"شاماران هێمای فیکر و زیندووی میللەتێکە"

پێشەنگای هونەرمەند ناز عەلی عەوڵا بە ناوی "شاماران لە باغی سێواندا"، لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە سلێمانی کرایەوە، هونەرمەند لەبارەی شامارانەوە دەڵێی: شاماران ئەفسانەیەکی کوردییە و ڕەمزی فیکری کراوە و زیندووی میللەتێکە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی تشرینی یەکەم، پێشانگای "شاماران لە باغی سێواندا" لە لایەن هونەرمەند، ناز عەلی عەوڵا، لە سلێمانی کرایەوە و تا ٢٣ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێت، پێشانگاکە سێهەمین پێشانگای تایبەتە بە هونەرمەند ناز عەلی و یەکەمین جارە لە سلێمانی دەکرێتەوە، ٣٠ تابلۆ لەخۆ دەگرێت و دارستانی شاماران و باخی سێوی بەهەشت باس دەکات.

 

هونەرمەند ناز عەلی لەبارەی پێشەنگاکەی و بەتایبەت ئەفسانەی شامارانەوە، باس لەو مێژووە شاراوەیە دەکات و لە دەقی کورتە وتارێکدا دەیهێنێتە زمان و بەم شێوەیە دەنووسێت:

 

"من بۆ یەکەم جار لە نیگارەکانی ڕۆستەم ئاغالە (شامارن)م بینی، هەر زوو مێشکم پڕ بوو لە پرسیار و بە دواداچووونم بۆ کرد ...، ئێمە خاوەنی خوداوەندێکی میینەی ئەفسانەیین، بەڵام بۆچی ئەو ناوە لە لێواری لە بیرچوونەوەیە و خەریکە داگیرکەران هەر وەکو عەفرین هەروەکو کەرکوک لێمانی دەبەن!!! وێنەی خوداوەندێکی مێینەیی پڕ لە نەخش و ڕەنگ و ئێستاتیکا، وێنەکەی تا ئەو سەردەمی زووەش بە زۆرێک بە دیواری گڵینی گوندنشینانی باکوور و ڕۆژئاوا و باشووردا هەڵواسراون.

 

چۆن دەکرێت مرۆڤێکی کورد هونەر بکات و باسی شاماران نەکات، ئاخر شاماران ڕەمزی فیکری کراوە و زیندووی میللەتێکە، وا خەریکە دەیدزن، شاماران لە ڕووی بنەچەی زمانەوانی زۆر کوردیە، هیچ پەیوەست نیە بە زمانی تورکی یان عەرەبی هەر ئەو بەڵگەیە تەواوی گومانەکان دەسڕێتەوە تا وەکو دارستانەکانی عەفرین لێمانی نەدزن !!

 

من شامارانم تەنها وەک ڕەمزێک بەکارنەهێناوە، بەڵکو جیا لەو چیرۆک و باسانەی کە لەسەر ئەو هەن، وەک لێکۆڵەرێک کارم کردووە، پرسیار دەکەم ئایا چ شتێک وایکردووە لە هزر و بیری میللەتێک بیر لەوە بکاتەوە وێنەی (ژن و مار)ێک بە یەکەوە گرێبدات و بڵێت ئەوە خوداوەندی زانینە!! بێ گومان هۆش و فیکرێکی زۆر سەربەست و جوانی لە پشتە... خودی ئەو یاخی بوونە لە قسەی هەڵیت و پەڵیتی پیاوانی ئایینی و ئەوانی تر وەک دۆگمایەکی داسەپیو بەسەر مێینەدا، کە گوایا دایکە حەوا بەیەکەوە لەگەڵ مارەکەی بەهەشت، سێوێکیان دەرخواردی ئادەم داوە و نەفرین لە ژن دەکەن بەهەشتی لە ئینسانیەت سەندەوە!!! ئەی چی ڕوودەدات کاتێ مرۆڤی کورد هەر ئەو دایکە حەوا و مارە دەکات بە هێمانی زانین و پێێ دەڵێت خوداوەندی زانین و وێنەی ئەو بەو هەموو پیرۆزی و شانازییەوە وەک هەڵدەواسێت !!

 

بۆیە لە زۆر کارمدا شامارانێک هەیە دەستانی پڕن لە سێو و هێشتا لە دارستانەکانی بەهەشت دەسوڕێتەوە لەگەڵ مار و ئەو تاوسەش کەوا دایکە حەوای داڵدەدا بە باڵە ڕەنگینەکەی، لە ڕاستیدا کورد تاوسیشی زۆر لا پیرۆزە و وەک هێمایەکی پیرۆز لە لای کوردانی ئێزیدی هەڵدەواسرێت!!، هەموو ئەو شتانە لە خۆڕانین، گەر نەتەوەیەک بە پاشخانێکی فیکری ئاوها بەهێز ڕاڤەی بۆ ژیان و زانین کردبێت و یاخی بوبێت لە چیرۆکی لەدەستچوونی بەهەشت و هەڵگەڕابێتەوە لە نەفرەت لە ژن، کەوایە بۆ ئێستا بێ دەنگە لە دزینی شاکارێکی ئەفسانەیی خوداوەندێکی ئەفسانەیی (شاماران)؟؟؟"