فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی بەغدا سبەینێ دەستپێدەکات

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی بەغدا سبەینێ، ٢٠ی تشرینی دووەم دەستپیدەکات و ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، تێیدا ١٩ شانۆیی عێراقی، عەرەبی و بیانی نمایش دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

سبەینێ ٢٠ی تشرینی دووەم، خولی دووەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی بەغدا لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک، تا ٢٦ی مانگ بەردەوام  دەبێت، بەپێی وتەی ئامادەکارانی فێستیڤاڵەکە بۆ میدیاکان، ماوەیەکە ئامادەکاری بۆ فێستیڤاڵەکە دەکرێت و ئامانجیانە کە ڕۆژانی پێشووی عێراق کە پایتەختی ڕۆشنبیری بووە، زیندوو بکەنەوە.

 

لیژنەی هەڵبژاردن بە سەرۆکایەتی سێ مامۆستا لە زانکۆکانی بەسرە، ناسریە و هەولێر، هەڵبژاردنیان بۆ ٨٦ شانۆیی کردووە کە پێشکەش بە فێستڤاڵەکە کراوە، لەو ژمارەیە ٤ شانۆیی عێراقی، ١١ شانۆیی وڵاتانی عەرەبی و ٤ شانۆیی بیانی بەشداری دەکەن و لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هۆڵەکانی شانۆیی ڕەشید، ئەلوەتەنی و ڕافیدەین پێشکەش دەکرێن.

 

وڵاتانی بەشداربوو بریتین لە: ئەڵمانیا، ئیتالیا، پۆلەندا، میسر، تونس، مەغریب، سوریا، ئوردن، جەزائیر، عەممان و لوبنان، لە کۆتایشدا باشترین شانۆیی هەڵدەبژێردرێت و خەڵات دەکرێن.

 

وڵاتی عەممان کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی خولی دووەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی بەغدا دەکات بە نمایشکردنی شانۆیی "مدق الحناء"، کە باس لە زوڵم، داگیرکاری و چەوسانەوە دەکات.

 

جێی ئاماژەیە خولی یەکەمی فێستیڤاڵەکە لە ساڵی ٢٠١٣دا بەڕێوەچووە و بڕی ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دینار بودجەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی شەڕ و گەندەڵییەوە وەستێنرا، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، سبەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی بەغدا بەڕێوەدەچێت.

 

ت.پ