٠ ساڵە و لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە خەریکی فەرشچنینە، وتی: فەرش چنین کارێکی ناسکە، پێویستی بە وردبینییەکی بەرز و کاتێکی زۆر هەیە، بەڵام هەقدەستی کەمە و بژێوی ژیان دابین ناکات، هەرچەندە قازانجی فرۆشتن و هەناردەکردنی دەستیی فەرشی چنراو بەرزە، بەڵام بۆ فەرشچنەکان هەقدەستێکی کەم دەدرێت.

 

ح.ن ئاماژەی بەو گرفتانە کرد، بەهۆی فەرش چنینەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە و دەڵێت: هەموو جەستەم بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، تووشی کەمی بینین و ئازاری پشت و هەوکردنی جومگەکانی مل بووین، شەوان لەبەر ئازار ناتوانین پشوو بدەین، نە پشوومان هەیە و نە کاتی خۆشی، لەوەتەی خۆم ناسیوە، کاری فەرشچنیم کردووە، تەنها ١٠ ساڵە کە ئەتوانم بیمە وەربگرم، مانگانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار تمەن دەدەم بە بیمە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە بیمەی پزیشکی ڕازی نیم و دەبێت نزیکەی هەموو خەرجییە پزیشکییەکانم خۆم بیدەم، چونکە بیمەکە کەمە و بەشی نەخۆشخانە دابین ناکات.

 

"تەنها بازرگانانی ناو بازاڕی فەرش قازانج لە فرۆشتنی فەرشی دەستی دەکەن"

م.د. ژنێکی تری فەرشچنە کە فەرشی ئاوریشم دەچنێت، دەڵێت: من نیوەی تەمەنم فەرشچنیم کردووە، من وەک هونەرێک زۆر حەزم لە چنینی فەرشی ئاوریشم هەیە، چونکە ڕەنگینیی و جوانی و ناسکی لە فەرشی ئاوریشمدایە، ئەوانەی بە سەبرەوە ئەم جۆرە چنینە دەکەن دوبوو پێگەیەکی باشیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بەڵام بەهۆی کەمی کرێ و سەختی ئەم هونەرەوە خەریکە ئەم نەریتە کە نوێنەرایەتی کولتوور و مێژووی ئێمە دەکات، لەناو دەچێت.

 

ناوبراو لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هونەرە ناتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی داهات سەیر بکرێت و دەڵێت: ماوەی چەند ساڵێکە تەنها بازرگانانی بازاڕی فەرش قازانجیان لە فرۆشتنی فەرشی دەستیدا کردووە، ئێمە مووچەیەکی زۆر کەم وەردەگرین لە بەرامبەر کارەکەماندا، من یارمەتی خێزانەکەم دەدەم، دەبێت بەم قەیران و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵایە بە مووچەیەکی کەمیش کار بکەم، بۆ نموونە دەبێت لەسەر چنینی فەرشێک نزیکەی ساڵ و نیوێک بمێنمەوە، دواتر ١٠ بۆ ١٢ ملیۆن مووچە وەردەگرم، هەرچەندە نرخی فەرشی ئاوریشمی دەزانم کە لە بازاڕدا چەندەیە.

 

"بیمە و هەموو ناونیشانەکانی پەیوەست پێیەوە تەنها ناوێکە و بەکارنایەت"

م. د. دەڵێت: بیمە و ناونیشانەکانی پەیوەست بە بیمەوە تەنها ناوێکی فەرمییە و ئامرازێکە بۆ فریودانی ژنان، جگە لە پشکنینە سادەکان، دەبێت خۆمان خەرجی خۆمان بکەین، وەک سۆنەر یان MRA یان تەنانەت کڕینی چاویلکەش، چونکە لە خزمەتگوزارییەکانی بیمەی پزیشکیدا نین.

 

سەبارەت بەو قەرزانەی کە تایبەتە بە ژنانی فەرشچن دەڵێت: "وەکو فەرشچنێک کە ١٥ ساڵ ئەزموونی کارکردنم هەیە، ئەگەر بمەوێت پەنجا ملیۆن قەرزی فەرشچنی وەربگرم، دەبێت سێ بۆ چوار ساڵ چاوەڕێی قەرزێک بکەم، بینایی چاوم ئەوەندە لاوازە کە تەنانەت بەبێ چاویلکەش ناتوانم کار بکەم، ئەوەندە ئازارم هەیە تەنانەت هیوای ئەوەم نییە ١٠ ساڵی تریش بژیم"، بە ئاهێکی قوڵیشەوە وتی: "هیچ شتێک لە فەرشی چنراو لە دڵمدا ڕەنگاوڕەنگتر نییە".