وەرگرتنی خوێندکار بۆ ساڵێک لە بەشی فیلمسازی هەڵدەپەسێردرێت؛ بەشەکە کەموکورتی هەیە

بۆ ماوەی ساڵێک وەرگرتنی خوێندکار لە بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی هەڵدەپەسێردرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ستافی ئاکادیمی و کەموکوڕتی تەکنیکی، ڕاگری کۆلێژی هونەرەجوانەکانیش ئاماژەی بەوەدا لە هەوڵدان کەموکورتییەکان چارەسەر بکەن.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- فیلمسازی ڕۆڵی هەیە لە کۆمەڵێک پرسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، لە هەرێمی کوردستانیش لەم چەند ساڵەی دوایدا چەند هەنگاوێک بۆ پێشخستنی بواری سینەمایی و فیلمسازی دراوە و کردنەوەی بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی وەک سەرەتایەک بۆ ئەو کەسانەی خوازیاری بواری سینەمان و لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی چەندین فیلمی سینەمایی کوردی بووەتە مایەی خۆشحاڵی بینەران.

 

بڵاوبوونەوەی دەنگۆی وەرنەگرتنی خوێندکاران لە بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی بووە هۆی نیگەرانی ئەو خوێندکارانەی کە خولیای بواری فیلمسازی و سینەمایان هەیە و پسپۆڕانیش باسیان لەوەکردووە وەرنەگرتنی خوێندکاران لەو بەشە دەبێتە هۆی ڕێگر کردن لە خواستی ئەو خوێندکارانەی کە خولیای بواری فیلمسازیان هەیە و دەتوانن ڕۆڵیان لە بوژاندنەوە و پێشخستنی فیلمی کوردی هەبێت.

 

یەکێک لە مامۆستایانی دامەزرێنەری بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی بۆ ئاژانسی نوژنها چەند زانیارییەکی خستەڕوو و وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ کردنەوەی بەشی فیلمسازی ئێمە هیوایەکی باشمان پێی هەبوو کە ببێتە سەنتەرێک بۆ  پێشخستنی بواری فیلمسازی لە کوردستان بە گشتی کە بتوانن خوێندکار لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان وەربگرێت و تەنها لە ناوخۆدا نەمێنێتەوە بەڵام کەموکورتییەکانی کۆلێژەکە بەردەوام ئاستەنگی دروس دەکرد بۆ خوێندکاران و مامۆستایانیش.

 

بەشی فیلمسازی کەموکورتی تەکنیکی هەبووە

ئەو مامۆستایە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد لە سەرەتای کردنەوەی بەشەکەوە کەموکورتی تەکنیکی خوێندکارانی تووشی ئاستەنگی دەکردەوە، "بەشی فیلمسازی پێویستی بە پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی پێشکەتوو هەیە بۆئەوەی خوێندکاران بتوانن بەرهەمی کوالێتی بەرز بەرهەمبهێنن، چونکە ئەم بەشە بە تەواوی پراکتیکییە و بەشێکی زۆر کەمی خوێندنی تیۆرییە و خوێندکاران ناتوانن تەنها بە خوێندنە تیۆرییەکەی ببنە فیلمسازی سەرکەوتوو، سەرباری ئەوەی چەندین جار داوامان کرد، بەڵام لە ئاستێکی زۆر سادەشدا بۆمان دابیننەکرا و خوێندکاران ناچاردەبوون بچن لە کۆمپانیا تایەبەتەکان داوای کامێرا و ئامێرەکانی دیکە بکەن بۆئەوەی کارەکانیان جێبەجێبکەن."

 

دکتۆر سەربەست ئیبراهیم ڕاگری کۆلێژی هونەرە جوانەکان و سەرۆک بەشی فیلمسازی بۆ ئاژانسی نوژنها دەربارەی ڕاگرتنی وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشی فیلمسازی بەم شێوەیە باسی لە هۆکارەکانی کرد، "بۆ ماوەی ساڵێک وەرگرتنی خوێندکارمان لە بەشی فیلمسازی ڕاگیراوە، تا بتوانین کەموکوڕتییەکانی بەشەکە چارەسەر بکەین و لە ساڵەکانی ئایندەدا خوێندکاران وەربگرین."

 

دکتۆر سەربەست ئاماژەی بەوەشدا ئەم بڕیارە لە ئێستادا لە بەرژەوەندی خوێندکارەکاندایە و وتی: لە ئێستادا بەهۆی کەمی ستاف و تەکنیکەوە وەرگرتنی خوێندکارمان هەڵپەساردووە، تا لە ساڵانی ئایندەدا بتوانین ستافی ئاکادیمی پێویست بۆ کۆلێژەکە دابین بکەین، چونکە پێویستمان بە مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا هەیە کە پسپۆڕی بواری سینەمابن.

 

حکومەت هاوکاری خوێندکاران نییە

دەربارەی کەموکورتی تەکنیکی و ئامێری پێویست بۆ خوێندکارەکان وتی: لە وڵاتانی ئەوروپا خوێندکارانی بەشی فیلمسازی بۆئەوەی بتوانن کارەکانیان بە کوالێتیەکی بەرز پێشکەشبکەن حکومەت پێداویستیەکانیان بۆ دابیندەکات و لە ڕووی مادییەوە پاڵپشت و هاوکاریان دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنانەت بە کەمترین بڕە پارەش حوکمەت هاوکاری خوێندکارەکان ناکات.

 

کەمی تەکنیک کێشەی بۆ خوێندکارانی فیلمسازی دروستکردووە و لەم بارەیەوە دکتۆر سەربەست وتی: چەند کامێرا و سێتێکی ڕووناکیمان هەیە، بەڵام زۆر کەمە و لە ئاستێکی زۆر سادەدایە و وەک پێویست نییە و ڕێگری لە خوێندکاران دەکات کە بتوانن چەندین بەرهەمی کوالێتی بەرز پێشکەشبکەن و چەندین جار هەبووە کە پێویستی کردووە پڕۆژەکانی خوێندکاران بگۆڕین، چونکە تەکنیکی پێویستمان لەبەردەستتدا نەبووە بەتایبەتی خوێندکارانی قۆناغی سێ و چوار کە کارەکانیان بە تەواوی پراکتیکییە.

 

دەربارەی کێشە و گرفتەکانی بەشی فیلمسازی تا ئێستا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و دەستەی بەڕێوەبەری هیچ لێدوان و زانیارییەکی پەیوەندیداریان بەو بابەتە بڵاونەکردوەتەوە و خوێندکارانیش نیگەرانن لەوەی کە نەتوانرێت کەموکورتییەکان بۆ ساڵانی ئایندە چارەسەربکرێت.

 

بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانی ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە، ساڵانە نزیکەی ٤٠ خوێندکار وەردەگرێت، ئێستا ٨٠ خوێندکار لەو بەشە دەخوێنن، سێ خولی دەرچوونی خوێندکارانی هەبووە.