گوزارشتێک لە ئازارەکانی نەخۆشخانەی هیوا

لەلایەن تارا محەمەدی وێنەکێش تابلۆیەک وەک گوزارشتێک لە دۆخی نەخۆشانی هیوا و ئەگەری بە ئەهلی بوونی نەخۆشخانەکە بە ناوی (تابلۆکە خۆی ئەدوێ)کێشراوە، دەشڵێت ئەرکی هونەرمەند تەنها ئافراندنی ئەستاتیکا نییە، بەڵکو گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتییە.


 
ناوەندی هەواڵ
 
ماوەیەکە بەهۆی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا لە نەبوونی دەرمان و پێنەدانی شایستە داراییەکانی کارمەندانی نەخۆشخانەکە، دەنگۆی بە ئەهلی بوونی نەخۆشخانەکە بڵاوبووەوە، ئەوەش ترسی لە دڵی نەخۆشەکاندا دروستکردبوو، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەڵمەتی هەشتاگی (بێ هیوامان مەکەن) ئەنجام درا. 
 
لە بەردەوامی لێکەوتەکانی کێشەکانی نەخۆشخانەی هیوا، تارا محەمەد ئەمین، هونەرمەند و وێنەکێش وێنەیەکی بە قەڵەمی بۆیە بۆ نەخۆشخانەکە بە ناوی (تابلۆکە خۆی ئەدوێ) کێشا، کە ئازارەکانی نەخۆشانی نەخۆشخانەکە نیشان دەدات، کە مووی ڕوخسار و قژیان هەڵوەریووە، دەرزییەکیش وەک هێمای دەرمانەکانی نەخۆشخانەکە لەبەردەمی منداڵێکی نەخۆشخانەکەدا کێشراوە. 
 
لە بەشێکی دیکەی وێنەکەشدا لە سەر لۆگۆی نەخۆشخانەکەوە وێنەی پارە هەیە، ئەمەش وەک گوزارشتێک لە ئەگەری بە ئەهلی بوونی نەخۆشخانەکە لەلایەن هونەرمەندەوە کێشراوە. 
 
ئەو هونەرمەندە تایبەت بە ژنها، ڕایگەیاند بیرۆکەی دروستکردنی وێنەکە لەدوای دەنگۆی بە ئەهلی بوونی نەخۆشخانەکە لە مێشکیدا گەڵاڵە بووە، وتیشی " سەرەتا وەک مرۆڤێک دواتر وەک هونەرمەندێک کاریگەریەکی زۆر تایبەتم بۆ دروستبوو کەئەم بیرۆکەی تابلۆیەی بۆ خوڵقاندم ئەبێ و پێویستە بیکێشم". 
 
تارا محەمەد، باس لەوەش دەکات کە کاری هونەرمەند تەنها دروستکردنی ئەستاتیکا نییە، بەڵکو دەبێت پەیامێکیش بگەیەنێت، "هونەر تەنها ئەفراندنی ئێستاتیکا نییە، هونەر پەیامێکی گەورەی مرۆڤایەتییە لە ئەستۆی ئێمەی هونەرمەندایە پێویستە پەیامەکەمان لە کاتی پێویستا بگەیەنرێت".