وادی سەلام، گەورەترین گۆڕستان و مەزاری مێژووی لە جیهان
گۆڕستانی وادی سەلام ٪١٣ ی شاری نەجەف پێکدەهێنێت، شوێنی هەزارەها کەسایەتی ئاینی، کۆمەڵایەتی و زانستییە، لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا ڕۆژانە ٢٠٠ تا ٣٠٠ کەس لێرە نێژراون.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- گۆڕستانەکان ڕەنگدەرەوەی مێژوو، کلتور، باوەڕی هەر کۆمەڵگەیەکن، بە تێڕامان لێی دەتوانرێت ئاشنای بەشێک لە دیرۆکی ئەو کۆمەڵگە و ئەو ژیانە ببیت کە لەو ناوچەیەدا پیایدا تێپەڕیوون.
گۆڕستانی وادی سەلام لە لە شاری نەجەف لە وڵاتی عێراق، بە گەورەترین گۆڕستان و کۆنترین مەزاری مێژووی دادەنرێت لە جیهاندا، کە بە پێی خەمڵاندنەکان نزیکەی شەش ملیۆن گۆڕی تێدایە، ناوی گۆڕستانەکە لە دوو وشە پێکهاتووە: "وادی و السلام"، لە زمانی عەرەبیدا بە مانای ئاشتی دێت و پێشی دەوترێت دۆڵی ئاشتی، بەپێی راپۆرتێکی یونسکۆ ئەم گۆڕستانە لە لیستی شوێنەوارە کەلەپورییەکانی جیهاندا تۆمارکراوە.
گۆڕستانی وادی سەلام ٪١٣ی شاری نەجەف پێکدەهێنێت، دەکەوێتە ناوەندی شارەکە و درێژدەبێتەوە هەتا دوورترین خاڵی باکوری ڕۆژئاوا، پانتایی گۆڕستانەکە بە ٩١٧ هێکتار پێوانە دەکرێت.
ئەم گۆڕستانە ناوبانگێکی ئێجگار زۆری هەیە بەهۆی ئەو رووداو و چیرۆکانەی لەسەری دەگێردرێتەوە، کە وای لە کەسانی موسڵمانی مەزهەبی شیعە کردووە بە پەرۆش بن تا گۆڕستانی وادی سەلام ببێتە دواهەمین ئارامگایان، نزیکی لە مەزارگەی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب بە یەکێکی تر لە هۆکاری بەناوبانگبوونی ئەم گۆڕستانە دادەنرێت.
وادی سەلام شوێنی ناشتنی کەسایەتییەکانە لە سەرجەم ئاین و نەتەوە جیاوازەکان
وادی سەلام شاهیدی بوونە قوربانی هەزارەها کەسە بەهۆی ململانێ و ناکۆکییەکانی ناو عێراق لە شەڕی ئێران و عێراق، کوژراوان بەهۆی گرژی عەشیرەتی و شەڕی داعش و چەندین شەڕی دیکە کە بە درێژای مێژوو ڕوویانداوە.
گۆڕستانەکە شوێنی هەزارەها کەسایەتی ئاینی، کۆمەڵایەتی و زانستییە، زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە خەڵک لەم گۆڕستانە دەنێژرێن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە شەڕی ئێران و عێراقدا گیانیان لەدەستدا لەم گۆڕستانەدا نێژراون، گۆڕی سەردەمەکانی ساسانی، فارسەکان و بەریتانییەکان کە لە شۆڕشی بیستەکاندا کوژراون و هیندییەکانیش کە لە نەجەف کاتی خۆی ماونەتەوە تێدا دۆزراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٧ ملیۆن کەسی تێدا نێژرابێت.
ساڵانە هەزاران کەس سەردانی وادی سەلام دەکەن
ژمارەیەکی زۆر ئێرانییەکان لەم گۆڕستانەدا نێژراون، هەربۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ساڵانە خێزانەکان دێن بۆ سەردانکردنی گۆڕی کەسەکانیان، ئەم گۆڕستانە لای پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە پیرۆزییەکی هەیە، هاوکات پەیڕەوانی مەزهەبی سونە، جولەکە، مەسیحی و سەرجەم ئاینەکانی دیکەشی لە نەتەوە جیاوازەکان تیادا نێژراوە.
مەزەندە دەکرێت لە کاتی جەنگی عێراق رۆژانە ٢٠٠ تا ٣٠٠ کەس لێرە نێژرابن، لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم رێژەیە بۆ ١٠٠ کەس لە رۆژێکدا کەمی کردووە، ساڵانەش خۆی دەدات لە ٥٠٠ هەزار ناشتن لەم گۆڕستانە، ئەم ژمارەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی داعش بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە.
گۆڕستانەکە بە زیندوویەتی ماوەتەوە
لە ساڵانی گرژی تائیفیدا ساڵی ٢٠٠٥- ٢٠٠٦، بە هەزاران تەرمی نەناسراوی کوژراوانی شەڕی تائیفی لە بەغدا و شارەکانی تێکەڵە مەزهەبەکانی تیادا نێژراوە، یەکێک لە شەقامەکانی نێو گۆڕستانەکە ئەوە پیشان دەدات، گۆڕستانەکە ڕوویەکی زیندووی هەیە، چونکە لە ڕۆژدا شەقامەکانی گۆڕستانەکە هاتوچۆی لەسەرە و زۆر قەرەباڵغە بەهۆی سەردانیکەر و دوکاندارەکانەوە کە کار دەکەن.
لە گۆڕستانەکەدا بازاڕیکی تەواو هەیە و دوکانی حەڵوا و نانی شەکر و کێکی تێدایە، کە بەشێکی زۆری خەڵکی هەژار و منداڵان لەوێدا فرۆشیاری دەکەن، بەشێکیش گۆڕەکان دەشۆن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن.