سینەما، بەرهەمی حەزی مرۆڤە بۆ بینینەوەی ساتەکان

مێژووی دروستبوونی سینەما بۆ ساڵانی ١٨٨٩ دەگەڕێتەوە، ئالیس گای بلاچی، یەکەم ژنە کە توانی دەرهێنان بۆ فیلمێک لەسەر شێوازی سینەماتۆگرافی بکات لە ساڵی ١٨٩٦دا.

سۆزیار عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- دەکرێت مرۆڤێک کە بۆ یەکەمجار وێنەدانەوەی خۆی دەبینێت تووشی سەرسوڕمان بێت لەگەڵ ئەوەشدا ھەستێکی خۆشی ھەبێت، بینینی خێرای غاردانی ئەسپێک سەرنج ڕاکێشە، بەڵام سەرنجڕاکێشیەکەی زیاتر دەبێت ئەگەر لە کاتێکی تردا دووبارە بتوانێت غاردانی ھەمان ئەسپ لە ھەمان کاتدا و بەھەمان شێواز ببینێتەوە، دەتوانین بڵێین دروستبوونی وێنە و وێنەی جوڵاو و سینەما بەرھەمی حەزەکانی مرۆڤ بوون، بەر لە دروستبوونی ھەر ئامێرێک بۆ گێرانەوەی چیرۆکەکان سود لە رووناکی و سێبەر بینراوە، بۆ نیشاندانی شێوەکان لەسەر پەردەیەک.

 

بە پێشکەوتنی کات ھەوڵدراوە لە ڕێگای تەکنیکەوە خەیاڵەکان بکرێنە ڕاستی، لە نێوان ساڵانی ١٨٨٩ بۆ ١٨٩٢ ئامێرێک دروستکرا بە ناوی کێنتۆسکۆپ، لە ڕێگەیەوە دەتوانیت سەیری وێنەی جوڵاو بکەیت، یەکەم نیشاندانی گشتی کێنتۆسکۆپ بۆ خەڵک لە ساڵی ١٨٩٣ بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەم ئامێرە بە ناوی ئەدیسۆن ناسراوە، بەڵام مێژوونوسان دەڵێن داھێنانی ئەم ئامێرە ناگەڕێتەوە بۆ یەک کەس، لەم ئامێرەدا تەنھا یەک کەس دەیتوانی سەیری وێنە جوڵاوەکان بکات لە ڕێگەی دەرچەیەکەوە، بۆیە ھەوڵدرا تا ئامێری تر دروستبکرێت و کێنتۆسکۆپ بووە بناغەیەک بۆ دروستکردنی ئامێری پەخشکەری وێنە.

 

ساڵی ١٨٩٥ لە پاریس برایانی لومێر فیلمێکیان بە ناوی "کرێکارەکان کارگە جێدەھێڵن" لە ڕێگەی ئامێرێکەوە بەرهەمهێنا کە خۆیان دروستیانکردبوو، بە ناوی سینەماتۆگراف، ئەم فیلمە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، لە ڕۆژی پەخشکردنی ئەو فیلمەدا لە ناو بینەرەکاندا، ژنێک ھەبوو بە ناوی ئالیس گای بلاچی، کە سکرتێر بووە لە کۆمپانیایەکی فۆتۆگراف، بینینی ئەو فیلمە و سەرنجڕاکێشیەکەی وای لێدەکات خۆی فیلمێک بەرھەمبھێنێت.

 

ساڵێک دواتر واتە لە ساڵی ١٨٩٦، ئالیس گای بلاچی دەرھێنانی بۆ فیلمێک کرد، کە بە یەکەم فیلمی خەیاڵی ناسراوە و ناوی "پەری کەلەرمەکان" یان "لەدایکبوونی منداڵ"ی لێنرا.

 

سەرەتا فیلمەکان زۆر کورت بوون

لە سەرەتادا فیلمەکان زۆر کورت بوون، ھەندێک لە فیلمەکان خولەکێک بوون، بە تێپەڕبوونی کات و دروستبوون و گەشەندنی پیشەسازی فیلم، فیلمەکان درێژتر بوون، ئەو سەردەمە شێوازی فیلمەکان بە گێڕانەوە و چیرۆکبێژی بووە، ھەتا خەڵک زیاتر پارەی بدایە بۆ بینینی فیلمەکان، پیشەسازی فیلمیش زیاتر پێشدەکەوت، جەنگی جیھانیی یەکەم کاریگەری زۆری لەسەر پیشەسازی فیلم دروستکرد بە تایبەت لە ئەوروپا، لەبەرئەوە پیشەسازی فیلم لە ئەمریکا پێشکەوت، یەکێک لەو خاڵانەی جیھانی ڕاستی لە فیلمەکان جیادەکردەوە ڕەنگ بوو، سەرەتای فیلمەکان رەش و سپی بوون، دواتر بە چەندین ڕێگای جیاواز ھەوڵدرا ڕەنگیان بۆ زیادبکرێت، یەکەم فیلمی ڕەنگدار ھەشت خولەک بووە لە ساڵی ١٩٠٨ بەرھەمھێنراوە بە ناوی "سەردانێک بۆ کەنار دەریا"، بە دوایدا چەندین فیلمی ڕەنگداری تر بەرھەمھێنران.

 

لە ناو فیلمەکاندا دەنگ نەبوو، بەشێک لەو دیالۆگانەی پێویستبوون دوابەدوای دیمەنەکان دەنووسران، میوزیک ئەگەر لەگەڵ فیلمەکەدا نەبووایە، ئەوە لە کاتی پەخشکردنی فیلمەکە پارچە میوزیک لەلایەن چەند ژەنیارێکەوە دەژەنرا، یاخود چیرۆکبێژێک دیالۆگی فیلمەکانی دەوت و باسی دەکرد، دواتر ھەوڵدرا دەنگی ڕێک لەگەڵ فیلمەکاندا دابنرێت.

 

یەکەم فیلم کە دەنگ و دیالۆگی ڕێكخراوی لەگەڵ دیمەن ھەبوو لە ساڵی ١٩٢٧ پەخشکرا بە ناوی "گۆرانیبێژی جاز"، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکەکانی فیلمدا، ناوەڕۆکی فیلمەکانیش گۆڕانکاری تێدا دروستبوو، بە درێژای کات فیلمەکان تەنھا بەڵگەنامەیی نەبوون، لە چەندین چیرۆک و ژانری جیاواز دروستبوون، پێشکەوتن لە فیلم و شێوازەکانی دروستکردنیدا ھەرگیز نەوەستاوە و بەردەوام لە بەرەوپێشچوون دایە، ئێستا فیلمەکان نەک وێنای ژیانی ئێمە دەخەنەوە بەرچاومان، بەڵکو ژیانی تریشمان بۆ دروستدەکەن.