گوڵچین، بە ئاشنایەتی لەگەڵ تەختەکان هونەر و جوانی پێبەخشیوون

گوڵچین غولام وەیسی ژنێکی دیاری هەورامانە، کە ئاشنایە لەگەڵ تەختە و دارەکان و هونەر و جوانییەکی تایبەتی پێبەخشیوون.

هیماراد

 

سنە- ژنانی هەورامان بەهۆی ئاشنایەتیان لەگەڵ سروشت، زانیاری و زیرەکی زیاتریان لە سود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکان هەیە، ژنان زیرەکانە و لێهاتوویانە کارە دەستییەکان دروستدەکەن کە کەرەستەکانیان لە دڵی سروشتەوە دەهێنن، ناتوانرێت پێویستییەک بدۆزرێتەوە کە ئەوان پێشتر دروستیان نەکردبێت.

 

گوڵچین غولام وەیسی، یەکێکە لەو ژنە زیرەک و بە توانایانە کە دەستی بە کارکردن کردووە، بە وردبینی و گەڕانی خۆی بەرهەم و کارە دەستییەکانی لە تەختە و دار دروستدەکات.

گوڵچین بەم شێوەیە خۆی بە ئاژانسی هەواڵی نوژنها دەناسێنێت: "ناوم گوڵچین غولام وەیسیە، خەڵکی بێسارانم کە یەکێکە لە گوندەکانی ژەواروود و خۆم لە هەرسینی سەر بە ژەواروود لەدایکبووم، ئێستا من لە سنە دەژیم و نزیکەی پانزە بۆ شانزە ساڵە لە وەرشەیەکی دروستکردنی سەبەتە کار دەکەم."

 

"سەبەتەم لە بازاڕ دەکڕی و لەیەک جیام کردەوە و دووبارە دروستم دەکردەوە و بەو شێوەیە فێربووم"

دەربارەی فێرکارییەکانی بۆ ژنانی دیکە گوڵچین دەڵێت: نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کەسم فێری ئەم کارەکردووە، لە هەموو گوندەکان فێرکاری دەڵێمەوە بە ژنان، لە قروە ناومان تۆمار کردووە بۆ گروپێک کە بڕیار وایە بچم و فێرکارییان پێبڵێمەوە، لە دەوروبەری مەریوان فێرکاریم بۆ ئەو ژنانە کردووەتەوە کە هاوژینەکانیان لە زینداندان بۆئەوەی خۆیان کاربکەن.

 

گوڵچین دەربارەی ڕێگای فێربوونی کاری دروستکردنی سەبەتەکان دەڵێت: دەربارەی شێوازی چنین و دروستکردنی سەبەتەکان من هیچ خول و فێرکارییەکەم نەدیوە، بەڵام ڕۆژێک لە بازاڕ سەبەتەیەکم کڕی هەڵموەشاند و دووبارە دروستم کردووە بەم جۆرە فێربووم.

 

گوڵچین دەربارەی سەختییەکانی ژیان و پیشەکەی دەڵێت: هەمیشە لە هەموو کارێکدا سەختی هەیە، لە هەموو ماڵێکدا جیاوازی هەیە، بەڵام هاوژینەکەم پاڵپشتی کردم و هانیدام بەردەوام بم لەم هونەر و پیشەیە، هەندێکجاریش یارمەتیم دەدات، بەڵام مشتومڕ هەمیشە هەیە مرۆڤ دەبێت سەبر بگرێت و ڕێگە نەدات بەردەوام بێت.

 

"هەموو ڕۆژێک پلەی یەکەمم بەدەستدەهێنا"

گوڵچین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: میراتی فەرهەنگی هەمیشە پاڵپشتم بووە و لێرە شوێنێکم بە کرێ گرتووە بە ناوی مۆزەخانەی سنە، ساڵانە بە کرێی دەگرم و لە ژینگە و خەڵکی دەوروبەرم ڕازیم و هەست بە سەلامەتی دەکەم، شه‌ش حه‌وت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن شاری بوشەهر بانگهێشت کرابووم و که‌سێک له‌ چینه‌وه‌ هاتبوو بۆ ڕاهێنانی مامۆستاکان و هیچ کەس یاوه‌ری من نه‌بوو و هه‌موو ڕۆژێک پله‌ی یه‌که‌مم به‌ده‌ستده‌هێنا، دواتر هەر ئەو پیاوەی لە چینەوە هاتبوو، بەڵگەنامەیەکی بۆ ناردم کە ئێستا لە دوکانەکەمدا دامناوە.

 

"دڵخۆشم کە کارەکەم سەرچاوەی بژێوی ژنانی دیکەیە"

گوڵچین سەبارەت بە داهاتی كارەكەی دەڵێت: بۆ ئەوانەی کارم لەگەڵ دەکەن داهاتەکەی باشە بەڵام بۆ خۆم کەمترە، لە ئێستادا حەفتا بۆ هەشتا كەس كارم بۆ دەكەن و دەچمە گوندەكان و كارەكە فێری ژنان دەکەم، بەڵام ئەمە بۆ من زۆر چێژ بەخشە، بۆ ئەوان بووەتە سەرچاوەی داهات و منیش لە داهاتەکەی خۆم ڕازیم.


         


        

هەروەها گوڵچین باسی لەوەشکرد کە کوڕەکەی فێری کارەکان کردووە و بەیەکەوە هەموو کارەکانیان دەکەن و دارەکان دەبڕنەوە و ئامادەی دەکەن بۆ دروستکردنی کارە دەستییەکان،  بەشداری هەموو پێشانگاکانی کارە دەستییەکانیش دەکات، چونکە بە وتەی خۆی هونەرەکەی ڕەسەن و جوانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بانگهێشتی سەرجەم پێشانگاکان دەکرێت، ئەو دارانەی کە بەکاری دەهێنێت لە بنەماڵەی مێخەکەوەیە، هەر بۆیەش حەفتا ساڵ دەژین و بۆنێکی خۆشیان هەیە لە کاتی بەکارهێنان و هەر جارێک ئاوی بەردەکەوێت جوانتر و باشتر دەبێت.

 

گوڵچین لە قسەکانیدا وتی دارەکان پێویستە ئاوی باران بخۆنەوە و بە ئاوی شارەکان ئاودێری نەکرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دارە پێویستەکان لە گوند و شاخەکان دەستەبەر دەکات، لە مانگەکانی پاییزدا تا بەهار دەست بە کۆکردنەوەی دارەکان دەکەن، دەشڵێت: ئەم دارانە داری وەنەوشەن و گوڵی وەنەوشەیی جوانیان هەیە و بۆنێکی خۆشیان هەیە، بەهارێکی جوان دروست دەکەن، دوای کۆکردنەوە دەیخەمە ناو سەلاجە بۆ ئەوەی وشک نەبنەوە و دواتر بەکاریاندەهێنم.

 

"دەمەوێت لە داهاتوودا بە خۆڕایی فێری ژنان بکەم"

گوڵچین دەربارەی پلان و بەرنامەی بۆ داهاتوو وتی: دەمەوێت لە داهاتوودا کارگەیەک بونیاد بنێم تا بتوانم ژنانی زیاتر بێ بەرامبەر فێری کارەکە بکەم، چونکە ماوەیەکی زۆرم بۆ خانەنشینبوون نەماوە، پێویستیم بە پارە نییە و تەنها دەمەوێت ژنانی دیکە فێری کارەکان بکەم، تا بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابینبکەن و پێویستیان بە کەس نەبێت و دەستیان لە گیرفانی خۆیاندا بێت.