فیستیڤاڵی خواردنی سەمەنی بەڕێوەچوو

بە سەرپەرشتیاری یەکێتی سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی فیستیڤاڵی دروستکردنی سەمەنی بەڕێوەچوو، لە فیستیڤاڵەکەشدا چەندین کاری دەستی ژنان نمایشکرا.

ناوەندی هەواڵ
 
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی فیستیڤاڵێک تایبەت بە دروستکردنی خواردنی سەمەنی و کاری دەستی ژنانی دەست ڕەنگین لەلایەن سەندیکای کرێکاران لقی سلێمانی ڕیکخرا، فیستیڤاڵەکە بە سەرپەرشتی یەکێتی سەندیکای کرێکاران و هاوکاری فرۆشگای ماڵی دایکم بەڕێوەچوو، داهاتی خواردنی سەمەنی و حەڵوای کوردەواری بۆ  کۆمەڵەی نابینایان تەرخان دەکرێت.
 
فیستیڤاڵەکە پێکهاتبوو لە دروستکردنی سەمەنی، حەڵوا، کاری دەستی چنین و جوانکاری ژنان، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٥ی ئێوارە، ٤٠ ژن لە فیستیڤاڵەکەدا بە کارەکانیان بەشدارییان کردووە.
 
لەیلا کەریم، لێپرسراوی بەشی ژنانی سەندیکای کرێکاران ئاماژەی بەوە دا "لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا نزیکەی پێنج ڤیستیڤاڵمان ئەنجام داوە، ئەمە لە هەموویان تایبەتترە چونکە داهاتەکەی بۆ کۆمەڵەی نابینایانە و وەک کارێکی خێرخوازی ئەنجامانداوە".
حاجی گێلاس، بە میوانی هاتبووە فیستیڤاڵەکە و باسی لەوە کرد "دروستکردنی خواردنی سەمەنی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەرمەنییەکان کە لە سلێمانیدا هەبوون، ئەوکاتە جەیشی ئەرمەنییەکان زۆر بوون وەک خواردن سەمەنیان بەکاردەهێنا تا بەشیان بکات. ئاماژە بەوەش دەکات ژنانی شاری سلێمانی هەمیشە چالاک بوون هەرشتێکیان بینیبێت توانیویانە ئەنجامی بدەنەوە و وەک خۆی دروستی بکەنەوە".
 
نازەنین سەعید، بەڕێوەبەری فرۆشگای ماڵی دایکم و ڕێکخەری فیستیڤاڵەکە وەک ژنێک کە دروستکردنی خواردنی سەمەنی زیندو کردووەتەوە بۆ مایکی ژنها دەدوێت "خواردنی سەمەنی وردە وردە دەچێتە نێو مێژووەوە"، باس لە چۆنیەتی دروستکردنی خواردنی سەمەنی دەکات و دەڵێت، خواردنەکە چۆنیەتی دروستکردنەکەی زۆر قورسە و ماوەیەکی زۆری دەوێت. لە کۆندا دروستکردنی سەمەنی ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە و ژنانی گەنج بە دەوریدا هەڵپەڕیوون، هەرکەسێک بیخواردایە نیازێکی دەخستە دڵییەوە تا بەدی بێت.
 
جگە لە دروسکردنی خواردنی سەمەنی کاری دەستی بەشێکی تری فیستیڤاڵەکە بوو، شیراز حەسەن، خاوەن دەستڕەنگینی و کاری دەستی ئاماژە بەوە دەکات " دوو ساڵە کاری چنین دەکەم لەسەر جلی کوردی، ئەرکێکی قورسە نەخشاندنی جلەکان، لە هەوڵدام دوکانێکی تایبەت بە کارەکانم دابنێم و بتوانم کارەکانم پێشکەش بە خەڵکی بکەم".