نیگارکێشێکی مەغریبی لە ڕێگەی هونەرەوە باسی ئازادی ژنان دەکات

زهور مەعنانی، هونەرمەندی شێوەکاری مەغریبی، تابلۆکانی کە گوزارشت لە ئازادی ژنان دەکات، خۆ سەلماندن و یەکسانی لەخۆ دەگرێت.

ڕەجا خیرات

 

مەغریب- هونەرمەندی شێوەکار زهور مەعنانی، یەکێک لە بەناوبانگترین ناوەکانی بواری هونەرییە، دوای چوونە ناو دنیای هونەرەوە، ژنی کردە بابەتی سەرەکی تابلۆکانی و لەگەڵیدا دنیایەکی گەورەی جوان و پڕ داهێنانی بنیادنا.

 

زهور مەعنانی، هونەرمەندی شێوەکار، ئاماژەی بەوەدا کە ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆ خوێندووە، بەڵام ئەوە حەزی دایک و باوکی بووە و خۆی حەزی بە تابلۆکێشان بووە، "کاتێک تەمەنم ١٤ ساڵان بوو، دەبوو بڕۆم بۆ شاری دار ئەلبەیزا بۆ درێژەدان بە خوێندنی هونەرە جوانەکان لە پەیمانگایەکی پەروەردەییدا، بەڵام دایک و باوکم وتیان کە نابێت لەم تەمەنە بچووکەدا لە خێزان دوور بم، بۆیە ناچار بووم واز لە خەونەکەم بهێنم، هەوڵمدا لە زۆر ناوچە شوێنێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، بەڵام ئامادەبوونی خۆم لە جیهانی هونەرە جوانەکاندا بە بابەتی ژنانەوە پەیوەست کرد".

 

زهور مەعنانی ئاماژەی بەوەکرد کە تەنانەت پێش ئەوەی بچێتە بواری هونەرەوە هەمیشە کێشەی ژنان سەرنجی ڕاکێشاوە و وتی: من داکۆکیکارێکی مافی مرۆڤم و لە ڕێگەی هونەرەوە ویستم ژنان لە سنوور و دابونەریت ڕزگار بکەم، من سەرۆکی کۆمەڵەی زهور بۆ هونەر و کەلەپوور و بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دووکالام، کە هەموو ساڵێک لە ئەلجەدید ئاهەنگی هونەری پلاستیک پیرۆز دەکەن، لە دانیشتنەکانی پێشوودا توانیمان چەندین هونەرمەند لە ناوەوە و دەرەوەی مەغریب کۆبکەینەوە.

 

چەندین خەڵاتی وەرگرتووە  

هونەرمەندی شێوەکار زهور مەعنانی بەشداری چەندین پێشانگای تاکەکەسی و گروپی وەک "تجليات أنثوية" و "صرخة أنثى" و لە دەرەوەی مەغریبیش لە وڵاتانی فەرەنسا، بەلجیکا، تونس، میسر، ئیسپانیا، ئەمریکا و تورکیا بەشداری چەندین پێشەنگای کردووە.

 

زهور مەعنانی، ئەندامی دەستەی سوێندخۆرانی فیستیڤاڵی سالۆن لە میسرە، هەروەها ڕێکخەری هونەرییە لە سەنتەری پێشەنگانی هونەرە جوانەکان لە میسر، چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە لە ناوەوە و دەرەوەی مەغریب بەهۆی ڕێبازە هونەرییە پڕ لە داهێنانەکەی.