پەرتووکی "گۆڕەکەی دایکم" باسی ئازارەکانی گەلی کورد دەکات لە شاڵاوی ئەنفالدا

گەلی کورد هەمیشە ڕووبەڕووی داگیرکاری و قڕکردن بووەتەوە، ماردین جەلالیش وەکو نووسەرێکی ژن هەوڵیداوە لە ڕێگەی پەرتووکێکەوە ئازارەکانی گەلی کورد لە شاڵاوی ئەنفالدا بە جیهان بناسێنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- قەڵەمی ژنانی کورد لە کات و سەردەمە جیاوازەکاندا، توانیویەتی لە بواری لێکۆڵینەوە و ڕۆمان و چیرۆکدا ڕۆڵی کاریگەری هەبێت، چونکە هەمیشە لە ڕێگەی نووسینەوەی مێژووی گەلی کورد و ئەو جینۆساید و قڕکردنانەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە، ڕاستینەی گەلی کورد و ژنیان خستووەتە بەردەم خوێنەر، هەروەها بەشێک لە نووسەرە ژنەکان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیانەوە هۆشیاری بدەن بە ژنان.

 

"یەکەم پەرتووکم بە ناوی پارادیگمای ژن بووە"

ماردین جەلال، ژنێکی نووسەری باشووری کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە نووسین کردووە و زیاتر لێکۆڵینەوەی لە بواری ژناندا کردووە، ماردین جەلام یەکەم پەرتووکی بە ناوی "پرادیگمای ژن" بووە و لە ساڵی ٢٠٠٤دا چاپ و بڵاوی کردەوەیە، لەسەر ئاستی وەزارەتی ڕۆشنبیریش پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، وەک خۆی دەڵێت، هەمیشە حەزی لە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان بووە، خاوەنی چوار پەرتووکی وەرگێڕدراوە، پەرتووکی "ژن و سۆسیالیزم" یەکێکە لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی، کە باسی مێژووی ژن دەکات، لە بارەی ئەو پەرتووکەوە وتی: پێویستە هەموو ژنێک ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە، لەبەر گرنگییەکەی لە ئێستادا لە بازاڕەکاندا نەماوە و لە پلانمدا هەیە ئەگەر کاتم هەبوو دووبارە لە چاپی بدەمەوە، پەرتووکی "گەلاوێژ" ژیاننامەی گەلاوێژ خانی هاوژینی ئیبراهیم ئەحمەدە، کە باسی ژیانی خۆی دەکات، بە گشتیش ٤ پەرتووکی نووسراوی خۆمم هەیە.

 

"ئامانجی نووسینەکانم هۆشیارکردنەوەی ژنانە"

ماردین جەلال ڕوونی کردەوە، پەرتووکی "ئەشکەنجەی سپی لە ئیمرالی"م نووسیوە، لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی خۆم بوو لە زانکۆ و هەر لەلایەن زانکۆکەمەوە چاپ کرا، لەسەر ئەو ئەشکەنجانە بوو کە بەرامبەر بە سەرکردیەکی کورد دەکرێت لە زیندانی ئیمرالیدا، منیش وەکو کوردێک لە بواری یاسادا ئیش دەکەم، بۆیە بە پێویستم زانی ئەم پەرتووکە بنووسم، پێم ناخۆشە هەر کوردێک لە هەر جێگەیەکە و ناهەقییەکی بەرامبەر دەکرێت، ئێستا زیاتر لێکۆڵینەوەی یاسایی دەکەم، لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر مافی ژن لە یاسای باری کەسێتیدا تەواو بووە و بەم نزیکانە چاپی دەکەم.

 

وتیشی: دەستم کردووە بە نووسینی ڕۆمانێک کە هەر باسی ژن دەکات و هێشتا نووسینەکەی تەواو نەبووە، نووسەری ژنی کەممان هەیە لە باشووری کوردستان، بەڵام ئەوانەشی هەن هەرچەندە گرنگیان پێ نەدراوە، توانیویانە کاریگەرییان هەبێت لەسەرمان، ئامانجی من لە نووسینەوەی پەرتووکەکانم وەکو هەر نووسەرێک، ئەوەیە زانیارییەکانم ببەخشم بە دەوروبەر، من لەبەرئەوەی لە دادگاشدا ئیش دەکەم چیرۆک و کەیسی تراژیدی دێتە لامانم کە من دەتوانم ئیشی لەسەر بکەم و ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ژنان هۆشیار ببنەوە.

 

"ژنان لە بواری لێکۆڵینەوەدا وردترن"

ماردین جەلال ئەوەشی خستەڕوو، نووسین حەز و خولیایە، هەرچەندە دەرفەتم کەمە، بەڵام هەوڵم داوە دەرفەت دروست بکەم، چونکە ئامانجێکم هەیە لەو نووسینە، ژنانیش دەتوانن هەموو بابەتێک بنووسن، چونکە ژن خاوەنی بیرێکی قوڵتر و هەستێکی ناسکترە و وردترە لە نووسینەوەی بابەتەکاندا، هەرچەندە نووسینی چیرۆک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمێ قورسە بەتایبەتی بۆ گەنجان، چونکە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، نووسەر کاتێک بابەتێک دەنووسێت، وەک ئەوە وایە خۆی بنووسێتەوە، ژنان زیاتر لە بواری لێکۆڵینەوەدا دەتوانن بنووسن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ماردین جەلال ژیانی هەر ژنێکی کورد بە چیرۆکێک لە قەڵەم دەدات، باس لە دوا بەرهەمی خۆی دەکات بە ناوی "گۆڕەکەی دایکم"، کە ڕۆمانێکی نەتەوەییە و لە ٢٢ی تەمووزدا مەراسیمی بڵاوکردنەوەی بۆ کرا، ناوەڕۆکەکەی باس لەو دۆخ و ژیانی سەختی کورد لە شاڵاوی ئەنفالدا دەکات، وتیشی: ئەم پەرتووکە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بزانن شاڵاوی ئەنفال چۆن بووە، بۆ ئەوەی دەوڵەتانی دەرەوەش لە زمانی خۆمانەوە بیبیستن، ئەم ڕۆمانە هەر کەسێک بیخوێنێتەوە خۆی تێدا دەبینێتەوە.