هاتنی بەهار و بەرەکەت و نوێبوونەوە لە سفرەی حەوت سیندا

کۆتایی هێنان بە ساڵێک و نوێبوونەوە و دەستپێکی وەرز و ساڵێکی نوێ، بەپێی کلتوری هەر ناوچە و گەلێک بەشێوازی جیاواز مەراسیم دەگێڕدرێت، جەژنی نەورۆزیش لەناو دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بە دانانی سفرەی ٧ سین، پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- بۆ ماڵئاوایی لە کۆتایی ساڵ و پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ لە کۆنەوە کلتور وابووە ئەندامانی خێزان پێکەوە کۆدەبنەوە و بە ڕازاندنەوەی سفرە و خوان و ئاهەنگ گێران کۆتا ڕۆژەکانی ساڵ بەرێدەکەن، جەژنی نەورۆز کە بە جەژنێکی دێرینی گەلانی میزۆپۆتامیا دادەنرێت، وەک سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێ و ژیانەوەی زەوی، هەر لە کۆنەوە لەو رۆژەدا سفرەی ٧ سین، یاخود ٧ شین دەڕازێندرێتەوە کە یەکێکە لەو سفرانەی لە کلتوری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بوونی هەیە.

 

مێژووی ژمارە ٧ دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی زەردەشتی و گەردوون

بە گەڕانەوە بۆ میژووی دانانی سفرەی ٧ سین چەندین بۆچوونی جیاواز بوونی هەیە، یەکێک لەوانە باوەڕی میترایی و زەردەشتیەکانە دەربارەی ژمارە ٧، لە میترایی‌دا پلەی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمیان دوایین و گەورەترین پلە بووە، هەروەها ئاسمان بە سەر حەوت تەبەقەدا دابەش کراوە و هەر کام لە حەوت هەسارەی ئاسمان نوێنگەی یەک لە پلە ئایینیەکان بووە.

 

لە ئایینی زەردەشتی‌دا، حەوت، ژمارەی حەوت ئەمشاسپەندی مەزنە کە دەکرێت ئەمانە یان یەک لەوان لە ژمارە ٧ی حەوسین دا ڕەنگی دابێتەوە.

لەسەر هەڵبژاردنی پیتی سین، بۆچونێک هەیە کە دەڵێت لە سینیەوە هاتوە کە کەرەستەکانی لەسەر دادەنرێت، بۆچوونی دیکە دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" هاتووە کە "صنف" وشەیەکی عەرەبی‌یە بە مانای دانەوێڵە.

بۆچونێکی دیکە هەیە و دەڵێت ٧ سین لە بنەڕەتدا ٧ شین بووە بەواتای شین بوونەوەیی زەوی و ژیانەوەی شینکایی (سەوزای)، سەرلەنوێ دەست کردنەوە بە ژیان دێت.

 

کۆنترین بەڵگە کە سەبارەت بە حەوت شین هەیە، هی کتێبی "آثار الباقیە"ی ئەبورەیحانی بیروونی‌یە، دەڵێت: "دوای ئەوەی جەمشید بەسەر ئەهریمەندا سەرکەوت کە ڕێگای خێر و بەرەکەت و بارانی شین بوونەوەی گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە، گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ هاتووە. بۆیە هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆزدا لە حەوت قاپدا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد".

لە ٧ شیندا ئەو کەرەستانەی دادەنرێت شمع، شراب، شیرینی، شهد (هەنگوین)، شمشاد، شربت و شقایق (گوڵ) یاخود شاخە نەباتن، بەڵام بەهۆی هەبوونی شەراب لەناو کەرەستەکاندا لە دوای هاتنی ئاینی ئیسلامەوە شەراب لەناو ٧ شیندا دەرهێنراوە و لە دواتردا بە بەسەربردنی سەردەم گۆڕاوە بۆ ٧ سین.

 

ئەو خۆراکانەی لەسەر ٧ سین دان

سفرەی حەوت سین، حەوت خۆراك و كەرەستەی لەسەرە كە بە پیتی (سین) دەست پێدەكەن، وەكو سێو ، سیر، سرکە ، سماق ، سەوزی، سەمەنی و سنجوو، لەگەڵیدا بە مۆم، کتێب کە قورئانە، ئاوێنە، نان و شووشەیەک لە ماسی سوور، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی ڕەنگ کراو دادەنرێت.

ئەم نەریتە دێرینە هەرچەند بە تێپەربوونی کات گۆڕانکاریی بەسەر شێوازەکەیدا هاتووە، بەڵام ڕەسەنایەتییەکەی لەدەست نەداوە، لەکۆندا کە بە حەوت شین ناوی هاتووە شەراب-ی لەسەر دانراوە، بەڵام دوای هاتنی ئیسلام و گۆڕانی ناوەکەی بۆ حەوت سین، شەرابەکە گۆڕاوە و قورئان لەجێگەی دانراوە.

 

باوەڕیی دانانی سفرەی ٧ سین

دانانی هەر یەکێک لەو ٧ سینە واتای خۆی هەیە لە باوەڕی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، سێو واتای جوانی و تەندروستی دەدات، سیر دەرمانە و سرکە ئارامی، سماق نیشانەیەکە بۆ ڕەنگ و تیشکە زێڕینەکانی خۆر، سەوزی ژیانەوەی گیا و سەوزاییە، سەمەنی دەوڵەمەندی دەبەخشێت و سنجوو خۆشەویستی زیاد دەکات.

ئەو کەسانەی سینی ٧ سین دەرازێننەوە پێیان وابووە کە بەرەکەت و لەشساغی بە ئامادەکردنی ئەو سینیە دەبێتە میوانی ماڵەکەیان، بۆ ئەوەش سەوزی و هێلکە و ماسی بە دڵنیاییەوە لە ماڵەکانیاندا دادەنێن.

 

ئەم سینیە لە چەند رۆژدا پێش سەرەتای ساڵ دادەنرێت تا سیانزە رۆژ دوای نەورۆز، لەو کاتژمێرەی ساڵی کۆن دەگۆڕێت بۆ ساڵی تازە، ئەو کەسانەی باوەڕیان پێی هەیە دەچنە سەر  سینی ٧ سین و  دوعا دەکەن تا بەرەکەت و خۆشی پێببەخشرێت بە ساڵەکەیان، لەدوای سیانزەیەم رۆژ، کە پێی دەڵێن "سێزدەبەدەر" هیچ کەسێک لە ماڵدا نامێنێتەوە چونکە پێیان وایە ١٣ ژمارەیەکی شومە، بۆ ئەوەش دەچنە گەشت و سەیران و ئەو سەوزاییەی دروستیان کردووە دەیدەنە دەم ئاو.

 

ت.پ