فێستیڤاڵێک لە دەنگە کۆنەکانی تەمبور و مۆسیقای کوردی بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی دەنگە کۆنەکانی تەمبور و مۆسیقای کوردی دەستی پێکرد و بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و میوانان یەکەم ڕۆژی خۆی تێپەڕاند.

سەمانە باقری

 

گاوارە- فێستیڤاڵی دەنگە دێرینەکانی تەمبور و مۆسیقای کوردی، بەپێی ئەو بانگەوازانەی پێشتر بڵاوکراونەتەوە، دوێنێ ١٩ی ئەیلوول لە ماڵی تەمبوری گوندی بانزەلان لە شاری داڵاهۆ دەستی پێکردووە، لە یەکەم ڕۆژی ئەم فێستیڤاڵەدا، تەمبور ژەنانی ژن و پیاو لە گروپەکانی تەمەنی منداڵ و گەنج، پارچە مۆسیقای مەقام و کەلامیان پێشکەش کرد، هونەرمەندانی بەشداربووی ئەم فێستیڤاڵە لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە، ئیلام و هەمەدانەوە هاتبوونە گوندی بانزەلان لە ناوچەی یارسان و لەم فێستیڤاڵەدا بەشداریان کرد.

 

ڕۆڵی ئامادەبوونی ژنان لە نێو هونەرمەندانی بەشداربوو، لە نێو بینەران و میوانان و وەک گروپی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە بەرچاو بوو و هەروەها زۆربەی ئەو ژنانە بە جلوبەرگی جۆراوجۆری کوردییەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، ژنانی هونەرمەند لە نمایشەکانیاندا مۆسیقایان دەژەند و گۆرانیان دەگوت، ئەمەش شتێکە کە لە ئێراندا بە پێی یاسا قەدەغەیە، بەڵام هونەرمەندانی ژن بە بەرهەمەکانیان نیشانیاندا کە گۆرانی وتنی ژنان بەشێکه له کولتووری کۆنی کوردستان.

 

دەریا کاکەیی، هونەرمەندێکی تەمەن ١٤ ساڵە و لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە و ماڵی تەمبور وتی: ساڵانە بەشداری لە فێستیڤاڵی دەنگە دێرینەکانی تەمبور لە بەشی تەمبور ژەنین و وتنەوەی مەقام دەکەم، ئەم فێستیڤاڵە بەڕاستی شوێنێکە کە هونەر تێدا بەهای پێدەدرێت، شانازی بە مامۆستایان و ئەو کەسانە دەکەین کە دێن و نمایشەکانمان دەبینن، هیوادارم نمایشەکانمان بەدڵتان بێت، هەموو ساڵێک چەندین پلەم بەدەستبهێنم، هەموو منداڵانی ئێرە بەشداری دەکەن لە تەمەنێکی زۆر بچووک، تەنانەت لە خوار تەمەنی دە ساڵیشەوە، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموومان.

 

دەریا کاکەیی باسی لە تێڕوانینی ماڵی تەمبور و فێستیڤاڵەکە بەرامبەر بە ژنان کرد و وتی: ئەم فێستیڤاڵە ئاسانکاری بۆ دابین کردووین بۆ ئەوەی ئێمەی ژنانیش بتوانین گۆرانی بڵێین و دەنگی خۆمان پیشان بدەین، هەندێک کەس هەن دەنگیان بەڕاستی باشە، بەڵام گرنگی بە دەنگەکانیان نادەن، داوا لە دایک و باوکان دەکەم ئەگەر بچوکترین بەهرە لە منداڵەکانتاندا ببینن، بە دڵنیاییەوە پێویستە لە ڕێگەی خولەکانی ڕاهێنان و بەهێزکردنەوە پشتگیریان بکەن.

 

مەهسا لوتفی یەکێکی دیکەیە لە هونەرمەندەکان و وتی: بە بڕوای من یەکێک لە باشییەکانی ئەم فێستیڤاڵە ئەوەیە کە گۆڕەپانێکی بە ژنان بەخشیوە هەم لە مۆسیقا ژەنیندا و گۆرانی وتن کە ژنان بێنە ئێرە، بۆ نمایشکردن و خوێندنەوەی پۆستەکان و نەک بۆ ئەوەی تەنها پیاوان بتوانن چالاک بن لەم بوارەدا.

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگی پاراستنی کولتوور و هونەری کوردی کرد و وتی: ئەم فێستیڤاڵە هەوڵ دەدات گەنجانی ئەمڕۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و ناسنامەی کوردایەتی بکەن و لەم تەمەنەدا زیاتر فێری کولتوورەکەیان ببن، هەروەها پێویستە باشتر و زیاتر ئاشنای کولتوور و جلوبەرگی کوردی بن و ئەم کولتوورە جەماوەری بکەن، تەنانەت لە گۆرانی وتندا گەنجان هەوڵ بدەن فێربن و مەقامەکان بە جوانی ئەنجام بدەن تا بتوانن بگوازرێنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، گرنگە ئەم کولتوورە و ڕەسەنایەتیمان بپارێزین و شانازی پێوە بکەین.