ژنێکی کورد کتێبێک لە بواری زانستیدا دەنووسێت

سنور گەنجێکی دانیشتووی شارەدێی ڕزگارییە، کتێبێکی لەبارەی ئامێرێکی ئەلکترۆنییە نووسیوە، وەک خۆی دەڵێت: کاتێک توێژینەوەی زانکۆم ئامادە دەکرد، هیچ سەرچاوەیەکی کوردی نەبوو، بۆیە هەوڵمدا خۆم سەرچاوەیەکی زانستی بە زمانی کوردی بەرهەم بهێنم.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- کتێب کەرەستەیەکی بێ گیانە، بەڵام زمانێکی کاریگەرە، مێشک پێویستی بە ئاودانە بۆ دوورکەوتنەوە لە سستی و بێ هێزی و بێ توانایی، ئەو ئاودانەش لە ڕێگەی کتێب خوێندنەوەوە دەبێت، هەر نەتەوەیەک ئاستی خوێندنەوەی بەهێز بێت، ئەوا تاکەکانی دۆست و هاوڕێی کتێبن و لاوازی ئەو کۆمەڵگەیە ئەستەمە، ژنانیش ڕۆڵێکی باشیان هەیە لە نووسینی کتێب و خوێندنەوەیدا.

 

سنور مادیح، نووسەرێکی گەنجی دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە ساڵی ٢٠١٥ لە زانکۆی دهۆک خوێندنی تەواو کردوە، ئەندازیاری کارەبا و کۆمپیتەرە، وەک مامۆستایەکی ژنی بەتوانا ماوەی ٨ ساڵە لە چەند پەیمانگایەک وانەی وتووەتەوە، وەک پەیمانگای گەرمیانی ناحکومی، ئێستاش بەڕێوبەری پەیمانگای قەڵای ناحکومیە و لە ئێستادا دەستی کردووە بە نووسینی کتێبێک لە بواری زانستی تەکنەلۆژیادا، سنور باسی ئەزموونی خۆی بۆ نوژنها دەکات.

 

"کتێبی جیهانی ئاردوینۆ یەکەم ئەزموونمە"

سنور مادیح باسی لە کتێبەکەی خۆی کرد و وتی: کتێبەکەم ناوی "جیهانی ئاردوینۆ"یە یەکەم ئەزموونمە لە بواری کتێب نووسیندا، باس لە ئامێرێکی ئەلکترۆنی دەکات بە ناوی ئاردوینۆ، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە شارێکی ئیتاڵیا لەلایەن چەند کەسێکەوە دروستکراوە، ئامێرەکە بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی بتوانین پرۆگرامی وردە کارپێکەرێکی پێبکەین، کە ئەم وردە کارپێکەرە لە هەموو ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بەکاردەهێنرێت، وەکو مێشک بەکاردێت بۆ جێبەجێکردنی چەند کارێک کە خۆمان پرۆگرام ڕێژی بۆ دەکەین، هەروەها کتێبەکە باس لەوە دەکات کە چۆن بتوانین لە سفرەوە دەست پێبکەین و ئەو ئامێرە بەکاربهێنین بۆ دروستکردنی پرۆژەی بچوک و گەورەی تەکنەلۆژی.

 

سنور بیرۆکەی نووسینی کتێبەکەی لە توێژینەوەی زانکۆکەیەوە وەرگرتووە، کە لە ساڵی ٢٠١٤- ٢٠١٥ و لە کۆتا ساڵی خوێندنیدا ئامادەی کردووە، چونکە کاتێک توێژینەوەی لەسەر ئامێری ئاردوینۆبووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک بەردەست نەبووە، ناچار بوون پشت بە سەرچاوەی بیانی ببەستین بۆ سوود وەرگرتن، هەر ئەمەش بووە هۆکارێک کە سنور هەبوونی کتێبێک لە بوارەکەدا بە زمانی کوردی بە گرنگ بزانێت و هەوڵی بۆ نووسینەوەی بدات.

 

"لە کاتی نووسینی کتێبەکەدا بەربەستی زۆر دەهاتە ڕێگەم"

سنور مادیح ئاماژەی بەوەکرد، کە لە کاتی نووسینی کتێبەکەدا کۆمەڵێک ئاستەنگی هاتووەتە ڕێگەی، یەکێک لە ئاستەنگییەکان ئەوەبوو کە نەیزانیوە چۆن ئەو بیرۆکەی لە هزریدایە بیخاتە سەر پەڕە و خوێنەر سوودی لێببینن، یەکێکی تر هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، "کاتێک نووسینی کتێبەکەم تەواوکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە، بۆیە چاپکردنەکەی ٢ ساڵ دواکەوت، بەڵام ئەمساڵ توانیم کتێبەکەم چاپ بکەم".

 

"خێزانەکەم پاڵپشتیان کردم لە نووسینی کتێبەکەدا"

سنور مادیح ئەوەشی خستەڕوو، کە زۆر هەوڵیداوە و کتێبی خویندووەتەوە و بە دوای زانیاریدا گەڕاوە، بەڵام خێزانەکەی و هاوژینەکەی پاڵپشتی بوون، "کاتێکی زۆریان پێدەدام و وایان لێکردم بە ئاسانی کاری لەسەر بکەم، چونکە من بە ساڵ خەریکی نووسینی ئەم کتێبە بووم، هەروەها مامۆستاکانی هاوڕێم زۆر هاوکاریان کردم لە ڕووی زانستیەوە کە چۆن بتوانم زانیارییەکانم بخەمە سەر پەڕەکان".

 

"ژنان بەتواناترن لە نووسینی کتێبدا"

سنور مادیح وتیشی: من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان ژن و پیاودا، بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن پیاوان بەتواناترن، دەڵێم هەر کەسێک زانیاری پێبێت کەسێکی بەتوانایە، ئەگەر لە هەر ڕەگەزێک بێت، بەڵام ئەوە جێگای خۆشحاڵیە کە ژنان بەتواناترن لە نووسینی کتێبدا، من زۆر حەزم لە بواری زانستیە کتێبی زۆر دەخوێنمەوە لە بواری زانستیدا، هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا کتێبی زیاتر بنووسم لە بواری زانستی و بوارەکانی تر.

 

سنور لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەداخەوە لە ئێستادا کتێب خوێندنەوە کەم بووەتەوە و گرنگی پێنادرێت بەهۆی هاتنی تەکنەلۆژیا و مەشغوڵبوونی کەسەکان بە سۆشیاڵ میدیاوە، بۆیە من هەوڵمداوە کە وێنە لە ناو کتێبەکەمدا دابنێم، بۆ ئەوەی سەرنجی خوێنەر ڕابکێشم بۆ خوێندنەوەی.

 

"ژنان ڕێگریان لێدەکرێت لە نووسینی کتێبدا"

سنور مادیح ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنان بەهرە و توانایان زۆرە لە نووسیندا، بەڵام ڕێگریان لێدەکرێت بەهۆی دابوونەریت و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کە لەناو کۆمەڵگەدا وەها باوە دەڵێن، ژن نابێت ئیش بکات بەڵکو برا یان هاوژینی هەیە و ئەوان خاوەنی ژنەکەن و بەخێوی دەکەن، چی لە ڕووی ماددیەوە بێت یان لە ڕووی مەعنەویەوە بێت، بەڵام ژنان دەبێت خۆیان هەوڵبدەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ئێمە دەتوانین کار بکەین و نابێت خۆمان بە کەمتر بزانین لە پیاوان.