هەڵەبجە، پێشانگای بەخشین و ئاڵوگۆڕ کردنی کتێب کرایەوە

لە هەڵەبجە بە هاوکاری چەندین ڕێکخراوی ناو شاری هەڵەبجە پێشانگای بەخشین و ئاڵوگۆڕ کردنی کتێب کرایەوە و تێیدا چەندین جۆر کتێب نمایش کران.

هەڵەبجە

 

سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان بە هاوکاری گروپی ڕێژنە و گروپی دۆستانی کتێب، پێنجەمین پێشانگای کتێب بۆ بەخشین و ئاڵوگۆڕ کردنی کتێب کرایەوە و دەزگای ڕوانگە، ڕێکخراوی دۆستانی کتیبی هەڵەبجە، ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی، ڕێکخراوی شاڕێ و کتێبخانەی باران بەشداربوون.

 

نیگا ئەحمەد، ئەندامی گروپی دۆستانی کتێب، خۆشحاڵە بەوەی کۆمەڵێک ڕێکخراو توانیویانە ئەم پێشانگایە بکەنەوە کە چەندین نووسەر و خوێنەری باش تێیدا ئامادەبوون، وتیشی مەبەستی کردنەوەی پێشەنگاکە تەنها خوێندنەوە و هاوکاریکردنی یەکترە بۆ خوێندنەوە.

 

دەزگاکانی بەشداربووی پێشانگاکە بە چەندین کتێبی جۆراوجۆر بەشدارییان کردووە، دەزگای ڕوانگە یەکێکە لەو دەزگایانەی کتێب دەبەخشێتە خوێنەران، ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجیان بە کەلتورکردنی خوێندنەوەیە لای گەنجان، ئەو دەزگایە بە ٧٠ ناونیشانی پەروەردەیی بەشدارییان کردووە، ساڵانەش دەزگاکەیان هاوکاری گەنجان دەکات بۆ چاپکردنی کتێب کە سەرتاسەری عیراقی گرتووەتەوە زۆربەی کتێبەکانیشیان بۆ بەخشینە.

 

سەنا عەلی، بەشداربوو، ئاماژەی بەوەدا ئەم هەڵمەتی بەخشینی کتێبە تەنها هەڵەبجە نییە، بەڵکو زۆربەی شارەکان بەشداری کردووە و مەبەستیان ئاشنا بوونی خوینەرە بە کتیب و دۆزینەوەی سەرچاوەیە.

 

پیشانگای بەخشین و ئاڵوگۆڕی کتێب ئەمڕۆ تاوەکو شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، خوێنەران دەتوانن داوای کتێب بکەن و لە هەمان کاتیشدا کتێب ببەخشن.

ت.پ