ژنانی کۆبانێ کولتووری جلوبەرگی کوردی دەپارێزن

جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی دیزاینێکی جوان و ڕەنگینی هەیە، کە مێژووی ناوچەکە و ناسنامەی خەڵک نیشان دەدات، ئێستا ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دەستی خۆیان دەیدروون و لە لەناوچوون دەیپارێزن.

نورشەن عەبدی

 

کۆبانێ- ژنانی کانتۆنی کۆبانێ لە ناوچەی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کار دەکەن، لەوانە کاری دەستی و دروومان و ڕازاندنەوە بۆ پاراستنی کولتووری شارەکەیان.

 

جلوبەرگی فۆلکلۆر بەشێکی گرنگی ناسنامە و کولتووری خەڵک و پێکهاتەکان نیشان دەکات و هەر ناوچەیەک جلوبەرگی تایبەت بە خۆی هەیە، ژنانیش پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پاراستنی ناسنامەیانەوە هەیە، بۆیە ئەرکی پاراستنیان گرتووەتە شان و بە دەستی خۆیان جلە کولتوورییەکەیان دەدروون.

 

"بۆ پاراستنی کولتوورەکەمان کچەکەمم فێری ئەم پیشەیە کرد"

شارا محەمەد ئیسۆی تەمەن ٥٠ ساڵ، باسی کارەکانی خۆی دەکات و وتی: لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە پوورمەوە فێری دروومان بووم و کارم کرد، لەو کاتەوە کاری دوورین و ڕازاندنەوەی جلی فۆلکلۆری کوردی دەکەم.

 

هەروەها زۆرێک لە ژنانی ناو خێزانەکەی شارا محەمەد بەرگدروون و وتی: هەرچەندە تەمەنی من گەورە بووە، بەڵام ناتوانم دەستبەرداری کارەکەم بم، چونکە حەزم لێیە و دەمەوێت کولتوورەکەم بپارێزم، بەڵام هەندێک بەربەست هەیە بۆ کارکردن کە پێویستی بە وزەیەکی زۆرە، ئەم جلوبەرگانە کولتوور و ناسنامەی کوردیی ئێمەن، داپیرەکانمان لەناو ماڵ و دەرەوە لەبەریان دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە تەنها لە ڕۆژە تایبەتەکان و ئاهەنگەکاندا لەبەری دەکەین، دایکان دەبێت هەمیشە بۆ نەوەکانی داهاتوو لەبەری بکەن، بۆیە من کچەکەم و بوکەکەم فێر دەکەم وەک چۆن دایک و داپیرەمان بۆ چەندین ساڵ گەیاندیان بە ئێمە.

 

سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، دەستبەرداری کارەکانیان نابن

باکیرە سنجاری تەمەن ٤٨ ساڵ، لە تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە کاری دروومانی دەکات و وتی: ئەم پیشەیە لە دایکمەوە فێربووم و لە تەمەنی ١٧ ساڵیەوە لە کارگەکان کار دەکەم، من حەزم لە بڕینی قوماشە، هەرگیز دەستبەرداری کارەکەم نابم، ئەمڕۆ جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی داواکاری زۆرە و لە کۆبانێ دوو جۆر هەیە، هی ماڵەوەو هی ئاهەنگی تایبەت هەیە.

 

باکیرە سنجار تیشکی خستەسەر نەبوونی کارەبا لە کۆبانێ، کە بەهۆی بڕینی ئاوی فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەو گرفتە دروست بووە و وتی: نەبوونی کارەبا یەکێکە لە بەربەستە سەختەکان، چونکە لە ماڵەوە کار دەکەم و مۆلیدەم نییە، تا ئێوارە چاوەڕێ دەکەم بۆ کارەبای گشتی، کاری ئێوارە کاریگەری لەسەر چاوەکانم دەکات، سەرەڕای ئازاری پشت و گورچیلە، بەردەوام دەبم لە کارەکەم و کولتوورەکەم دەپارێزم.