مەراسیمی دەفژەنی بە ئامادەبوونی سەدان دەفژەن لە باینگان بەڕێوەچوو

مەراسیمی دەفژەنی بە بەشداری سەدان هونەرمەندی دەفژەن لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئامادەبوونی هەزاران میوان لە شاری باینگان بەڕێوەچوو.

ژوان کەرەمی

 

باینگان- دوێنێ، ٢٧ی نیسان بە ئامادەبوونی هەزاران میوان کە لە شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێرانەوە هاتبوونە باینگان، ڕێوڕەسمێک بە ناوی ڤیستیڤاڵی گەورەی دەف ژەنین لە ناوچەی باینگانی شاری پاوە لەلایەن دەفژەنانی شارەکانی پاوە، جەوانڕۆ و مەریوان بەڕێوەچوو.

 

سەرەڕای خراپی بەڕێوەبردنی دامودەزگا حکومییەکانی وەک شارەوانی و ناوەندی ڕۆشنبیری، کە بە وتارە کلیشە و ناپەیوەندیدارەکان ئامادەبووانیان بێزار کرد، بەڵام هونەرمەندانی دەفژەن بە نمایشە ناوازەکانیان دڵی ئامادەبووانیان خۆشکرد، هەروەها یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێش و دیارەکانی ئەم بۆنەیە، بەشداریی بەرزی ژنان بوو، چ لە نێو هونەرمەندان و چ لە نێو بینەر و میوانەکاندا، ئەم ئامادەبوونە کە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی حیجابی ناچاری لەلایەن ڕێژەیەکی زۆریانەوە بوو، کەشێکی جیاوازی بە مەراسیمەکە بەخشیبوو، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی، یەکێک لە بەرپرسانی حکومەت لەسەر شانۆ داوا لە ژنان بکات ڕەچاوی حیجابی ناچاری بکەن، ئەمەش دەستبەجێ کاردانەوەی توندی ئەو ژنانەی لێکەوتەوە، بۆیە ئەو بەرپرسە ناچار بوو باسی دەسەڵات و بیانووەکەی بکات و بە جۆرێک پاساو بۆ قسەکانی بدات.

 

لە پەراوێزی ئەم مەراسیمەدا پێشانگایەک کرایەوە کە چەندین کۆشکی فرۆشتنی کاری دەستی و خواردنە ناوخۆییەکانی تێدابوو، کە زۆربەیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرا.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەم ڕێوڕەسمە لە گوندێکی تری ناوچەی هەورامان بە ناوی پاڵنگان بەڕێوەدەچوو، بە وتەی بەشێک لە میوانەکان، گۆڕینی شوێنی ئاهەنگەکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە پاڵنگان زۆر سەرکەوتوو بووە، هۆکارەکەی ترسی ئیدارە حکومییەکانە لە کۆبوونەوەی خەڵک، بەتایبەتی ژنان، هەروەها هەڵبژاردنی باینگان لە جیاتی پاڵنگان کە ناوی هاوشێوەیان هەیە، بە ئەنقەست و بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشداریی خەڵک و هونەرمەندان لەم مەراسیمەدا بووە.