لە دژی هێرش و داگیرکاری ژنان بە کولتوور و هونەر تێکۆشان دەکەن

لە دژی هێرش و داگیرکاری، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا تێدەکۆشن، بە کولتوور و هونەر بەرخۆدان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا گروپی ستێرا زێڕینی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور خولێکی پەروەردەی ئامێرە موسیقییەکانی دەستپێکرد.

بەرژین کارا

 

مەخموور- لەلایەن گروپی ستێرا زێڕین لە کامپی پەنابەرانی مەخموورەوە بە بەشداری ١٢٠ منداڵ و گەنجی کامپی مەخموور خولێکی پەروەردەیی بە ناوی شەهید هۆزان مزگین لە ١٥ی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد و بڕیارە نزیکەی سێ مانگ بەردەوام بێت.

 

"خولەکەمان بە ناوی شەهید هۆزان مزگینەوە دەستپێکردووە"

ڕۆناهی یامان، ئەندامی ستێرا زێرین، ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ساڵێک خولێکی ئامێرە مۆسیقییەکان دەستپێدەکات و وتی: بۆ ئەوەی بتوانین پەروەردە بە منداڵان و گەنجان بدەین، ئێمە وەک ستێرا زێڕین کۆرسێکی پەروەردەیی ئامێرە مۆسیقییەکانمان دەستپێکردووە، ڕێژەی تەمەنی بەشداربووان لە تەمەنی ٨ بۆ ١٣ ساڵە و تا تەمەنی ٣٥ ساڵی سنوورێکمان بۆ گەنجان دانەنا، هەم دایک و هەم گەنج هەن.

 

ڕۆناهی یامان ئاماژەی بەوەکرد، خولەکە بە ناوی غوربەت ئایدن "هۆزان" دەستیپێکردووە، کە یەکێکە لە پێشەنگانی خەباتی ئازادی ژنانی کورد، هەم فەرماندە و هەم هونەرمەند بووە، وتیشی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بە لایەنی کەمەوە سێ مانگ بەردەوام بین لە پەروەردە، لەوانەیە زیاتریش بخایەنێت، کە بەپێی ئاستی خوێندکاران دیاری دەکرێت، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە بتوانین هەموو ساڵێک پەروەردەی خوێندکاران بکەین.

 

"بەم پەروەردەیە کولتووری خۆیان دەناسن"

ڕۆناهی یامان ئامانجی دەستپێکردنی خولەکەی ڕاگەیاند و وتی: لەم سێ مانگەدا، لەبەر ئەوەی گەنجەکانمان لە ماڵەوە دەمێننەوە و هیچ دەرفەتێکیان نییە بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە خۆیان فێری ئامێرە مۆسیقییەکان بکەن، ئێمە دەمانەوێت بەگوێرەی ئەو دەرفەتانەی هەمانە فێریان بکەین، تا ئێستا ١٢٠ خوێندکار ناویان نووسیوە، لێرە هەم کولتووری خۆیان دەناسن، هەم دەتوانن هونەرێک پێشکەش بکەن، خواستەکانیان لە منداڵییەوە دەستپێدەکات، بۆیە ئەگەر بتوانین لە ئێستاوە پێشوازییان لێبکەین، ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.