ڕۆزا مستەفا : فیلمی نامەکانی شەنگال ڕاستی فەرمان دەگێڕێتەوە

ڕۆزا مستەفا، ئەکتەری فیلمی "نامەکانی شەنگال"، دەربارەی فیلمەکە ئاماژەی بەوەکرد، فیلمی نامەکانی شەنگال ڕاستی فەرمان دەگێڕێتەوەو وەک میراسێکی مێژوو دەمێنێتەوە.

قامیشلۆ

 

ئامادەکارییەکان بۆ فیلمی "نامەکانی شەنگال" لە ساڵی ٢٠١٨ دەستیپێکرد، فیلمەکە لەلایەن بەرھەمھێنەری نوژیان و دەرھێنەر دەرسیم زێرەڤانەوە ئامادە کراوە،  فیلمەکە دراما و دۆکیومێنتاری تێدایەو لە ٤ بەش پێکهاتووەو لە هەر بەشێکدا نامەیەک دەردەکەوێت، فیلمەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایشکرا و ئێستا لە سەرانسەری ئەوروپا نمایش دەکرێت، دەربارەی ناوەڕۆک و بابەتی فیلمەکە، ڕۆزا مستەفا، ئەکتەری فیلمی "نامەکانی شەنگال" بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

"فیلمەکە بە دەست و بیرۆکەی ژن دروستکراوە"

ڕۆزا مستەفا ئاماژەی بەوەکرد کاتێک ناوی وەک ئەکتەری سەرەکی هەڵبژێردرا، ڕۆیشت بۆ شەنگال و وتی: لە هەنگاوی یەکەمدا، کاتێک ناوەکەم بۆ فیلمی "نامەکانی شەنگال" هەڵبژێردرا، چوومە شەنگال. لەو ساڵانەدا فشار و زەحمەتییەکی زۆر لەسەر خەڵکی شەنگال هەبوو، هەم لەلایەن هێزەکانی عێراق و هەم لەلایەن پێشمەرگەکانی پەدەکەوە، ئەوان دەیانویست ئەم کاریگەری و فشارە لەسەر فیلمەکەمان هەبێت، بەڵام کاتێک بینییان کە ئێمە بەرهەمێک بۆ ئەو گەلە دروست دەکەین، دڵخۆش بوون و دەیانزانی کە ئێمە لە هەموو شوێنێک ئازاریان دەردەخەین، فیلمەکەمان لە ژنان پێکهاتووەو ژنان لەهەر لایەکی کوردستانەوە بەشدار بوون.

 

"فیلمەکە ڕاستی، کولتوور، ئازار و بەرخۆدانی گەلی ئێزدی نیشان دەدات"

ڕۆزا مستەفا ئاماژەی بەوەکرد، گەل بە شێوەیەکی بەهێز بەشدارییان لە وێنەگرتنەکەدا کردووە و وتی: گەلی شەنگال کاتێک بینیان فیلمەکە ئەو فەرمانە دەگێریتەوە کەلەسەریان کراوە خۆیان بەشداری فیلمەکەیان کردو کاتێک سیناریۆکەیان بینی، ڕاستی، کولتوور، ئازار و بەرخۆدانی خۆیان دەربڕی و بە بەهێزی بەشدارییان لە فیلمەکەدا کرد، هەروەها خەڵکێکی زۆرمان وەرگرت، لە زۆر شوێنەوە بەشداربوون، ویستیان فیلمەکە لە مێژوودا بمێنێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو لە فیلمەکەدا وەک شەڕڤانێک جێی خۆی گرتووە و وتی: ڕۆڵی من شەڕڤان بوو و لە سەرەتای فەرمانەکەدا لەگەڵ گەلی شەنگال بووم، کاتێک چوونە ناو گەل، شەڕڤانان کاریگەری گەورەیان لەسەر گەل هەبوو، شەڕڤانان لەگەڵ گەلدا بوون و ئەوەی گەل تیای دەژیا شەڕڤانانیش بەهەمان شێوە، کاتێک سیناریۆی ئەم شەڕڤانەم خوێندەوە، ئەوە بۆ من قورس بوو و ئەو ڕۆڵەی کە خستمە سەر شانم دەبوو ڕەنجی ئەو شەڕڤانە وەک خۆی دەربخەم.

 

"لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە، ڕاستی فەرمانەکە نیشان دەدرێت"

ڕۆزا مستەفا ئاماژەی بەوەشکرد، هیوایان ئەوەیە کە ئەم فیلمە بە باشی ببیندرێت و وتی: ئێمە هیوادارین ئەم فیلمە لە دڵی گەلەکەماندا بێت، بۆ هەموو کوردێک ئەزموونێکە، زۆر فەرمانی گەورە لە دژی گەلی شەنگال درا، بەڵام ئێمە نەماندەویست ئەم فەرمانەی کۆتایی نیشان بدرێت، ئەمڕۆ ئەم فیلمە ڕاستییەکانی ئەو فەرمانە ئاشکرا دەکات و میراسێکی مێژووییە، لە کاتی وێنەگرتندا ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووینەوە و ئەو هێزانەی هێرشیان کردە سەر گەل بەهەمان شێوە لەسەر کارەکەمان فشاریان هەبوو، بەڵام فیلمەکە بە ئیرادەی گەل و تیمی فیلمەکە دروستکرا، هیوادارین ئەم فیلمە بە شێوەیەکی باش ببیندرێت و بە دڵی هەمووان بێت.