سەلوا مستەفا قوتابخانە بۆ قوتابیان ڕەنگاوڕەنگ دەکات

سەلوا مستەفا مامۆستای هونەرە و کاتێک خۆی قوتابی بووە مامۆستای هونەری نەبووە، بۆیە دەڵێت: حەز دەکەم ئەو هونەرەی کە هەمە لەگەڵ منداڵاندا بەشی بکەم.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- لە شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، مامۆستا سەلوا مستەفا دیواری قوتابخانەکان بە وێنەی منداڵان ڕەنگ دەکات و ئامانجییەتی ناوەندێکی ئاسودە بۆ قوتابیان بڕەخسێنیت.

 

مامۆستا سەلوا دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانە و ماوەی چەند ساڵێکە لە قوتابخانەی خورماڵی بنەرەتی وانە دەڵێتەوە، لەبەرئەوەی خولیای زۆری بۆ هونەر هەیە، کارەکەی ئاسودەیی و ئارامی پێدەبەخشێت، وەک خۆی دەڵێت: بۆ ئەوەی منداڵەکانیش هەست بە دڵەڕاوکێ نەکەن لە قوتابخانە، بڕیارمدا سەرجەم دیوارەکانی قوتابخانە ڕەنگ بکەم.

 

سەلوا بەدەم کارکردنەوە باسی لەوە کرد منداڵ سەرەتا کە دێتە خوێندن هەست بە دڵەڕاوکی دەکات، "بەڵام ئەو مامۆستایە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە دیواری قوتابخانەکان دەنەخشێنێت و وای لێدەکات قوتابیان حەزیان هەبێت و بەپەرۆشەوە سەیری وانەکان بکەن.

 

وێنەکان واتای تایبەت بە خۆیانیان هەیە

سەرجەم ئەو وێنانەی کە سەلوا لەسەر دیواری قوتابخانەکان نەخشاندوویەتی باس لە منداڵان و مافەکانیان دەکات و پەیامی نەهێشتنی جیاوازییە لەنێوان منداڵانی خاوەن پێداویستی و منداڵانی ئاسایی، وەک سەلوا خۆشی باسی دەکات، "پێم خۆشە لایەنی هونەر بگۆڕدرێت و بە کرداری وانەی هونەری بخوێندرێت، حەز دەکەم قوتابخانەکەمان جیاواز بێت و قوتابیانیش ئاسودە تر بن.

 

پلانمە لە داهاتوودا کاری گەورەتر بکەم

سەلوا مستەفا داوا دەکات کە مامۆستایانی هونەر هەموو وزەی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ببن بە هاوکاری قوتابیان و وەک دەشڵێت: خۆم هەرگیز مامۆستای هونەرم نەبووە، هەرچەندە زۆریش حەزم لە وانەی هونەر بوو، خوازیارم بتوانم ئەوەی من نەتوانم بەدەستی بێنم و بیخوێنم، ئیستا بیگەیەنمە خویندکارەکانمان، تاوەکو بتوانن سەرکەوتوو بن و داهاتوویەکی گەشتریان هەبێت.