فەرش چنین، هونەری ڕەسەنی دەستی ژنان

ژنان دەستێکی باڵایان هەبووە لە پێشخستنی هونەری ڕستن و چنینی فەرش لە وڵاتی ئێران، کە بووەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بەشێکی زۆری ژنان.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ئێران ناوەندی هونەری ڕستن و چنینی فەرشی ڕەسەنی دەستکردە لە جیهاندا و ساڵانە بە تێکڕایی ٢ ملیۆن مەتر دووجا فەرش لەو وڵاتەدا بەرهەم دەهێندرێت، چنینی فەرش یەکێکە لە هونەرە ڕەسەن و بەنرخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە بووەتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بەتایبەتی بۆ ژنان لە گوندەکاندا.

 

فەرشی دەستکردی پارێزگای مەرکەزی

فەرشی دەستکردی پارێزگای مەرکەزی لەساڵانی ڕابردوودا ئابوورییەکی گرنگی پارێزگاکەی پێکهێناوە لەڕووی داهاتەوە و لە نموونە هونەرییەکانی بواری بەرهەمهێناندا ڕۆڵێکی گرنگی بینیووە، بەڵام ئەو پیشەسازییە دەستکردانە پێویستی بە مێتۆدی کاریگەر هەیە بۆ بوژاندنەوە و بەرەوپێشبردنیان.

 

بەپێی بەڵگە و مێژوو و زانیارییەکان ئەم فەرشانە بەرهەمی چێژ و هونەری خەڵکی ئێرانە و هونەری ئەم پیشەسازیە ڕەنگاوڕەنگ و جوانە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، بەڵام چنینی فەرش لەپارێزگای مەرکەزی تەمەنی ٢٠٠ ساڵە، بە ناوی فەرشی "ساروق" ناسراوە و ناوبانگێکی زۆری هەیە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ژێرخانە دەستکردەکانی ئەم پارێزگایە لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان جێگای بایەخە و گرنگی پێدەدرێت.

 

فەرشی دەستی پارێزگای مەرکەزی ناوێکی ئاشنایە بۆ پەرۆشانی کاری دەستی و ساڵانێکی زۆرە سەرچاوەی داهات بووە بۆ ژنان و بەتایبەتی ژنانی گوندنشیین، بە چەندین هەنگاو و پڕۆژە یارمەتی دامەزراندن   بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی و داهاتی ژنانی گوندنشیین دراوە، تا ئێستا ٥٠٠ فەرش بە دەستی هونەرمەندانی ژنانی گوندنشیین دروستکراوە و هەناردەکراون، بەڵام ئەم هەوڵانە کەمە و پێویستە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ هاوکاری کردنی ژنانی ڕەنجدەر.

 

 ٩٠٠٠ مەتر دووجا فەرشی دەستی بەرهەمدەهێندرێت

هەناردەی فراوان یەکێکە لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە هونەرییە و بەدیهێنانی ئامانجە باشەکانی گەشەسەندن لەم کەرتەدا و لە ئەم ساڵدا زیاتر لە ٩٠٠٠ مەتر دووجا فەرشی دەستکرد لە پارێزگای مەرکەزی بەرهەمهێنراوە و هەناردەی بازاڕە ناوخۆیی و بیانییەکان کراوە، پارێزگاکانی ئەراک و دلیجان و مەهلەتی بەرزترین بەرهەمی فەرشی دەستی پارێزگای مەرکەزی تیادایە.

 

ساڵانە پاڵپشتی دارایی بۆ پارێزگاکە دابیندەکرێت و لە زیادکردنی بەرهەمەکانی ڕستن و چنینی فەرشدا خەرجدەکرێت، مۆڵەتی دەستپێکردنی چەندین دوکانی بەرهەمهێنانی فەرش لە پارێزگای مەرکەزی دەرچووە کە بە سوود وەرگرتن لەو پڕۆژانە ٥٠  هەلی کاری نوێ لە پارێزگای مەرکەزی دەڕەخسێت.

 

٦٤ کارگەی بەرهەمهێنان لە پارێزگای مەرکەزی چالاکن

تا ئێستا ٦٤ کارگەی بەرهەمهێنانی فەرشی دەستی لە پارێزگای مەرکەزی چالاکن و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس کاری چنینی تێدا ئەنجامدەدەن، کە چنینێکی هونەری ڕەسەن و بەنرخە لە پارێزگای مەرکەزی و ١٤ هەزار و ٦٠٠ فەرشی دەستکردی تێدایە، جێگای ئاماژەیە کە فەرشی دەستکردی پارێزگای مەرکەزی یەکێکە لەبوارە ئابوورییە گرنگەکان و باکگراوندێکی کەلتووری و هونەری و سامانی ڕۆشنبیریە لە وڵاتی ئێران.

 

ت.پ