ئارێز فەرهەنگ: دایکم پاڵپشتم بوو لە کارەکانم

ئارێز سەرەتای دەستکردنی بە کاری چنین، لە دایکییەوە بووە، کە لە منداڵییەوە سەیری دەستی دایکی کردووە و لەوەوە فێری چۆنیەتی لێدانی تەقەڵەکان بووە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ئارێز فەرهەنگ دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و مامۆستای وانەی ئینگلیزییە لە ڕێکخراوێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەت، جگە لەوەش سەرقاڵی کاری دەستییە و ماوەی ٢ ساڵە بە خوری کاڵای جۆراوجۆر دەچنێت.

 

ئارێز باس لەوە دەکات، سەرەتا وەک خولیایەک دەستی بە کاری چنین کردووە، بەڵام ئێستا بووەتە پیشەیەک و توانیویەتی ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکات لەگەڵ وەرزەکاندا بیگونجێنێت، ئارێز جل و بەرگ و جانتا و یاری منداڵان و کەلوپەلی جوانکاری دەچنێت، کارەکانی لەلایەن کڕیارانەوە خواستی زۆر لە سەرەوە و لە ڕێگەی بازاڕی ئۆنلاینەوە بازاڕی فرۆشتن بۆ کاڵاکانی دەکاتەوە.

 

"کاڵاکانم لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دەناسێنم"

ئارێز فەرهەنگی دەست ڕەنگین ماوەی دوو ساڵە کار دەکات تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بیکات بە براندێکی تایبەت بە خۆی، بەڵام هەوڵ دەدات کارەکانی مۆرکێکی تایبەت و جیاوازی هەبێت و شێوازی کار کردنی خۆی جیا بکاتەوە.

 

سەبارەت ب ناساندنی بەرهەمەکانی، ئارێز تۆڕی کۆمەڵایەتی بە هۆکارێکی باش دەزانێت و دەڵێت: بەرهەمەکانم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەناسێنم و داواکاریەکان وەردەگرم، هەروەها فیدباکی داواکارەکانمان وەردەگرین، بۆ دروستکردنی هەر بەرهەمێکیش کاتی خۆی دەوێت بۆی دروستی بکەم، چونکە هەموو بە وردەکاری و خۆشەویستییەوە دروست دەکەم.

 

"دایکم هۆکار بوو بۆ ئەوەی تەقەڵەکانم ڕێک و جوان بن "

ئارێز سەرەتای دەستکردنی بە کاری چنین، لە دایکییەوە بووە، کە لە منداڵییەوە سەیری دەستی دایکی کردووە و لەوەوە فێری چۆنیەتی لێدانی تەقەڵەکان بووە، تا وەک دایکی ڕێک و جوان بن، وەک خۆیشی دەڵێت: لە دایکمەوە فێربووم و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرنگی زیاترم پێدا، ڕۆژانە بەشێکی زۆری کاتەکەم بە سەیرکردنی دایکم دەبردە سەر تا تەقەڵەکانم ڕێک و جوان بن.