داگیرکاری مۆرکی خۆی لەسەر ناوی منداڵانیش جێهێشتووە ...٢

هاوڵاتیان دەربارەی ناونانی منداڵ لە ئێستادا بۆچوونی خۆیان دەڵێن و باس لەوەدەکەن کە ناوی منداڵی ئێستا ڕەنگدانەوەی کلتوری کوردی نیە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ناو بەشێکە لە کەسایەتی مرۆڤەکان، لە ڕێیەوە تاکی کۆمەڵگەی پێدەناسرێت، بەهۆی ناوەوە کولتوورە جیاوازەکان لێک جیادەکرێتەوە، چونکە یەکێک لە بنەمای کولتووری کۆمەڵگەکان، بۆیە پاراستنی ناو بەشێکی پارێزگاریکردنە لە زمان و کولتووری نەتەوە.

 

بە بڕوای هاوڵاتیان ناوی منداڵانی ئێستا ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگە و کلتوری کوردی نیە، دایکان و باوکان لە ڕۆژگاری ئێستاماندا لە ژێر کاریگەری کلتور و کۆمەڵگای دەرەوەدا ناوی منداڵەکانیان دەنێن پێیان وایە نوێگەری دەکەن لە ڕۆژگار، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام ببن ناسنامە و شوناسی کوردی بەرەو ونبوون دەچێت.

 

هاوڵاتیان لەم بارەیەوە وتیان:-

ستارە ئەحمەد، وەک هاوڵاتییەک هەبوونی ناوی جۆراوجۆر لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردیدا دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی ئەو درامایانەی کەلەناو خێزانەکاندا پەخش دەکرێت و خێزان پێی کاریگەری دەبێت، وتی "خاوەنی چوار منداڵم و هەموو منداڵەکانم ناویان کوردییە و مانای خۆی هەیە، بەڵام منداڵی ئێستا و بەشێک لە خوشکەزا و برازاکانم نە ناویان دەزانم کاتێکیش لێم دەپرسن نازانم ناویان چییە و ماناکەی چییە چونکە وتنی قورسە لەسەر زمان و کوردی نیە".

 

گەنجی ئێستا پێی شەرمە هەندێک ناوی کۆنی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن، بە بڕوای خۆیان تازەگەری دەکەن بەڵام نازانن کە هیچ لەگەڵ کولتووری کوردی ناگونجێت، بەڵکو ناوێکی ئەوروپیە و دوورە لە کۆمەڵگەی ڕەسەنی کوردیەوە.

 

"ناو پێویستە مانادار بێت، چیتر ناوی بێگانە نەبێت"

شەوبۆ عوسمان، خاوەنی یەک كچە بە ناوی سیڤانا دەڵێت "مانای ناوی کچەکەم بە چەتری بەر خۆر دێت"، گرنگە بەلایەوە کە ناو زیاتر کوردی بێت و لەگەڵ کولتووری کوردیدا بگونجێت، ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ئاینی ئیسلامەوە زیاتر ناوەکان ئاینین، لە هەمووی گرنگتر ناوی منداڵ دەبێت مانادار بێت کە کەسایەتیەکی بەهێز بەو منداڵە ببەخشێت.

 

باسی لەوەکرد، دراما تورکی و سۆشیاڵ میدیا کاری کردووەتە سەر ئەوەی کە دایکان و باوکان زیاتر حەز بەو ناوانە بکەن، بەڵام هۆشیاری ئەوەیان نییە کە ناوی منداڵەکانیان کوردی بێت بۆ ئەوەی کاتێک بچنە ناوچەیەکی جیاواز بەو ناوە کوردییە کورد بناسرێت، چونکە هیچ وڵاتێک ناوی کورد بەکار ناهێنێت تا کورد ناوێکی بێگانە بەکاربهێنێت، هەروەها پێویستە لە ناونانی منداڵەکانیان جیاوازی نەکەن و چیتر ناوێکی نا ئومێدانە لە کچەکانیان نەنێن تەنها لەبەر ئەوەی کچە.

 

عسمەت کەریم، وەک دایکێک کە ناوی منداڵەکانی تەواو کوردییە بۆ نوژنها ڕوونیکردەوە کە هەموو دایک و باوکێک دەبێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ناو و ناسنامەی منداڵەکانیان بکەن، بێ ئامانج نابێت ناو لە منداڵەکانیان بنێن، بەڵکو پێویستە بە هۆشیارییەوە بیر بکەنەوە، هەوڵ بدەن نە ناوێکی نا ئومێدانە بێت، نە بێگانە بێت بە کلتورەکەمان، بەڵکو ناوێکی کوردیانەی ئومێد بەخش بێت، بە تایبەت منداڵە کچەکان کە نابێت جیاوازیان بکرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لای نەبێت بە پرسیار کە بۆ خێزانەکەی ناوێکی نەرێنییان لێناوە.