ژیانی گوند ڕێگەی لە بەهرەی شێوە نەگرتووە

ڕێگری و قورسییەکانی ژیان ڕێگە لە بەهرەی ژنانی کورد ناگرێت و شێوە لەتیفیش وەک ژنێکی گەنج، کە لە گوند دەژی، دەستی کردووە بە تابلۆ کێشان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەت، توانا و ئیرادەیەکی زۆریان هەیە و لەگەڵ بە جێ گەیاندنی ئەرکەکانیان لە گوند و شارەکاندا دەستیان داوەتە بوارە جیاوازەکانی ژیان و هەوڵیان داوە پشت بە خۆیان ببەستن، سەرەڕای قورسی ژیانکردن لە گوندەکاندا و کەمی خزمەتگوزاری لە ناوچە دوورە دەستەکان، بەڵام ئەوان هەر بەردەوامن و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانیان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە.

 

تابلۆیەک دەبێتە هاندەر بۆ شێوە تا دەستبکات بە کارکردن

شێوە لەتیف ژنێکی گەنجی وێنەکێشە، دانیشتووی گوندی سابوراوای سەر بەشاری سلێمانییە، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی دەستی کردووە بە کاری هونەری و ماوەی ٣ مانگە خەریکی کێشانی تابلۆیە، هەر لە منداڵیەوە خولیای وێنەکێشانی هەبووە و سەرەتا بە قەڵەمی ڕەساس وێنەی کێشاوە، دواتر پەرەی بەو هونەرە داوە کە تیایدا بووە و ئێستا بە بۆیەی ئەکریلیک تابلۆ دەکێشێت، سەرەتای وێنەکێشانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی تابلۆیەکی بۆ خوشکەزایەکی دروست کردووە، لەوەوە هەست بە بەهرەی خۆی دەکات و بەردەوام دەبێت.

 

شێوە حەزی بە کێشانی ئەو تابلۆیانەیە کە باسی سروشت دەکات، بەڵام زۆربەی ئەو داواکاریانەی لەلایەن خەڵکەوە لێی دەکرێت، تابلۆی ژنە و شێوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وێنەی ژنان دەکێشێتەوە، بۆ هەر تابلۆیەک کاتێکی زۆر تەرخان دەکات، تا بە شێوەیەکی جوان بیکێشێتەوە و زیاتر لە شەواندا حەزی بە کێشانی تابلۆکانیەتی.

 

"کارکردن پێویستی بە باوەڕ بەخۆبوون هەیە"

شێوە کارەکانی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە نمایش دەکات و خەڵكی لەو ڕێگەیەوە داوای تابلۆکانی دەکەن، لە پلانیشیدا هەیە بەشداری پێشانگاکان بکات، پشتگیری کردنی هاوڕێکان و خێزانەکەی وای لە شێوە کرد زیاتر پەرە بە هونەرەکەی بدات، وەک خۆی دەڵێت: هەموو کارێک پێویستی بە باوەڕ بەخۆبوون هەیە، چونکە ئیشکردن بەرپرسیارێتییە، ئەگەر داواکاری خەڵک وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت لەو تابلۆیانەی داوایان کردووە وا لە خەڵک دەکات چیتر متمانەیان بە ئیشکردنمان نەمێنێت.

 

شێوە پێی وایە هەموو کەسێک ناتوانێت ڕەخنە بگرێت، تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە خۆیان هەمان پیشەیان هەیە، شێوە تابلۆکان بە پێی داواکاری خەڵک دەکێشێت و دوای ناردنەوەی تابلۆکان دەستخۆشیەکی باشی لێ دەکرێت، ئەمەش زیاتر هانی دەدات بەردەوام بێت لەسەر کارەکەی، زۆر جاریش حەز ناکات تابلۆکان بنێرێتەوە و لێی دوور بکەوێتەوە، چونکە بە خۆشەویستییەوە دروستیان دەکات.

 

ڕێگرییەکان شێوە ناوەستێنێت

شێوە لەبەرئەوەی لە گوند دەژی، دابینکردنی پێداویستییەکان قورسە بۆی، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: ئەمانە نەبووە بە ڕێگر لە بەردەمیدا و ئەگەر کەسێک بیەوێت کار بکات، نابێت گوێ بە ڕێگرییەکان بدات، خێزانەکەی پشتگیرییەکی زۆری شێوە دەکەن و کاتی پێدەدەن بۆ ئەوەی تابلۆکانی بە جوانی بکێشێت، کاتێک تابلۆیەک تەواو دەکات و دایکی پێی دەڵێت زۆر جوان کێشاوتە، ئەم قسەیە شێوە زۆر دڵخۆش دەکات و ماندووێتی دەڕەوێتەوە.

 

شێوە دەڵێت: لە گوندەکاندا هیچ سەنتەرێکی هونەری نییە تا گرنگی بە توانای منداڵ و بەهرەداران بدرێت لەو بوارەدا، لە کاتێکدا ئەوە شتێکی پێویستە و مامۆستای هونەر بێ یان کەسێکی وێنەکێشی وەکو من دەتوانێت وانەیان پێ بڵێتەوە، ئەمەش وای کردووە زۆر لەو کەسانەی لە گوندەکاندان وایان لێ هاتووە واز لە بەهرەکەیان بێنن.