بەهرە بە دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرەستەکان هونەر دەخوڵقێنێت

بەهرە ئەحمەد بەهرەمەندیکی هەڵەبجەیە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خۆپێشخستنی لە هونەرەکەیدا کردووە و دوبارە کەلوپەلەکان بەکاردەهێنێتەوە بۆ بەرهەمی هونەری.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- بەهرە ئەحمەد، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، لە بواری هونەریدا دەستڕەنگینە و چەندین ساڵە بە خۆپێشخستن ئاستی بەهرەمەندی هونەری خۆی زیاد دەکات، سوودی زۆری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بینیوە و وەک خۆی باسی دەکات، "ئیشی هونەری لەگەڵ ڕۆژگاردا گەشە دەکات".

 

تۆڕی کۆمەڵایەتی ماڵێکی گەورەیە بۆ فێربوون

بەهرە، کە هیج وانەیەکی ئەکادیمی بۆ کاری هونەری نەبینیوە، باسی لەوەکرد، حەزی زۆری بۆ کاری هونەری هەیە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەندین شت فێر بووە، هەر لەو ڕێگەیەشەوە کارە هونەرییەکانی نمایش دەکات و بازاڕێکی بۆنلاینی بۆ بەرهەمەکانی کردووەتەوە.

 

بەهرە ئاماژەی بەوەدا، کە کاری هونەری ئاسان نییە و خەڵک وەک پێویست نرخی هونەر نازانن، پێی وایە، ئەو تابلۆیانەی کە دروستی دەکات، ئەگەر داوای هەر بڕە پارەیەک بکات کڕیار بە گرانی دەزانێت، بەڵام ئامادەن پارە بدەن بە گوڵی هاوردە.

 

بڕوانامە نابێت بە ڕێگر لە کارکردندا

بەهرە دەرچووی بەشی ئیدارەی تەندروستیە و باس لەوە دەکات، بڕوانامەکەی نەیکردووە بە هیچ و بەڵکو لە ڕێگەی کارە دەستیەکانەوە بژێوی خۆی دابین دەکات، وتیشی: لە ئێستاشدا گرنگ حەز و ئارەزووە، نەوەک بڕوانامە، بۆ نمونە من پزیشکێک  دەناسم لە نەخۆشخانە دەوام دەکات و بەڵام خولیاکەی پشت گوێ نەخستووە.

 

بەهرە داوا دەکات ژنان لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە و بەتایبەت لە ئێستادا کە چەندین ڕێکخراو و هەلی کار دەرەخسێنن بۆ ژنان و پاڵپشتی دارایی دەکرێن.