فەتانە وەلیدی، شاژنێکی وەلانراو

هونەرمەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ماوەیەکی کەم توانی ڕۆڵێکی مێژووی لە هونەر و مۆسیقای کوردیدا ببینێت و ببێتە سەرچاوی ئیلهامی هونەری بۆ هونەرمەندانی دوای خۆی.

 

شنیار بایز

فەتانە محەمەد شەریف وەلیدی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٣ شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای ئاواز و مۆسیقا و هونەر بووە، خاوەنی سێ خوشک و برایەکە، باوکی وەک پیاوێکی هونەری و ژەنیاری ڤیۆلۆن و دەنگبێژی سەردەمی خۆی پشگیری زۆری کردووە، یەکەم ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە گۆرانی وتووە، لە خوێندنگەی باڵای میوزیک لە تاران خوێندویەتی، بەهۆی نەخۆشی دەروونیەوە زۆر زوو کۆتای بە ڕێڕەوی هونەری ژیانی هات بەڵام توانی ببێتە کەسایەتیەکی دیار لە هونەری کوردیدا.

 

فەتانە توانیویەتی لەسەردەمێکدا گۆرانی بڵێت و تواناکانی خۆی نیشانی خەڵکی بدات کە گۆرانی وتن و بەشداری کردنی ژنان بۆ کاری هونەری نەشیاو و ڕێگە پێنەدراو بووە، بەڵام ئەو توانیویەتی ببێتە پێشەنگ بۆ ژنانی ئەو سەردەمەش، وەک "شەهین تاڵەبانی، مەستورەی ئەسەدی، سدیقە محەمەدنەژاد" کە بەشێکیان بەهۆی ڕێگری کۆمەڵگە لەو سەردەمدا وازیان لە وتنی گۆرانی هێنا.

 

دەستپێکردنی کاری هونەری

لە ساڵی ١٩٦٠ و لەتەمەنی ٧ ساڵیدا چوەتە ڕادیۆی سنە بە هاوکاری حەسەن کامکار، و باوکی خۆی. لەوێ سەرەتای دەستپێکردنی کارە هونەریەکانی دەستپێکردووە، یەکەم گۆرانیشی هەر لە ڕادیۆی سنە تۆمار کرد، ئەو توانا زۆرەی لەو تەمەنەدا هەیبووە بووەتە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی هەریەک لە ژەنیاران و ئاوازدانەرە بەناوبانگەکانی وەک گریشا میکاییلزادە و موجتەبا میرزادەی.

 

نزیکەی ٥٦ گۆرانی لە ڕادیۆکانی سنە و کرماشان تۆمار کردووە کە تەنها یەک ئەلبوومی دیارە و بەشی زۆری بەرهەمەکانی بڵاو نەکراوەتەوە، تا ئێستاش هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە. نموونەی ئەو گۆرانییانە "ئەی وەی بەلەرزانە گیانە بەلەرزانە، گێل گێلەکەی دەوری سەری پەخشە پەرێشانە، ئەم گۆرانیەش دواتر لە لایەن حسێن شۆخ کەمان لە گروپی برایانی زێ زێ وتراوە و ناسر ڕەزازیش لە بەرهەمێکیدا لە ساڵی ١٩٨٤دا لە شاری سلێمانی لە گۆرانی "بەردە بەردە" تۆماری کردووە.

 

بەشێک لەو بەرهەمانەی لە ماوەی چەن ساڵی تەمەنیدا تۆماری کردووە بریتین لە ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری، لە ژین بێزارم، لای لای دڵم لای لە باغی سینەم، ئای لە دەست یارم ماڵی وێرانم، لە سەرووی قامەتی یار، هاتەوە یارم یاری وەفادارم، بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم، بەهار فەسڵێكی خۆشە و چەندان بەرهەمی دیکەی هەیە.

 

 

کۆتای ژیانی هونەری

ژیانی هونەری ئەو هونەرمەندە بە هۆی نەخۆشی دروونیەوە زوو کۆتای هات، بەڵام بە یەکێک لە هونەرمەندە دیار و کاریگەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت، چەندین هۆکار و چیرۆکی دروستکراو سەبارەت بە دوورکەوتنەوەی لە بواری هونەری باس دەکرێت، دیارترینیان چیرۆکێکی خۆسەویستی بووە کە بووەتە هۆی خراپبوونی دۆخی دەروونی فەتانە وەلیدی، بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی براکەی و دوای مردنی باوکی لە ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی بێکەسوکاری و کەمدەرامەتی دەیگوازنەوە بۆ ناوەندێکی خێرخوازی و چاودێری نەخۆشییە دەروونیەکان بەناوی "بەهار" کەلە گەڕەکێکی شاری سنەدایە، لەگەڵ براکەیدا لەهەمان شوێندان. بەهۆی خراپی باری دەروونیەوە لەئێستادا خوشکەکانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە بە ئەزموونەدا سنوردار کردووە.

 

فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا جارجارە هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردووە و وەك وەفایەك بۆ ژنێك كە دەیتوانی شاژنی مۆسیقای كوردی بێت، ڕێزیان لێگرتووە. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە دوای مردنی باوكی، ئیدی كۆتایی بەم سەردانانەش هاتووە هیچ کەسێک  ئاگای لە شوێنی مانەوە و دۆخی ژیانی ئەم هونەرمەندە فەرامۆشكراوەی كورد نییە.

 

ت.پ