جودی و خێزانەکەی لە ڕێی کارە هونەرییەکانیانەوە دەیانەوێت فۆلکلۆری ژنان زیندوو بکەنەوە

خێزانێک هەمان ڕێچکەی دایکیان گرتووە، دەستیان کردووە بە کاری وێنەکێشان و زیاتر وێنەکانیان دەربارەی ژنان و فۆلکلۆری ژنانە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- خێزانێکی بە ڕەگەز عەرەب لە شاری بەغداوە دێنە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان و کارە هونەرییەکانیان لە ڕێگەیی گەلەرییەکەوە پێشکەش بە دانیشتوانی شاری سلێمانی دەکەن، ئەم خێزانە هونەریان لە بۆماوەییەوە بۆ ماوەتەوە و دایکیان هۆکاری سەرەکی بەرەوپێشچوونی گەلەرییەکەیانە و ئەویش بووەتە سەرچاوەی بەهرەی منداڵەکانی.

 

وەک کچەکەی باسی لێوەدەکات دایکیان پاڵپشتی سەرەکیان بووە و ئەمەش وایکردووە گرنگی بە بەهرەکەیان بدەن، زیاترین کاریش لەسەر مێژوو و فۆلکلۆری ژنان دەکەن لە نەتەوە جیاوازەکاندا.

 

"هونەر و وێنەکێشان خولیایەکە لە منداڵییەوە هەمە"

جودی شێوەکارە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری بەسڕەن، بەڵام لە بەغدا نیشتەجێبوون و لە ساڵی ٢٠٠٧وە هاتووەتە شاری سلێمانی، جودی دەرچووی کۆلێژی زمانە بەشی زمانی ئینگلیزی، دەڵێت: "هونەر لای من خولیایە نەک شتێک کە بۆی بخوێنیت".

 

بەهرەی وێنەکێشانی لە دایکییەوە بۆ ماوەتەوە

جودی باسی لەوەکرد، هونەر خولیایەکە بۆی، ئەم خولیایەشی لە ڕێی بۆماوەییەوە بۆ ماوەتەوە، چونکە دایکیشی وێنەکێش و هونەرمەندە، ئەو بۆماوەییە وایکرد لەگەڵ دایک و براکەیدا بڕیار بدات گەلەرییەکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنین، وەک خۆی دەڵێت، "لە ساڵی ٢٠١٧وە دەستم بە کاری وێنەکێشان کردووە، واتە لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا، بەڵام من هەر لە منداڵیشەوە خولیای وێنەکێشانم هەبووە و هێزێک لە ناخمدا هەبووە کە بتوانم وێنە بکێشم"، دەستپێکی وێنەکێشانیشی لەسەر بەرد و دار بووە، دواتر کاری جیاوازی کردووە لەسەر کاغەز، دواتر کارەکانی خۆیان لە کاری دەستیدا بینیوەتەوە، دایکی پاڵپشتی جودی و براکەشی دەکرد بۆ ئەوەی وێنە بکێشن و بچنە بواری هونەرییەوە، وەک باسی لێوە دەکات، لە ناخیاندا بەهرەیەک هەبوو، بەڵام دایکی وایکرد بەهرەکەیان بەرەوپێش ببەن و دەست بە وێنەکێشان بکەن.

 

"ئەو هێزەی لە ژناندایە نە لە هیچ بونەوەرێکدایە نە دووبارەش دەبێتەوە"

ئەو ژنە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەدا، بە وێنەی ژن دەستی کردووە بە وێنەکێشان، هەموو خولیاشی کێشانی وێنەی ژنانە، هۆکارەکەشی گەڕاندوە بۆ بوونی جوانی ژن و ئەو هێزەی لە ژندایە کە نە لە هیچ بوونەوەرێکدا هەیە نە دەشبێت.

 

دەشڵێت: لە دەستپێکی کارکردنمدا و وێنەکێشانمدا زەحمەتی زۆرم نەبینیووە، چونکە ئێمە بە خێزانی ئەو بەهرەیەمان تێدا بوو وە باوەڕیشمان پێی هەبوو، هەریەک لە خێزانەکەمدا کە وێنەمان دەکێشا وزەی جیاوازمان هەبوو، ئەمەش وایکردووە ئاستەنگی بۆ ئێمە دروست نەبێت نە لە سلێمانی نە لە هیچ جێگەیەکی دیکە.

 

"دەمەوێت لە ڕێی هونەرەوە بە مێژوو و فۆلکلۆری ژنان ئاشنا بم"

دەربارەی ئەو کەسانەی سەردانی گەلەرییەکەی جودی و خێزانەکەی دەکەن ڕوونیکردەوە، ئەو کەسانەی سەردانی گەلەرییەکە دەکەن لە ڕەگەزی کورد و عەرەبیشن، بەڵام زیاتر کوردەکان سەردان دەکەن، چونکە زیاتر حەز بە هونەر دەکەن، بەتایبەت خەڵکی سلێمانی کە حەز بە هونەر دەکەن.

 

لە تێڕوانین و دنیا بینینی جودیەوە ژن ڕۆڵی سەرەکی لە هەموو شتێکدا هەیە وەک لە ژیان، خێزان و کاردا، بەهۆی ئەو وزەیەی ژنەوە دەیەوێت بەردەوام لەگەڵ ژندا بەریەک کەوتنی هەبێت و وتی: لە هونەردا گەلێک کولتوور و فۆلکلۆری جیاواز کۆدەکەمەوە، وەک کلتووری کوردی، عەرەبی، ئەفریقی، زیاتریش گرنگیم داوە بە مێژووی فۆلکلۆری ژنانی ئەو ناوچە جیاوازانە.