"هونەر شەڕی هەبوون و زمان و کولتوورە"

ژنانی بەشداربووی فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم بە جلوبەرگە ڕەنگاوڕەنگ و کولتوورییەکانیانەوە ڕەنگیان بەخشییە فێستیڤاڵەکە.

فەریال محەمەد

 

حەلەب- یەكەمین فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم لەسەر ئاستی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا كە لە گەڕەكی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، ماوەی سێ رۆژ بە جۆش و خرۆشی ژنانەوە بەردەوام دەبێت، لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە کورد، پێکهاتەکانی عەرەب و سوریانیش بەشداربوون و بە فەرهەنگی ژنان و سەما و گۆرانی و شانۆ ڕازێنرایەوە.

 

"ژنان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشدارن"

ڕوکەن محەمەد، ئەندامی بەڕێوەبەری هیلالی زێڕینی کانتۆنی قامیشلۆ سەبارەت بە فێستیڤاڵە ئاماژەی بەوەدا ماوەی دوو ساڵە ئامادەکاری باش بۆ فێستیڤاڵەکە کراوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێگربووە لە یەکەم هەنگاو، وتیشی: ئەمساڵ وتمان ئەگەر ڕووبەڕووی ئاستەنگیش ببینەوە، ئێمە فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم بەڕێوەدەبەین، ئامانجمان لە ڕێکخستنی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە هەموو ئەو ژنانەی لێرەن بە کورد، عەرەب، سوریانی و چەرکەسەوە بە شێوازی خۆیان بێنە سەر شانۆ. ژنان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون.

 

"فێستیڤاڵەکە بۆ خاوەنداریکردنە لە ڕەنجی شەهید بەرچەم"

ڕەهەف زلفۆ لە ناوچەی جزیرە ڕایگەیاند کە فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم یەکەم فێستیڤاڵی هونەری و خۆسەرە، وتی: شەهید بەرچەم هونەرمەندێک بوو کە سەرقاڵی هونەر بوو، بۆیە ئەم فێستیڤاڵی بە ناوی شەهید بەرچەمەوە وەک ڕێزلێنانێک بۆ کارەکانی ناوی لێنرا. ئامانجیشمان لە فێستیڤاڵەکە ئەوەیە کە هونەر و کولتوور و زمان و نەریتەکانمان بپارێزین.