زمان، ناسنامەکەی نەتەوەی کورد لە مەترسیدایە
زمان ئامڕازێکە بۆ ناساندنەوەی هەر نەتەوەیەک، زیندوویی هەر زمانێک و دەوڵەمەندییەکەی، مێژوو و هەبوونی نەتەوەکەی دەردەخات، زمانی کوردی کە بنچینەی چەندین زمانی جیهان و دێرینترین زمانی میزۆپۆتامیایە، بە هۆی سیاسەتی داگیرکارییەوە لە مەترسیدایە.
شنیار بایز
سلێمانی- زمان، ئامڕازی تێگەشتنە لە نێوان مرۆڤدا، ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە و دەوڵەمەندی و زیندوویی زمان، هەبوون و مێژووی نەتەوەکەی دەردەخات، زمانی دایک، زمانی هەر نەتەوە، خێڵ و گروپێکی ئیتنیکییە، زمانی کوردیش، دەبێتە زمانی دایک بۆ نەتەوەی کورد لە هەر جێیەکی جیهاندا بن.
زمانی کوردی لە چوار پارچەی کوردستان بەپێی سیاسەتی پەیڕەوکراو هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، لە باکوور قەدەغە دەکرێت، لە ڕۆژهەڵات زەوت دەکرێت، لە باشوور بەناوی پێشکەوتنەوە لە مەترسیدایە و تاکە ئومێدێک ڕۆژئاوای کوردستانە هەوڵدەدرێت زمانی کوردی تێدا زیندوو ببێتەوە.
لە باشووری کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا خوێندن و ناوەندە فەرمییەکان بە زمانی عەرەبی بوون، بۆ ئەوەش دەبوو هاوڵاتی زمانی عەرەبی بزانێت بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانی، بەڵام زمانی کوردی بەردەوام بەکارهاتووە و پارێزراوە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، زمانی کوردی لە باشووری کورستان ڕووبەڕووی مەترسی بووەوە، بەوەی بە ناوی پێشکەوتن و فێربوونەوە، زمانە بیانییەکانی وەک ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی جێگەی زمانی کوردی گرتووەتەوە و منداڵ لە تەمەنی منداڵییە بە ئاستی یەکەم و دووەم فێری زمانی ئینگلیزی و تورکی دەکرێت.
"زمانی دایک کە زمانی کوردییە بەرەو لەناوچوون دەچێت"
شەوبۆ جەبار، وەک مامۆستایەکەی زمانی کوردی ئاماژەی بەوەدا زمانی کوردی نزیکبووەتەوە لە لەناوچوون، هۆکار تەنها خوێندنگە ناحکومییەکانیش نین بەڵکو خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان لە ئێستادا زیاتر گرنگی بە زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە دەدەن، جگە لەوەش خێزان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش گرنگی تەواو دەدەن بە زمانی ئینگلیزی و زمانی کوردییەکەیان وەلا ناوە، گومان لەوەدا نییە زمانی ئینگلیزی زمانێکی زیندووە لە هەموو جیهاندا، بەڵام ئەمە مانای وا نییە زمانی دایک پشتگوێ بخەین و گرنگی پێنەدەین.
دەربارەی فێرکردنی زمانی دایک بە منداڵان وتی: "کاتێک مامۆستایەک منداڵێک فێری زمانی دایک دەکات، نابێت هیچ جۆرە زمانێکی دیکەی لەگەڵدا بەکاربهێنێت، چونکە یەکێکە لە یاساکانی فێربوونی زمان، بۆیە ئەگەر مامۆستاکانی خوێندنگە حکومییەکان بەو شێوەیە وانە بڵێنەوە هەڵە دەکەن و سیستمەکەیان دروست نییە"
"قسەکردن بە زمانی کوردی خەریکە دەبێتە شەرم"
ئەو مامۆستایە باسی لەوەکرد، کە مامۆستای زمانی کوردی هەیە نایەوێت منداڵە سێ ساڵانەکەی فێری کوردی ببێت، بەڵکو گرنگی دەدات بە ئینگلیزییەکە، لەکاتێکدا منداڵ نابێت تا تەمەنی سێ ساڵ فێری هیچ زمانێکی دیکە ببێت جگە لە زمانی دایکی، "خەریکە دەبێتە باو هەر خێزانێک بە ئینگلیزی قسە بکات یاخود منداڵی کام خێزان ئینگلیزییەکەی باشبێت ئەوە سەرکەوتووە، بە جۆرێک قسەکردن بە زمانی کوردی خەریکە دەبێتە شەرم، چونکە لە هەندێک شوێندا لەگەڵ ئەوەی دایکەکە کوردە و ئینگلیزییەکی باشیش نازانێت، بەڵام بە ئینگلیزیەکی هەڵە قسە لەگەڵ منداڵەکەی دەکات تەنها لەبەر ئەوەی ئینگلیزییە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە گرنگی بە زمانی دایکی نەدات".
"بۆ دروستبوونی زمانی دایک چەندەها کەس شەهید بوون"
شەوبۆ جەبار ئاماژەی بەوەدا ئێستا لە ڕێی زمانەوە هەوڵدەدرێت نەک زمان بەڵکو گەلی کوردیش لەناوببەن، چونکە ئەگەر بتەوێت گەلێک لەناوببەیت دەبێت سەرەتا زمانەکەی لەناوببەیت، جگە لەوەش چەندین ناوەند هەن زمانی سەرەکییان ئینگلیزییە و زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگادا کاڵ دەکەنەوە، "ئەو پەرتووکانەی بە زمانی کوردی نووسراون و لەناو سیستمی خوێندندا بەکاردەهێندرێن هەڵەی زۆری تێدایە، بە جۆرێک مامۆستایانی وانەی کوردیش دەبێت چەندین جار بیخوێننەوە تا تێدەگەن لە مەبەستەکەی".
بۆچی خێزانەکان گرنگی زیاتر بە زمانەکانی دیکە دەدەن؟
ئەو مامۆستایە لە وەڵامدا وتی: خێزانەکان پێیان وایە لە داهاتوودا بۆ دەستکەوتنی کار زمانی کوردی سودی نییە چونکە هەموو جێگەیەکی کارکردن لە ئێستا پێویستی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی هەیە بۆیە بنیادنانی داهاتووی منداڵەکەم گرنگیدانە بە زمانی دیکە نەک کوردی، بەڵام ئەو بیرکردنەوەیە تەواو هەڵەیە، چونکە ژیان بەو جۆرە نامێنێت و زمانی دایک پێش هەموو زمانێکە و دەکرێت لە داهاتوودا ئەوەی کوردی نەزانێت سەرکەوتوونەبێت".
"کاتێک دەمویست ماستەر بێنم لە زمانی کوردیدا مەرجی یەکەم زانینی زمانی ئینگلیزی بوو، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی نییە بەو زمانەوە".
"بەهۆی کەم بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە وشەی زانستی تیایدا کەمترە لە زمانەکانی دیکە"
شارۆ نەورۆز، مامۆستا و سەرۆک بەشی کارگێڕی کار لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان، دەربارەی ئەو زمانە کوردییەی ئێستا بەکاردەهێندرێت بە نوژنهای وت: زمانی کوردی دەوڵەمەندە، بەڵام کێشە لە بەکارهێنانیدا هەیە، چونکە لە سەرەتای ناوەندەکانی خوێندنەوە تا دەگاتە ئامادەیی و زانکۆکان ئەو زمانە کوردییەی بەکاردەهێندرێت زمانی ڕەسەنی کوردی نییە، بەڵکو تێکەڵکراوە بە زمانی عەرەبی و زمانی دیکە، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی زمانی کوردی نەبوونی وشەی زانستییە تیایدا، بۆیە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزییە، چونکە لە ڕووی ئەدەبیات و زاراوەوە زمانێکی دەوڵەمەندە بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پەکخراوە، وە ئەگەر وشەی زانستیشی هەبێت، بەهۆی بەکارنەهێنانییەوە ون بووە.
"دەکرێت وشەزانی چارەسەر بێت بۆ دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی"
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا لە خوێندنگە حکومییەکاندا وانەی کوردی نەیتوانیوە مافی تەواو بدات بە زمانی دایک، ڕاستە ئاستی خوێندکارانی خوێندنگە ناحکومییەکان لە ڕووی زمانی کوردییەوە لاوازە، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوان نین، چونکە ساڵانی پێشوو بەو ئاستە خوێندنگەی ناحکومی نەبوو، بەڵام زمانی کورد هەر پەکخرابوو، چونکە سیستمی پەروەردە بەو جۆرەیە و ڕێگرە لە دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی، هۆکاری سەرەکیشی گەڕاندەوە بۆ خراپی پرۆگرامی خوێندن لە سیستمی پەروەردەدا.
هەروەها دەربارەی ڕۆڵی مامۆستاکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە پێشخستنی زمانی کوردی، شارۆ نەورۆز وتی: "مامۆستاکان خۆشیان لە ڕووی زمانی کوردییەوە دەوڵەمەند نین، چونکە بنچینەی فێربوونیان هەمان ئەو بنچینەیە بووە کە ئێستا فێرخوازی لەسەر فێردەکرێت"، وەک چارەسەرییەک پێی وایە خوێندنی وشەزانی هۆکارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زمانی کوردی، ئەوەی گرنگە تەنها ڕێزمان و ئەدەب نییە، بەڵکو وشەزانی و خوێندنەوە زمان دەوڵەمەند دەکات.
"تێکەڵاوبوونی زمانەکان بووەتە کێشە بۆ فێرخوازان"
خوێندکارانی خوێندنگە حکومییەکان بە زمانێک لە خوێندنگە دەخوێنن هەروەها خوێندکارانی خوێندنگە ناحکومییەکان بە زمانێکی دیکە، کاتێک دێنە زانکۆ و پەیمانگاکان جۆرە سەرلێتێکچوونێکیان بۆ دروست دەبێت، بە جۆرێک بۆ مامۆستاکەش دەبێتە قورسایی کە دەبێت بە چەند زمانێک بابەتەکە ڕوونبکاتەوە، ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەشدا، "پێویستە لە خوێندنگەکانی هەردوولادا باڵانس ڕابگیرێت و زمانەکان بە هاوبەشی فێری فێرخواز بکرێت، نەک گرنگی بە زمانی ئینگلیزی بدرێت و زمانی کوردی وەلا بنرێت، چونکە ئەگەر بەو جۆرە نەبێت زمانی کوردی بەرەو لەناوچوون دەچێت".