فیلمی بێ نیشتمان لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان نمایش دەکرێت

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەرهێنەری فیلمی "بێ نیشتمان" ڕایگەیاند کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان نمایش دەکرێت.

سلێمانی

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سیتی سینەما لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی دەر‌هێنەری فیلمی "بێ نیشتمان" تورج ئاسڵانی و دوو لە ئەندامانی ستافی فیلم کاتی نمایش ڕاگەیەندرا، کە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

فیلمی "بێ نیشتمان" لە دەرهێنانی تورج ئەسڵانی'یە و ستافی فیلمەکە لە چوار پارچەی کوردستان پێکدێن، ئەکتەرانی بەشداربوو لە باشوری کوردستان، شوان عەتوف بەنگین ئەنی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هانی موجتەهیدی و بەڕۆژ ئاکرەیی، لە باکوری کوردستان، شاهین یاڵچین، بەشدارن و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش مەحمود بەڕازی کاری موزیکی فیلمەکەی بەڕێوە بردووە، لەگەڵ چەندین ئەکتەر و ئەندامی دیکە.

 

چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیان، شەڕ، پەنابەری و لەدایکبوون دەکات کە چۆن لەدوای شەڕی داعش کۆمەڵێک کەس ناچار دەبن وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن بۆ مانەوە و بەدوای شوێنی ژیاندا دەگەڕێن، فیلمەکەش لە باشوری کوردستان وێنەی گیراوە.

 

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، کاتژمێر ١٩:٠٠ لە سیتی سینەما یەکەم نمایشی فیلمەکە بە ئامادەبوونی ئەکتەران و ستافی بەشداربووی فیلمەکە بەڕێوەدەچێت.

 

ڕۆژانی دواتری نمایشی فیلمەکە:

دووەم ڕۆژی جەژن و ڕۆژانی دواتر لە دهۆک مۆڵ  لە شاری دهۆک، ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵی شاری هەولێر، لە تایم سەنتەری شاری کەرکوک نمایش دەکرێت و بڕیارە ببرێتە سەرجەم شار  و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان.