گروپی دۆستانی کتێب، زیاتر لە ٣٥٠ کتێبیان تاووتوێ کردووە

گروپی دۆستانی کتێب لە ماوەی چوار ساڵی دامەزراندنیەوە زیاتر لە ٣٥٠ کتێبیان شرۆڤە کردووە و و ئەندامیان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان هەیە، توانیویانە لە چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکاندا بەشداری بکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- نیگا ئەمجەد، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری گروپی دۆستانی کتێب، باس لەوەدەکات کە گروپەکەیان ماوەی چوار ساڵە دامەزراوە و سەرەتایی دامەزراندنیان ژمارەیان کەم بووە، بەڵام ئێستا ٢٥ ئەندامیان هەیە.

 

نیگا ئاماژەی بە جۆری کتێبەکان دا کە سەرجەم بابەتە کۆمەڵایەتی، ئاینی، فەلسەفی و دەرونی دەخوێننەوە، "هەریەک لە ئەندامان خاوەن بیر و بۆچوونێکن و تا ئەم چوار ساڵەش زیاد لە ٣٥٠ کتێبیان شرۆڤە کردووە، کتێبەکان بە یەکتر دەبەخشن، لەبەر زۆری ژمارەی ئەندامەکانیان ئێستا بوونەتە دوو گروپ و هەر هەفتەیەک گروپێکیان کتێبەکان شرۆڤە دەکەن".

 

بەشداری چالاکییە ئەدەبییەکانیان کردووە

شیما مەنوچەر، ماوەی ساڵێکە لە گروپی دۆستانی کتێبدایە، باسی لەوەکرد لە ماوەی ئەم ساڵەدا زۆر سودی لە گروپەکە بینیوە و بەشێوازی گروپ کتێبەکان دەخویننەوە، "لەبەرئەوەی ژمارەی ئەنداممان زۆرە، لە سەرجەم ئەو چالاکیانەی کە پەیوەستە بە کتێب و بابەتی ڕۆشنبیریەوە بەشدار دەبین".

 

شیما وتی: ئەو چالاکیانەی بەشداری تێدا دەکەین لە دەوری کتێبدا دەسوڕێتەوە، لە ماوەی ڕابردوو بەشداری بەخشین و ئاڵوگۆڕی کتیبمان کردووە کەلە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان کۆمان کردووەتەوە و ئاڵوگۆڕمان پێکردوون لەگەڵ کتێبی سودبەخش، بەشداری منیش لەم گروپەدا لەڕێی هاوڕێکانمەوە بوو کە ئەندامی ئەم گروپە بوون.

 

٪٨٠ی گروپی دۆستانی کتێب ژنانی گەنجن

هۆنیا ڕزگار، ژنێکی گەنجی خوێنەرە، باس لەوەدەکات سەرجەم چالاکییەکانیان لە دەوری ژینگە و کتێب دەسوڕێتەوە، مانگانە چەندین نووسەر و ڕۆشنبیر بانگهێشت دەکەن بۆ شرۆڤەکردنی بابەتەکانیان، چەندین ژنی گەنج ئەندامی خوێندنەوەی کتێبن کە نزیکەی ٪٨٠ دەبن و خوێنەری باشیان تێدایە.

 

گروپی دۆستانی کتێب لە مانگێکدا چوار جار کۆدەبنەوە و هەرجارەی پێنج کتێب و دەیخوێننەوە و شرۆڤەی دەکەن.

 

ت.پ