دیدەن ئیسماعیل: پێویستە ژنان ئامانجی گەورەیان هەبێت و لێی نەترسن

لە پاش تەواوبوونی کۆلێژ و دەستنەکەوتنی کار لە بواری خۆیدا دیدەن و براکەی پێکەوە دەستیان کردووە بە دروستکردنی جوانکاری ناوماڵ و داهێنانێکی نوێ لەناو ماڵدا، گرنگترین شت بەلای دیدەنەوە، بەردەوامبوونە لەسەر ئامانج و شوێنکەوتنی خولیا و ئاوات.

 

شنیار بایز

سلێمانی- مەرج نییە سەرکەوتنی ژیانت لەو کۆلێژەدا ببینیتەوە کە تەواوت کردووە، دەکرێت جیا لە خوێندنەکەت لەپێناو سەرکەوتندا پەنا بەریتەبەر خەونەکانت، دەکرێت ڕێگای سەرکەوتنی هەرکەسێک خەونەکانی بێت نەک خوێندنەکەی.

دیدەن یەکێکە لەو ژنانەی لەدوای تەواوکردنی خوێندن و دانەمەزراندنی لە کەرتی حکومی و تایبەت، لەگەڵ براکەیدا شوێن خەونەکانی خۆیان کەوتوون، خەونێک کە داهێنانێکی تێدا کردووە خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات و بیرۆکەی نوێی بڵاوکردووەتەوە.

 

"پاش تەواوکردنی کۆلێژ هەوڵمدا ببمە خاوەنی کاری خۆم"

دیدەن ئیسماعیلی تەمەن ٢٨ ساڵ، کۆلێژی هونەر بەشی شێوەکاری تەواو کردووە تایبەت بە کارەکەی دەڵێت: ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ براکەم کاری دروستکردنی جوانکاری ناوماڵ دەکەین بە کۆنکرێت"، دیدەن کەرتی تایبەتدا کاری کردووە، بەڵام دواجار بڕیاریداوە ببێتە خاوەنی کاری تایبەتی خۆی، بۆ تەواوکردنی کەموکورتییەکانی پێوستی بە کەسێک بوو ببێتە تەواوکەری بۆیە بڕیاریدا لەگەڵ براکەی پێکەوە کاربکەن.

دیدەن و ئەنەسی برای کە کۆلێژی ئەندازیاری تەواو کردووە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیان کردووە بەم کارە، یەکەم کەس بوون کار بە کۆنکرێت بکەن، سەرەتایی کارکردنیان بە بەکارهێنانی تەختە دەستپێکردووە، بەڵام دواتر بیریان لەوە کردووەتەوە داهێنان و بەرەوپێشچوونێک بکەن لە کارەکانیاندا هەر بۆیە ماددەکەیان گۆڕی بە کۆنکرێت.

وەک دیدەن باسی لێوە دەکات فکرەی کارەکەی ئەنەسی برای پێیداوە، دوای ڕازیبوونی دیدەن بە کارەکە، لە نێوان خۆیاندا کارەکانیان دابەشکردووە، ئەنەس کاری دروستکردنی جوانکارییەکان دەکات، بەڵام دیدەن دیزاین و هەڵبژاردنی ڕەنگەکان دەکات.

 

"تەنها بە کۆنکرێت کار ناکەین، بەڵکو تێکەڵ بە ماددەی تر دەکرێت"

دەربارەی بەکارهێنانی مادەکان دیدەن وتی "تەنها کۆنکرێت بەکار ناهێنین بەڵکو ماددەی تری تێکەڵ دەکەین لە پێناو ئەوەی بەهێز بێت و نەشکێت، هەروەها ڕەنگی کۆنکرێتەکان ڕەنگی تایبەتن و پاش ئەوەی تاقیان دەکەینەوە ئینجا بەکاریان دەهێنین" جیا لەمانە جوانکاری دیکە لەناو پارچەکاندا بەکار دەهێنن وەک"gold live, rose gold".

هەروەها بۆ دروستکردنی هەر پارچەیەک هەفتەیەکی پێدەچێت چوونکە پێویستیە بە چەندین هەنگاودا تێپەڕببێت تا بە جوانی خۆی دەگرێت و وشک دەبێتەوە، هەڵبژاردنی هەر ڕەنگێکیش بە دڵی کڕیار دیاری دەکەن.

باسی لەوەشکرد سەرەتا کارەکەیان تازە بووە لەلای هاوڵاتیان، بەڵام دواتر داواکاری زۆری لەسەر بووە و تەواو جێی خۆی کردووەتەوە لەناو خەڵکیدا.

 

"دڵخۆشین بەوەی توانیومانە گەنجی دیکە بێنینە ناو بوارەکەوە"

دیدەن و ئەنەس ئەو چەند ساڵەی کاریان کردووە توانیویانە هەلی کار بۆ چەندین گەنج بە شێوەی جۆری ئیش و کاتژمێری کارکردن بڕەخسێنن، کە بە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی خۆیانی دەبینن، دیدەن وتیشی: "هەرکات کاری زۆرمان هەبێت و داواکاری هاوڵاتیان زۆربێت گەنجی دیکە کارمان لەگەڵ دەکات تا زووتر پارچەکان تەواو بکەین بیخەینە خزمەتی هاوڵاتی".

 

دیدەن بە تایبەت سوپاسی براکەی کرد و ڕایگەیاند "براکەم زۆر پشتیوانم بوو لەوکاتەی دەستم دایە کارەکە پێی دەوتم تۆ هونەرمەندی تۆ دەتوانی کارەکان بە باشی و بە جوانترین شێوە بەرهەم بهێنیت".

 

"هونەر هاوکاری کردووم لە کارەکەم، بەڵام هاوڵدان نهێنی سەرکەوتنە"

دیدەن دەرچووی کۆلێژی هونەرە تەواوکردنی خوێندن لەو کۆلێژە وای کردووە زیاتر کارەکانی هونەریتر بن، بەڵام وەک دیدەن باسی لێوەکرد، هەرکەسێک ئەگەر کۆلێژی هونەریشی تەواو نەکردبێت و توانای هەبێت دەتوانێت کاری جوانکاری و دیزاین بکات بە مەرجێک لە کارەکەیدا کۆڵنەدات تا دواجار بگات بە ئامانجەکەی.

 

"مەهێڵن ڕێگریەکان ببێتە هۆکاری وەستاندنت"

دیدەن ئاماژەی بەوەدا لە دەستپێکردنی هەموو کارێک ڕێگری زۆر دروست دەبێت، نزیکترین کەس هەوڵدەدا باوەڕت پێبکا کە لە ڕێی ئەوکارەی دەیکەی ناگەی بە ئامانج و سەرمایە بەڵام گرنگترین شت بەلای دیدەنەوە بڕوابوونە بە خۆی.

 

دیدەن بە ژنان دەڵێت: "هەموو کەسێک توانایەکی شاراوەی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە تواناکانی بدۆزێتەوە تا سەرکەوتوو بێت، ئامانجی گەورەتان هەبێت و لێی مەترسن، ئەنجامدانی یەکەم هەنگاو و بەردەوامبوون لەسەری هۆکارە بۆ سەرکەوتن لە ژیان".

ت.پ