ژمارە ٢١٤ی گۆڤاری تروسکە بڵاوکرایەوە
ژمارەی نوێی گۆڤاری تروسکە، ژمارە ٢١٤ بە بابەتەکانی تایبەت بە شەنگال، کەرکوک، مافی چارەی خۆنووسی و مافی کورد و چەندین بابەتی دیکە کەوتە بەردیدی خوێنەران.
ناوەندی هەواڵ
گۆڤاری تروسکە، گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و ھزری تایبەت بە ژنانە لە باشووری کوردستان، ژمارەی نوێی ٢١٤ بە کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە لە فەرمانەوە بەرەو خۆبەڕێوبەریی شەنگال، شۆڕشی ڕۆژئاوا.. شۆڕش لە ناو شۆڕشدا، کەرکووک لە نێوان بەرداشی داگیرکەران و زوڵمی ناوخۆدا و چەندین بابەتی دیکە کەوتە بەردەستی خوێنەرانی.
بابەتە بڵاوکراوەکانی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تروسکە پێکدێت لە:
لە بەشی وتووێژ: شەنگال لە فەرمانەوە بەرەو خۆبەڕێوبەریی، بە بەشداری؛
ڕیحام حەجۆ - ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی
ڤیان حەبابی - فەرماندەی یەکینەکانی ژنانی شەنگال
تارا حسێن - هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
لە بەشی سیاسیدا: شۆڕشی ڕۆژئاوا.. شۆڕش لە ناو شۆڕشدا، لە نووسینی نەجیبە قەرەداغی
لە بواری کۆمەڵایەتیدا سروە ساڵەیی بابەتێکی نووسیوە لەبارەی "چۆن منداڵەکانمان بکەینە هاوڕێی خۆمان".
لە بەشی تایبەتدا دوو بابەت بە ناوەکانی "ئایا ژنان زیندوون؟ هەڵواسینی ژن لە نێوان ژیان و مردندا" لە نووسینی لانیاس عەتا و "کەرکوک لە نێوان بەرداشی داگیرکەران و زوڵمی ناوخۆدا" لە نووسینی مژدە عەلی بڵاوکراوەتەوە.
لە باری سینەمادا گفتوگۆیەک لەگەڵ دەرسیم زێرەڤان لەسەر (جێنشینی میراتێکی شاخاوی) و لە پەرتوکی بڵاوکراوەی ئەمجارەی گۆڤارەکەدا، پەرتووکی "ژنانی باشووری کوردستان" لە نووسینی تابان گەرمیانی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ چەندین بابەتی دیکەدا.
گۆڤاری تروسکە؛ گۆڤارێکی ڕۆشنبیری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، هزری و ئەدەبی، تایبەتە بە ژنان لە باشووری کوردستان، کە تەواوی نووسەر و ئامادەکاری گۆڤارەکە ژنن. مێژووی تروسکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و لە سەرەتای درووستبوونییەوە بە مەبەستی خزمەتکردن و بەهێزکردنی توانا فکرییەکانی ژنان و بەئاگاهێنانەوەی ژنان لە پرسەکانی تایبەت بە خۆیان و کۆمەڵگا و جیهان کاریکردووە.