بەفرین ڕێگرییەکان دەشكێنێت و دەبێتە دەنگی ئازارەکانی ژنان

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابونەریت ڕێگری لە بەهرەی چەندین ژن کردووە، بەڵام بەفرین لە هەوڵەکانی نەوەستاوە و دەیەوێت لە ڕێگەی کارەکانی خۆیەوە، ئازاری ژنانی تریش بگەیەنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان لە هەموو کار و بوارێکدا دەست ڕەنگینی خۆیان پیشان دەدەن و هەمیشە لە خەمی زیندوو هێشتنەوەی کولتوورەکەیانن، بۆیە هەر کارێک دەیکەن بەشێکی دەبەستنەوە بە کولتوورەوە،  بۆ ئەوەی وڵاتانی دەرەوەش شارەزای فەرهەنگمان ببن، هەروەها بەشێک لە ژنان هەرچەندە ڕێگریان لێدەکرێت، بەڵام نەوەستاون و توانیویانە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە ئازاری ژنانی کۆمەڵگە بگەیەنن.

 

تابلۆ و خۆشنووسیەکانی بەفرین لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێدەکرێت

بەفرین چەلەبیانی، وێنەکێشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ئێستادا لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە، هەر لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و ماوەی ١٥ ساڵە وردە وردە پەرەی بە تواناکانی داوە، وێنەکانی بەفرین باسی ژینگە و مێژوو دەکات و سەرنجی زۆر دەخاتە سەر باس کردنی ژن لە وێنەکانیدا، وەک خۆی دەڵێت: من وەکو ژنێک هەست بەوە دەکەم لە کۆمەڵگەدا چ فشارێکمان لەسەرە، بۆیە هەوڵمداوە لە ڕێگەی کارەکانمەوە ئەو زوڵمەی لەسەر ژنانە بیگەیەنم.

 

وێنەکانی بەفرین ماوەی ٥ ساڵە بووە بە هۆکارێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی، حەز و خولیای وێنەکێشانی هەیە و لەو کاتەشی داواکاری نییە خۆی وێنە دەکێشێت، جگە لە وێنەکێشان کاری خۆشنووسیش دەکات و لەلایەن خەڵکەوە داواکارییەکی زۆری لەسەرە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری ٦ پێشانگای هاوبەشی کردووە، بەڵام لە باشووری کوردستان ئەو هەلەی بۆ نەڕەخساوە، بەڵام لە پلانیدا هەیە لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکە پێشانگا بکاتەوە.


         


        

تابلۆکانی دەکات بە ڕێگەیەک بۆ ناساندنی کولتوورەکەی

بەفرین بە هیوایە پێشانگایەکی تایبەت بە خۆی بکاتەوە بۆ کارەکانی و ئەو شتانەی کە لە ژیانیدا ڕەنگیان هەیە، دەیەوێت کولتوور و فەرهەنگی کوردی پیشانی تەواوی جیهان بدات، بۆئەوەی بتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکیەوە خزمەت بە گەلەکەی بکات، بەفرین زیاتر حەزی لە هونەری سونەتی و ئەو بابەتانە هەیە کە لە کۆندا بەکارهاتووە، وەک گۆزە و بەڕە و کڵاوزەڕ، بۆ ئەوەی بە زیندووی بیهێڵێتەوە.

 

بەفرین هەندێک جار تابلۆکان بە پێی داواکاری کەسەکان دەکێشێت، زۆرجاریش هەڵبژاردنی ڕەنگ و سەلیقە دەخەنە دەستی بەفرینەوە بە هاوبەشی بیرۆکەی هەردوولا تابلۆیەکی جوانیان بۆ دەکێشێت، ئەو بیر لەوە ناکاتەوە کەی تابلۆکە تەواو دەبێت، بەڵکو بیر لە دانە بە دانەی ئەو فڵچە و قەڵەمانە دەکاتەوە کە لەسەر تابلۆکەی دایدەنێت، هەمیشە هەوڵیداوە ئیشەکانی جێگەی ڕەزامەندی خەڵک بێت.

 

بەفرین لە کاتی وێنەکێشاندا بیر لە هیچ شتێکی نەرێنی ناکاتەوە، دەشڵێت: هەموو مرۆڤێک بەهرەیەکی هەیە و ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ئەو بەهرەیە لە خۆیدا پەرەپێبدات و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆی، لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە ژنان دەچەوسێندرێنەوە، بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین و پشت بەخۆمان ببەستین، خۆمان بین و ڕووبەڕووی هەر شتێک ببینەوە کە دژی ئێمە بێت.